هەپەگە ناسنامەی شەهیدانی هەرێمی بۆتانی ئاشکرا کرد

هەپەگە ناسنامەی ٣ گەریلای ئاشکرا کرد کە لە هەرێمی بۆتان شەهید بوون و راشیگەیاند، هەڤاڵە شەهیدەکانیان بە بڕوا و رۆحی فیدایی و بە خۆڕاگریەکەیانەوە، تێکۆشانی ئازادیان هەنگاوێکی تر نزیک کردەوە لە سەرکەوتن.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەم بارەیەوە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

"لە لێدوانێکدا لە ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠ رامانگەیاندبوو، سوپای داگیرکەر تورک لە ١٥ی ئەیلولدا لە کوێستانەکانی بەیتانی سەر بە جۆلەمێرگ دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکەری کردووە و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکی قورس و هێرشێکی ئاسمانیدا سێ لە هەڤاڵانمان بە ناوەکانی نەعمان و ئەیلەم و دیلان شەهید بوون. زانیاریەکان لە بارەی ناسنامەی ئەو هەڤاڵە شەهیدانەمان بەم شێوەیەیە:

نازناو: ئەیلەم رۆژەن

ناوی تەواو: لەیلا ئاجار

شوێنی لەدایکبوون: وان

ناوی دایک و ناوی باوک: هایال – عەلی

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ / بۆتان

***

نازناو: دیلان کۆچەر

ناوی تەواو: فۆزا بادر

شوێنی لەدایکبوون: دێرک

ناوی دایک و ناوی باوک: بێریڤان - محمد

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ / بۆتان

***

نازناو: نەعمان ئامەد

ناوی تەواو: حەمید کارتال

شوێنی لەدایکبوون: ئامەد

ناوی دایک و ناوی باوک: عەزیزە - محمد

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ / بۆتان

هاوڕێکانمان ئەیلەم و دیلان و نەعمان لە ناو کەشوهەوایەکی وڵاتپارێزیدا لەدایک بوون، لە کاتێکدا بوو کە قۆناغی ژیانەوەی نەتەوەییمان دەستی پێکردبوو و گەلەکەمان راپەڕینی بەرپا کردبوو. لە ناو کلتوری خۆڕاگریی تێکۆشاندا، گەورە بوون. لە دژی سیاسەتی قڕکردن کە دەوڵەتی داگیرکەر بەسەر گەلەکەماندا دەسەپێنێت، تێگەیشتن کە خۆڕاگری، بریتیە لە تێکۆشانی هەبوون و مانەوە و ئەرکی سەرەکی نەتەوەییە. بۆیە هەر یەکەیان لە کاتێکی جیاوازدا بڕیاریاندا بەشداری لە ریزەکانی ئازادیدا بکەن. لە فەلسەفەی قوڵی رێبەر ئاپۆدا شارەزا بوون و بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی کەسایەتی ملیتانی ئاپۆی و گەریلای پرۆفیشناڵی سەردەم و خۆیان بە تاکتیک و رێبازەکانی دەولەمەند بکەن، رەنج و هەوڵێکی زۆریاندا. ئەو سێ هەڤاڵەمان کە بوون بە نموونەی هاوڕێیەتی جوان و ملیتانی قارەمان و خاوەن هەڵوێست، بۆ ئەوەی لە باکوری کوردستان لە دژی شەڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستنەوە کە بە هەموو دەرفەت و بە پشتیوانی چەتەکانیەوە بەڕێوەی دەبات، روویان لە بۆتان کرد. بۆ ئەوەی لە بۆتان هێڵی سەردەمی نوێی گەریلایەتی بە باشترین شێواز پراکتیزە بکەن، کارێکی سەرکەوتووانەیان ئەنجامدا. هەڤاڵانمان ئەیلەم و دیلان لە هەر گۆڕەپانێکی کوردستان کە خەباتیان کردبێت، ببوون بە نوێنەری خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنانی کورد و هێڵ و بزوتەوەی ژنانی ئازادی ئاپۆیی.

دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک لە بەردەم خۆڕاگریی گەریلاکان بێچارە ماوە و کردەوەکانی خۆی بۆ قڕکردنی گەلی کوردی گەش کردووەتەوە. تاکە رێگای تێکۆشانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و رێبازی مانەوە، بەهێزکردنی تێکۆشانی شەهیدە قارەمانەکانمانە. هاوڕێکانمان ئەیلەم و دیلان و نەعمان ئەمانەتی خۆڕاگریە مێژوویەکەی شەهیدەکانیان وەرگرت و بە هەمان رۆحی فیداییانە و بە هەمان بڕواوە تێکۆشان و بە رۆحی خۆڕاگری و قارەمانیەتی خۆیان، تێکۆشانی ئێمەیان هەنگاوێکی تر نزیک کردەوە لە سەرکەوتن. میراسی تێکۆشان کە ئەو هاوڕێیانەمان بە رەنج و بڕیارداریەکی گەورەوە، بۆیان بەجێ هێشتین، بۆ ئێمە فەرمانی سەرکەوتنە. سەرخستنی تێکۆشانە رەسەنەکەمان کە هەڤاڵە شەهیدەکانمان گیانیان بۆ بەخت کرد، بنچینەییترین رێنوێنیمانە.  

بە تایبەت سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە هێژاکانی هەر یەک لە هاوڕێ شەهیدەکانمان ئەیلەم و دیلان و نەعمان و گشت گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و بەڵێنیش دەدەین کە هیوا و ئاواتی ئەو هاوڕێ شەهیدانەمان بەدی دێنین."

ز.ش