پەردەی دووەمی ٩ی تشرینی یەکەم – ٧ –

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ناچار بوو ٩ی تەشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕواتە دەرەوە و وتی "لەم ساتە بە دواوە من بۆ کوێ بچم لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنم بەردەوام دەبێت".

عەبدوڵا ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٣ لەو پارێزنامەیدا، کە پێشکەشی دادگای سزا قورسەکانی ئەسینای کرد، کە ئۆجالانی تیادا دادگایی دەکرا بە ناوی (پارێزنامەى ئەسینا بۆ ئەندامانی دەستەى دادوەریی و دادگای سوێندخواردووی تێکەڵی ئەسینا) هەموو شتێکی بە شێوەیەکى ئاشکرا خستووەتەڕوو.

هاوکات لەگەڵ هۆکارە گشتییەکان و کاریگەرییەکان لەسەر بڕیاری رۆیشتنی بۆ ئەسینا و بۆ ئەوروپا وتی، بڕیارەکەى کاریگەری بوو بە بەڵێن و پەیمانەکەى کۆستاس بادوڤاس وەزیرى پیشووی راگەیاندنی یونان و پەرلەمانتاری 'پاسۆک – PASOK' (حیزبى سۆسیال دیموکراتی یونانە بە ناوی بزووتنەوەى پان هلەنیک و لە یونان پێى دەوترێت پوزک) و لە درێژەدا رایگەیاندووە: "بادوڤاس رۆژی ٦ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ لە شام لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵمدا بە شایەتیی ئایفەر کایا رایگەیاند، ١٠٩ پەرلەمانتاری پەرلەمانى یونان تۆیان بانگهیشت کردووە بۆ یونان و وتى، حکومەتى یونانیش پشتیوانى لە چوونەکەى تۆ دەکات بۆ ئەسینا. وتیشی، ئەو گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەى خۆی تاوەکو دەستبکات بە ئامادەکاری بۆ چوونەکەى من. بەڵێنى دا کە لە فڕۆکەخانەى ئەسینا بە دەممەوە بێت و پێشوازیم لێ بکات.

لەسەر ئەو بنەمایە، رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ لە فڕۆکەخانەى شامەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیى سوریا رووم لە ئەسینا کرد. کاتێک فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هێللینکۆنی ئەسینا نیشتەوە، بادوڤاس کە خۆی بانگهێشتی کردم و بەڵێنى دابوو، کە هەموو شتێکی ئامادە کردووە و بەڵێنی دابوو بێت بۆ فڕۆکەخانە و پێشوازیم لێ بکات، دیارنەبوو و نەهاتبوو. ئێمە چاوەڕێى بادوڤاس بووین، بەڵام ئەوەى هات بۆ لامان ساڤاس کالینیدیس و بەرپرسێکى باڵاى دەزگاى هەواڵگریی یونان بوو بە ناوی ستاڤاراکاکیس. لە ٩ی تشرینی یەکەم و کاتێک ئێمە لە فڕۆکەخانەکە بووین ئایفەر کایام لەگەڵ بوو، زۆر هەوڵیدا لە رێگەى تەلەفونەوە پەیوەندی بە بادوڤاسەوە بکات تاوەکو بێت بۆ فڕۆکەخانەکە و لەسەر بەڵێنەکەى بێت. لە ئەنجامدا بادوڤاس وتى "من ناتوانم هیچ بکەم و کارێکیش نییە، کە ئەنجامی بدەم، لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەدام" و نەهات...

دواتر ئاشکرا بوو، بۆ ئەوەى من لە سوریا بێمە دەرەوە و بکەومە تەڵەی یونان، بەریتانیا لە رێگەى بادوڤاسەوە دەستبەکار بوو بوو. بانگهێشتەکەى بادوڤاس، کە بۆ خۆی لەلایەن بەریتانییەکانەوە پەروەردە کرابوو، یەکەم هەنگاوی پیلانگێڕییەکەى ئەمریکا – بەریتانیا – سیمیتس بوو. لەو ساتە بە دواوە من بۆ هەر کوێ بڕۆیشتبام، لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە بەشێوەیەکى زۆر چڕوپڕ چاودێری و کۆنترۆڵ-یان دەکردم.

بە ترس و هەڕەشەیەکی گەورەوە پێیان وتم، دەبێت هەر ئەمڕۆ تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە لێرە بڕۆیت، ئەگەرنا بە زۆر دەرت دەکەین. هەڵوێستێکی بەوجۆرەیان بەرامبەرم نواند. نە چاوەڕێى ئەو دۆخەم دەکرد و نە بۆیشی ئامادە بووم. چوار بۆ پێنج کاتژمێر لە بەشی ترانزێتی فڕۆکەخانەکەدا راگیراین. دواى ئەوەی بانگهێشتنامە لەلایەن ماهیر وڵات (نومان ئوچار) نوێنەری ئێمە لە رووسیا ئامادە کرا و لە رێگەى فاکسەوە نێردرا، ستاڤاراکاکیس وتی، لە باڵیۆزخانەى رووسیا دۆست و ناسراوی هەیە و کاروباری ڤیزەکە ئەنجام دەدات. وەزارەتى دەرەوەى یونان زۆر بەخێرایى فڕۆکەیەکى تایبەتى ئامادە کرد و هەر ئەو رۆژە (٩ی ئۆکتۆبەر – تشرینی یەکەم) منی برد بۆ مۆسکۆ".

کاتێک رێبەری گەلی کورد گەیشتە مۆسکۆ یەکێک لەو کەسانە، کە هات بۆ پێشوازیکردنی ڤلادیمیر ژیرۆنۆڤسکی بوو، کە ژیرۆنۆڤسکی لەو کاتەدا جێگر سەرۆکی دوما (پەرلەمانی رووسیا) بوو. عەبدوڵا ئۆجالان یەکەم شەو لە ماڵی ژیرۆنۆڤسکی میوان بوو و لەوێشەوە ئەوی برد بۆ ماڵێک لە چیایەکەدا. لەو نێوانەدا 'داوای پەنابەریی سیاسیی' پێشکەشی بەرپرسانی ئەمنیی رووسیا و ئەو کەسانە کرد،  بەرپرسیاری دابینکردنی ئاسایشی بوون، بەڵام وەک ئەوەى لە یونان روویدا، لە رووسیاش 'مافی پەنابەریی سیاسی' کە مافێکی یاسایی دەوڵەتی روسیا و مافێکیشە لە ماف نێونەتەوەییەکان، بۆ عەبدوڵا ئۆجالان پەسەند و قبوڵ نەدەکرا.

مامەڵەى چەپەڵی نێوان مۆسکۆ – ئەنقەرە

لە رۆژی دووەمدا، کە عەبدوڵا ئۆجالان رۆیشت بۆ رووسیا، مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیرانی تورک، کە لە ئانتالیاوە دەچوو بۆ مەلەتییە لە فڕۆکەدا لەگەڵ رۆژنامەوانی تورکدا قسەى کرد و یڵماز لە وەڵامی پرسیاری "دەبێت ئاپۆ چووبێت بۆ کوێ؟" وتی، "دەبێت رۆیشتبێت بۆ رووسیا، ئەرمینیا و لوبنان، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم رووسیا ئاپۆ قبوڵ بکات". لە راستیدا لە ١١ی تشرینی یەکەم بە دواوە زانیاریی هەواڵگری و سیخوڕی لەسەر وێستگەکان و رێگاکانی عەبدوڵا ئۆجالان بە رێکوپێکی بە ئەنقەرە رادەگەیەندرا، بەڵام دەوڵەتی تورک نەیخواست سەرنجەکان بخاتە سەر رووسیا، چونکە مامەڵە و سەودایەکی چەپەڵ و قێزەون لە پشت دەرگاکانەوە دەستیپێکردبوو و هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتبوو.

کاتێک مامەڵەکە بەردەوامبوو، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بوونی عەبدوڵا ئۆجالانیان لە رووسیادا لە رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد. لەو کاتەدا محەمەد عەلی ئیرتەم چەلیک یاریدەدەری راوێژکاری وەزیری دەرەوەى تورکیا رۆیشت بۆ مۆسکۆ و نامەى مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیرانی رادەستی یەڤگینی پیرۆماکۆڤی سەرۆک وەزیرانی رووسیا کرد. لە نامەکەدا بۆ رادەستکردنی رێبەری گەلی کورد پێشنیازی سەودا و مامەڵەى ئابووری لەلایەن تورکیاوە بۆ رووسیا خرابووە روو. لە کاتی ئەو مامەڵەیەدا عەبدوڵا ئۆجالان داوای 'پەنابەریی سیاسی' لە دۆما (پەرلەمانی رووسیا) کرد.  

لەو نێوانەدا و لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا بۆ پیرۆزباییکردنی ٧٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا سەرنجەکان چووبوونە سەر ئەنقەرە. یەکێک لەو کەسانە بانگهێشتکرا بۆ ئەنقەرە ئیگۆر ئیڤانۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بوو، کە نامەى پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی رووسیای بۆ مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیرانی تورک لە جانتاکەیدا بوو. پریماکۆڤ لە نامەکەیدا وتبووی، رێبەری گەلی کورد لە رووسیا دەردەکەن. یڵماز نامەکەى پشتڕاستکردەوە و وتی، "ئەو وەڵامەی، کە چاوەڕێی بووین لە رووسیاوە پێمان گەیشت".

گەورە جەنەڕاڵ کڤرک ئۆغڵو سەرۆک ئەرکانی گشتیی تورک هەمان رۆژ بۆ راگەیاندنەکان قسەى کرد و بەم قسانە سەرنجەکانی راکێشایە سەر مامەڵە قێزەون و چەپەڵەکەیان لەگەڵ رووسیا و وتی "ئەگەر رووسیا ژیر بێت ئەوە پشتیوانی لە ئاپۆ ناکەن. لەوێ سەرمایەگوزارییەکی ١٠ ملیار دۆلاریمان هەیە. ئەوروپا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە خۆی لە رووسیا دووردەخاتەوە، بەڵام ئێمە بەردەوامین لەسەر کارەکانمان لە رووسیا، ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە بەهێزتر بێت".

ئەمریکا رایگەیاند 'نابێت هیچ وڵاتێک مافی پەنابەریی پێ بدات'

لەو رۆژانەدا کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئیدارەکەى پریماکۆڤ لە دانوستانی دیپلۆماتیک دا بوو، دۆمای رووسیا داواکەى ئۆجالانی بۆ پەنابەریی سیاسی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە و لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا بڕیاری خۆی لەبارەى ئەو داوایەى ئۆجالانەوە ئاشکرا کرد. بە ٢٩٨ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر یەک دەنگی سپی دا مافی پەنابەریی سیاسی ئۆجالان قبوڵ کرا، لە مانایەکی تردا بە کۆی دەنگ مافی پەنابەریی ئۆجالان قبوڵ کرابوو، بەڵام ئەمجارە هەندێک هێزی تری نێونەتەوەیى بەشداری پرۆسەى تەنگاوکردنی مۆسکۆیان کردبوو.

جەیمس روبین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا لەبارەى وەڵامی پرسیاری "دۆما بڕیاریداوە مافی پەنابەری بە سەرۆکی پەکەکە بدات، هەڵوێستی ئەمریکا لەوبارەیەوە چییە؟". جەیمس رۆبین لە وڵامدا وتی "مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەکەکەى بە رێکخستنێکی تیرۆر ناساندووە. ئێمە داوامان لە حکومەتی رووسیا کردووە، کە لێکۆڵینەوە بکات تاوەکو بزانێت ئۆجالان لە رووسیایە یان نا، بە خێرایی دەری بکات یان بۆ رادەستکردنی هەنگاوی پێویست بنێت".

ئەو بەرپرسەى ئەمریکا لە هەمان لێدوانیدا سەرنجی خستەسەر بانگهێشتی هەندێک لە پەرلەمانتارانی یونان بۆ ئۆجالان و وتی "نابێت هیچ وڵاتێک مافی پەرنابەری بە تیرۆریستێک بدات. دووبارەی دەکەمەوە، هیچ وڵاتێک".

ئیدی دۆخەکە روون بوو بووە. ئیدی بەرپرسان و بەڕێوەبەریی واشنتۆن-یش لە کاردان. هەر خۆی ئۆجالان لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا کاتێک لە رێگەى تەلەفونەوە بەشداری بەرنامەى مەد تیڤی بوو رایگەیاندبوو، ئەوە بە رێککەوت نییە، کە پیلانگێڕییەکە لە دژی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ەوە دەستیپێکردووە و لەوبارەیەوە وتی "شتێکی تری سەیر هەیە، دەبێت بۆ ئەمریکییەکان گرنگ بێت. ٩ی تشرینی یەکەم رۆژی کوشتنی گیڤارایە. سەرنجڕاکێشە، کە هەمان ئەو رۆژە هەڵبژێردراوە. لەو بڕوایەدام هەندێکیش لەبەر ئەوە دەیانەوێت ئێمە لەگەڵ یادی ئەو شۆڕشگێڕە گەورەیەدا بکەن بە یەک".

چاوەڕێی رێز لەوانە نەبوو، کە سۆڤیەتیان فرۆشتبوو

ئەو بەرسەرهاتە لە رووسیا ماوەى ٣٣ رۆژ بەردەوام بوو. رێبەری گەلی کورد دواتر لە پارێزنامەکەیدا بۆ دادگای ئەسینا لەبارەی کردنەدەرەوەى لەلایەن بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی رووسیاوە وتی، "پریماکۆڤ بڕیارەکەى دۆمای قبوڵ نەکرد، لەو نێوانەدا قەیرانی ئابووریی رووسیا رۆڵێکی گرنگی هەبوو. هەر خۆی رووسیا لە ناو قەیرانی داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشان و داتەپین دا بوو، کە دوای رئال سۆسیالیزم لە سۆڤیەت روویدابوو. پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی رووسیا و بۆریس یەڵتسین سەرۆک کۆماری رووسیا یەک لە خیانەتەکارە گەورەکانی رئال سۆسیالیزم بوون. بەرژەوەندیی ئابووری و هەواڵگری و سیخوڕیی شاراوە – قێزەون پەیوەندیی بەو دۆخەوە هەبوو و دۆخی من چەند ستراتیژیکیش بوو، بەڵام لەلای ئەوان من بۆ فرۆشتن لەبار بووم. نەدەبوو من چاوەڕێ بومایە ئەو کەسانە، کە سیستمی گەورەی سۆڤیەتیان فرۆشتووە رێز و حورمەت لە بەهاکانی ئازادی بگرن.

مۆسکۆ، کە یەکێکە لەناوەندە بژاردەکانی شارستانیەتی کاپیتالیست، گەمەی نامەردانەی خۆی لە دژی سۆسیالیزم گێڕا، لە کێشەى منیشدا بە شێوەیەک، کە زیاتر باو و شێوەیەکى روون نەبوو، بەبێ ئەوەى بە خۆیدا بشکێتەوە و شەرم لە خۆی بکات گەمە و یاریی دەکرد. بڕیاری ٢٩٨ پەرلەمانتار لە بەرامبەر ١ پەرلەماندا (٢٩٨/١) بۆ قبوڵکردنی پەنابەریی سیاسیی من لەلایەن پریماکۆڤەوە هیچ مانایەکی نەبوو و هەڵوێستێکی بەدەر لە هەموو یاسا و مافەکان لە دژی ئەو بڕیارە لەخۆی نیشاندا. دەیانخواست لە ناو ئەو قۆناغەدا بە زۆر من بەسەر ئاسمانی تورکیادا ببەن بۆ قوبرس. بەرپرسێکی هەواڵگریی رووسیا بە ناوی هیبا چیلی، کە ئەو کاتە لەگەڵ دەمایەوە وتی، 'ئێمە قوبرسمان بۆ تۆ ئامادە کردووە و ئێوە دەڕۆن بۆ ئەوێ'. ئەوە ئۆپراسیۆنی لەناوبردنی من بوو. کاتێک بیستم، ئەو گەشتە بەسەر ئاسمانی تورکیادا دەبێت، بە ئەگەری ئەوەیە، کە فڕۆکەکە لە ئاسمانی تورکیا بکرێتە ئامانج و تێکبشکێنرێت، یان لە ئەنقەرە بینێشێننەوە، من ئەو رێگایەم قبوڵ نەکرد".

سبەی: ٦٦ رۆژ لە رۆما و رۆڵی ئەڵمانیا   

ژ.ت