وەزارەتی تەندروستیی هەرێم: ٤١ کەسی تر لە هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هەرێم رایگه‌یاند، لە بەردەوامیی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ٤١ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (COVID-19) لە شاری ھەولێر دەستنیشانکران، کە ١٧ ئافرەت و ١٥ پیاو و ٩ منداڵن.

بەپێی راگەیاندراوەکەى وەزارەتی تەندروستی، ٢ لە تووشبوەکان لە شاری سۆران، ٣ کەسی تریان لە ناحیەى سیدەکان و یەکێکى تریان لە گوندی هەڵەجەى بچووک تووشبوون و ئەوانی تریشیان هەموویان لە ناو شاری هەولێر و لە گەڕەکەکانی (کانی گەلی، ئاڵتون سیتی، شێخ ئەحمەد، کارێزان، زانکۆ، چنار، مامۆستایان، ١٢١ی گوڵان، ژیان، زیلان سیتی) دان.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، زۆربەی زۆریان بەرکەوتەی تووشبووەکانی ھەردوو پرسەی ماتەمینی گەڕەکی کارێزانی شاری ھەولێرن و دوو تووشبووی دیکەیان پێشینەی گەشتیان ھەبووە.

لە راگەیاندراوەکەى وەزارەتى تەندروستیدا هاتووە:

"لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، چل و یەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری ھەولێر دەستنیشانکران، کە ١٧ ئافرەت و ١٥ پیاو و ٩ مناڵن کە بە ھەموو تەمەنە جیاوازەکان، دوو لەوان لە قەزای سۆران و سێ لە ناحیەی سیدەکان و یەك لە گوندی ھەڵەجەی بچووك وە ئەوانی تر لە ناو شاری ھەولێرن لە گەڕەکەکانی (کانی گەلی، ئاڵتون سیتی، شێخ احمد، کارێزان، زانکۆ، چنار، مامۆستایان، ١٢١ی گولان، ژیان، زیلان سیتی) کە زۆربەی زۆریان بەرکەوتەی تووشبووەکانی ھەردوو پرسەی ماتەمینی گەرەکی کارێزانی شاری ھەولێرن وە دووی دیکە پێشینەی گەشتیان ھەبووە".

ژ.ت