ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بومەلەرزەکەی خارپێت گیانیان لەدەست داوە گەیشتە ٣٥ کەس

ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەکەی شەوی ٢٤ی مانگ لە خارپێتی باکوری کوردستان لە زیادبووندایە. بە پێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە ٣٥ کەس. بۆ یارمەتیدانی بەرکەوتووانی بومەلەرزەکەش هەدەپە کەمپینێکی راگەیاند.

دوای بومەلەرزەکەی شەوی ٢٤ی ئەم مانگە کە گوڕەکەی ٦.٨ پلەی ریختەر بوو، ناوەندەکەشی ناوچەی سیڤریجەی خارپێت بوو، هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوام،. لە گەڕەکەکانی مستەفا پاشا و سورسورو کە بومەلەرزەکە زۆرترین کاریگەریی لێ کردوون، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی ٤ کەسی دیکەیان لە ژێر داروپەردووکاندا دەرهێناوە. بەم پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە ٣٥ کەس.

هەدەپە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیاند

رێکخستنی هەدەپەی شاری ئامەد بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە، دەستی بە کەمپینێک کرد.

لە لێدوانێکدا، رێکخستنی هەدەپە بانگەوازێکی بۆ کۆکردنەوەی خێمە، بەتانی، خواردن، پێداویستی منداڵان و ژنان و جلوبەرگی راگەیاند.

رێکخستنی هەدەپەی ئامەد لە لێدوانەکەدا رایگەیاند، هاوکاری و یارمەتییەکان لە شارەوانی ئەرخەنی کۆدەکرێنەوە و دواتر رادەستی بەرکەوتووان دەکرێت. لە لێدوانەکە هەروەها رادەگەیێنرێت کە هەر کەسێک بییەوێت، دەتوانێت بە رێگای رێکخستنەکانی هەدەپە لە شار و شارۆچکەکان، هاوکاری بگەیێنێتە بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە.

ز.ش