پلاتفۆرمی هۆرام سوپاسی یەکگرتوویى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان دەکات

پلاتفۆرمی هۆرام لەبارەى مانگرتنە سەرتاسەرییەکەى رۆژهەڵاتى کوردستان و پەیامەکانى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان بۆ  رژێمى ئێران راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەیاندا سوپاسی یەکگرتوویى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان کراوە.

لە راگەیاندراوەکەى هۆرامدا هاتووە "مانگرتنی گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان رفراندۆمیک بو، بە واتای کۆتایهاتنی  دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامیی ئێران، چونکە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای لە سێدارەدانی چەندین لاوی کورد و هەروەها هێرشی تێروریستی رژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ سەر نەیارانی ، بە رێکخستنی مانگرتنی گشتی ١٢ سپتامبر جارێکی دیکە سیاسەتە وەحشیگرانەکەی رژیمیان شەرمەزار کرد".

پلاتفۆرمی هۆرام لە راگەیاندراوەکەیدا ئەوەشى خستووەتەڕوو "بەرخۆدان ، فیداکاری ، یەکیەتی و بەردەوام بوون لە تێکۆشان لە ٤٠ ساڵی رابردوو جێگای شانازی و تەقدیری شۆڕشگێرانەیە. گەلەکەمان نیشانی دا کە بە هووشیاریەکی گشتی و یەکیەتییەکی نەتەوەیی لە بەرامبەر داگیرکاریی دەسەڵات گەیشتوە . هەروەها نیشانی دا کە تەنیا رێگای تێکشکاندنی دەسەڵات، یەکیەتی و پێکەوە بوونە".

بەپێى راگەیاندراوەکەى هۆرام "رێکخستنی بوونی مانگرتنی ١٢ سپتامبر و بەشداری زۆری گەل لە بەرامبەر سێدارەدانی چەندین لاوی کورد و هێرشی تێروریستی رژیم لە ناوخۆ بۆ سەر گریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و  و دەرەوەی ئێران بۆسەر بنکەکانی حدک و حدکا لە کۆیە ، نیشانیدا کە رژیم لە سەر سیاسەتی شەرخوازی خۆی بەردەوامە و هەر وەها گەلەکەمان حازر نییە چرکەیەک لە خواستەکانی خۆی دەست هەلبگرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە "رژیمی کۆماری سێدارە لە ٤٠ ساڵی رابردوو لە رێگای سێدارە ، تۆقاندن ، شەر ، کۆشتن ، ئەشکەنجە ، سەرکوتی ئازادی تاکەکەسی و کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان  ویستویەتی تێکۆشانی گەلی کورد کۆتایی پێ بێنێت . بەڵام مانگرتنی ١٢ مانگ نیشانی دا کە ئەو گەلە تەسلیم نابێت و تا گەیشتن بە ئازادی،  بە ئامانجەکانی خۆی وەفادار دەمێنێت".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى پلاتفۆرمی هۆرامدا ئەوەش هاتووە "پلاتفۆرمی هۆرام، سەرەرای قەدردانی و حۆرمەت بۆ گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ ئەم چەشنە چالاکییانە نیشان ئەدات. هە وەها سەرەخۆشی  بۆ بنەمالەی شەهیدانی رێگای ئازادی دەنێرێت. پلاتفۆرمی هۆرام سۆز ئەدات تا گەیشتن بە مافی رەوای گەلەکەمان لە هەموو تێکۆشانێکی مەدەنیانە و بە حەق خاوەنداریەتی بکات. هەر وەها بۆ کۆتایی هێنانی باڵادەستی دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوای یەکیەتی نەتەوەیی گەل و نزیکایەتی حزب ، رێکخراوەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان بۆ تێکۆشانی هاو بەش لە ژێر چەترێکی نەتەوەیی دەکات. لە سەر ئەم ئەساسە حازرە کە لە گەل هەر هێزێکی دیموکراتیک، ئازادیخواز و خاوەن بەرپرسیارێتی بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلەکەمان هاوکاری و تێکۆشان بکات" .

ر.م