پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووسانی لقی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە وان

لەبەر ئەوەى رۆژنامەنووسانی لقی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە وان لە راپۆرتەکانیاندا سەلماندبوویان، کە سەروەت تورگوت و عوسمان شیبان لە کۆپتەرهەڵدراونەتە خوارەوە، پۆلیس هەڵیکوتایە سەریان و ٤ رۆژنامەنووسی دەستگیرکرد.

پۆلیسی تورک ئەم بەیانییە هەڵیکوتایە سەر لقی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە وان و ماڵی پەیامنێرانی ئەو ئاژانسە. لەو هەڵکوتانەدا عەدنان بیلەن و جەمیل ئۆغور پەیامنێرانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، شەهریبان ئابی پەیامنێری ژن نیوز و نازان سالای رۆژنامەنووس دەستگیرکران. پۆلیس لە ماڵی ئەو رۆژنامەنووساندا دەستیگرت بەسەر کامێرا و کەلوپەلی تەکنیکیی ئەو پەیامنێر و رۆژنامەنووسانەدا.

هاوکات پۆلیس لە نووسینگەى ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە وان دەستیکردووە بە پشکنین و رێگا بە پەیامنێرانی ئاژانسەکە نادەن، کە هاوکات لەگەڵ پشکنینەکەدا لە نووسینگەى ئاژانسەکەیاندا بن و رێگانادەن پشکنینەکە بە ئاگاداریی رۆژنامەنووسەکان بەڕێوەبچێت. پۆلیسەکان شەهریبان ئابی-یان لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ بەشی راگرتنی نووسینگەى پۆلیس.

رۆژنامەنووس جەمیل ئۆغوریش دەستگیرکرا. ئەو رۆژنامەنووسە بە بەڵگەوە لە راپۆرتەکانیدا رووداوی هەڵدانە خوارەوەی سەروەت تورگوت و عوسمان شیبانی لە کۆپتەرەوە لەلایەن سەربازانی تورک لەناوچەى شاخێ لەوان سەلماندبوو و ئەو تاوانە دژە مرۆییەی بۆ رای گشتیی ئاشکرا کردبوو.

تورگوت لە دوای ئەوە لە کۆپتەرەوە لەلایەن سەربازانی تورکەوە هەڵدرایە خوارەوە دوای ٢٠ رۆژ مانەوەى لە بەشی چاودێریی وردی نەخۆشخانەی وان گیانی لە دەستدا. باری تەندروستیی عوسمان شیبانیش ناجێگیرە و هێشتا چارەنووسی نادیارە. لە دوای ئەوەش پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان بڵاوکردنەوەى هەر جۆرە هەواڵ، راپۆرت، ڤیدیۆ، وێنە، لێدوان و روماڵی لەسەر ئەو رووداوە قەدەغە کرد.

ژ.ت