هەپەگە ٣ بارەگای داگیرکەرانی تارومار کرد و ٥ داگیرکەری سزادا

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی چالاکیی گەریلاکانی لە گردی کۆردینەی هەفتانین دژی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێرانەی جەنگی هەفتانین، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ، دژی سوپای داگیرکەری تورک لە گردی کۆردینە لە ناوچەی هەفتانیان چالاکییان ئەنجامدا، لەم چالاکییەدا دوو مۆڵگە کرانە ئامانج و داگیرکەرانی ناویشی سزادران، هەر لەسەر ئەو گردەدا مۆڵگەیەکی دیکە کە جبەخانەی تێدا بوو سوتێندرا و لەناوبرا، لەو چالاکییەدا پێنج داگیرکەر سزادران.

لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش هاتووە: ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە کاتژمێر ١١:٣٠ بۆ ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک دەوروبەری گوندی ڕوسێ لە بەکتۆریایان بۆردوومانکرد.

هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٢:٠٠ بۆ ٠١:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ، مەیدانی چیلۆی بچوک لە گەلیی جولەمێرگ بۆردوومانکرا، هەر ئەو ڕۆژەش کاتژمێر ٠٦:٢٠ خولەک بۆ ٠٧:٠٠ی ئێوارە ناوچەی کوڕەژارۆ لە زاپ بۆردوومانکرا، لەو بۆردوومانەدا زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە.

ف.ق