پێکهاتەکانی شەنگال: بڕیاری دژی ئیرادەی شەنگال قبوڵ ناکەین

پێکهاتەکانی شەنگال کە دژی ڕێککەوتنی بەغدا – پەدەکە، ڕێپێوانیان ئەنجامدا، لە مەیدانی “قەبایل” لێدوانێکیان خوێندەوە و ڕایانگەیاند:  بڕیاری دژی ئیرادەی شەنگال قبوڵ ناکەین.

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە لە بەغدای پایتەخت، لە نێوان حکومەتی عێراق و هەولێر بەبێی بەشداریی بەڕێوبەریی شەنگال و نوێنەرانی ناوچەکە، لەسەر شەنگال ڕێککەوتنێک واژۆکرا و بڕیاردرا کە ئاسایشی شەنگال سەربە بەغدا بێت، لە ڕووی ئیداری و خزمەتگوزاریشەوە بە شێوەی هاوبەش لەلایەن هەولێر و بەغداوە بەڕێوەببرێت.

دوای ڕێککەوتنەکە کە بووە جێی ناڕەزایەتیی خۆبەڕێوبەریی شەنگال، ڕایانگەیاند، کە ئەو بڕیارە ئیرادەی ناوچەکەی لەبەر چاو نەگرتووە و قبوڵی ناکەن، پێکهاتەکانی ناوچەکەش بڕیاریاندا ئەمڕۆ بە ڕێپێوان و لێدوان داواکارییەکانیان بخەنەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا، پێکهاتەکانی شەنگال لە؛ ئێزدی، عەرەب، سوننە، شیعە، سەرۆک عەشیرەتەکان، باوەڕمەندان، ڕێکخستن و پارتەکانی ناوچەکە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوەندی شەنگال گردبوونەوە.

لە نێو ڕێپوانەکەدا جەماوەری خەڵک پانکارد کە لەسەری نوسرابوو ‘ئێمە هەربڕیارێک کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی شەنگال نەکات، ڕەتدەکەینەوە – ئێمە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سەر شەنگال قەبووڵ ناکەین’ بەرزکرابوونەوە.

جەماوەری خەڵک لە ناوەندی شەنگالەوە بەرەو مەیدانی ‘قبایل’ ڕێپێوانیان کرد، دوای ڕێپێوانەکەش ڕاگەیەندراوێک بە زمانی عەرەبی بۆ ڕای گشتی لەلایەن مامۆستا ڕحام حەسەن، خوێندرایەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

لە کاتێکدا کە نە هێزەکانی عێراق و نەش هێزەکانی هەرێم لە بەرامبەر چەتەکانی داعش شتێکیان نەکرد، ئێمە وەک هەموو نەتەوەکانی شەنگال بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بەرخۆدانمان کرد و بۆڕزگارکردنی شەنگال و ئێزدیان قوربانییەکی زۆرمان دا.

ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە کە پێشتگیری خۆمان بۆ بڕیاری گەڕانەوەی هەموو ئێزدیان، سەرلەنوێ ئاوەدان کردنەوەی شەنگال و چارەسەرکردنی کێشەکان نیشان بدەین، ئەمە داواکاریی هەمیشەیی ئێمە بووە.

بەڵام لەم کاتەدا، بێ ئیرادە و بەشداربوونی کەسانێک کە لەڕێگایڕزگاری ئەم ناوچەیەدا قوربانیمان داوە، هەروەها بەبێ بەشداربوونی خانەوادەی هاوڵاتییەڕفێندراوەکان، لەسەر بەڕێوبەریی شارەکەمان بڕیار دراوە، ئەم بڕیارە لەلایەن کێیەوە دراوە، کێی پشتیوانیی دەکات، گرنگ نییە، ئێمە بەم شێوەیە قبوڵی ناکەین.

دەمانەوێت وەک خەڵکی شەنگال داواکارییەکانمان بە کورتی بخەینەڕوو:

١- لەسەر بەڕیوبەریی شارەکە، چ بڕیارێک بدرێت پێویستە خەڵکی شەنگال تێیایدا جێی بگرن

٢- بۆ دانوستانەکان لەسەر شەنگال و بەشداربوونی گەلانی ناوچەکە، پێویستە لیژنەیەک دابمەزرێت.

دوای خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕێپێوانەکە کۆتاییهات.

ف.ق