کەجەکە: دەبێت سیستمى پەروەردەى تورک رەتبکرێتەوە
سیستمى پەروەردەى دەوڵەتى تورکی پشتبەستووە بە نکۆڵکیردن و سڕینەوەى هەموو مافە رۆشنبیری و نەتەوەییەکانى گەلی کورد و نەتەوەکانى تر قبوڵ ناکات و وەکیەک لێکردن بەسەریاندا دەسەپێنێت.
سیستمى پەروەردەى دەوڵەتى تورکی پشتبەستووە بە نکۆڵکیردن و سڕینەوەى هەموو مافە رۆشنبیری و نەتەوەییەکانى گەلی کورد و نەتەوەکانى تر قبوڵ ناکات و وەکیەک لێکردن بەسەریاندا دەسەپێنێت.
کۆمیتەى پەروەردەى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند "پەروەردە بە زمانى دایک وەک شیری دایک حەڵاڵ و رەوایە. بۆ ئەوەش دەبێت سەرەتا منداڵی کورد، گەنجان، مامۆستایان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان لە هەموو شوێنێکدا داواى پەروەردە بە زمانى دایک بکەن".
کۆمیتەى پەروەردەى کەجەکە بە بۆنەى ساڵی نوێنى خوێندنەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا هاتووە:
"ئەمڕۆ رۆژی کردنەوەى خوێندنگەکانە. منداڵان و گەنجان داهاتوو و زامنى داهاتووى کۆمەڵگەن. ئەو کۆمەڵگەیانە کە نەتوانن داهاتووى خۆیان بپارێزین ناشتوانن بوونی خۆیان بپارێزن. لە مێژووی نزیکى کورد و کوردستاندا نمونەى زۆر ئازاراویى لەوبارەیەوە هەیە. مێژووی نەژاپەرست و داگیرکەری کۆمارى تورکیا، ئێران، رژێمی بەعسی سوریا و عێراق مێژووی سڕینەوەى جەستەیى و فیزیکی رۆشنبیریی گەل کورد و کوردستانە. ئەمڕۆش ئەو مێژوو و سەپاندنە بەسەر گەلانى کورد، ئەرمەنی، ئاسووری – سوریانی – کلدانی و هەروەها باوەڕیى ئێزدی، عەلەوی و یارسان ... هتد درێژەى هەیە. سڕینەوەى رۆشنبیری بە بەردەوامی و شانبەشانی سڕینەوەى جەستەیى بەڕێوەدەبەن. ئەوەش بەشێوەیەکى تایبەت لە رێگەى سیستمى پەروەردە لە خوێندنگەکانى ئەو رژێمە پاکتاوکارانەدا بەسەر گەل و کۆمەڵگەکەماندا دەسەپێنرێت.
بە خوێنى هەزاران شەهید
رژێمە داگیرکەرەکان سڕینەوەى رۆشنبیرییان تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سیستمى نکۆڵیکار و پاکتاوکاریاندا بەڕێوەبردووە. لەگەڵ دامەزراندنى پەکەکەدا رێگری لە سیاسەتى نکۆڵیکردن – سڕینەوە و پاکتاوکردنى جەستەیى و رۆشنبیری کرا. تاوەکو قۆناغی پێش دروستبوونى پەکەکە زمان و رۆشنبیریى کورد و کوردستان گەیەندرابوویەوە لێوارى لەنابردن و سڕینەوە. پێش هەموو شتێک لە سایەى تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و بە رەنج و خوێنی دەیان هەزار شەهید، ئازادی و گەڕانەوە بۆ سەر گەوهەری راستەقینەی بوونی خود، هاتەدی. ئەوەش لە کوردستاندا رێگای لە بەردەم ژیانەوە و خۆنوێکردنەوە و پێشکەوتن کردەوە.
هەنگاوێکى گەورە و مانادار
ئێستا لە کوردستان ملیۆنەها منداڵ و گەنجی کورد، عەرەب و سوریانى بە زمان و رۆشنبیریى خۆیانەوە لە خوێندنگە ئازادکراوەکانیاندا لە خوێندنگەى سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ پەروەردە دەکرێن. هەر چەند ئەوە لە بەرامبەر سیستمى پاکتاوکار و سڕینەوەدا بەسیش نەبێت، بەڵام ئەوە بۆ کۆمەڵگە و منداڵان و کۆمەڵگەى کوردستان هەنگاوێکى زۆر گەورە و مانادارە. هەموو مامۆستایان و خوێندکارانى هێژا و خاوەن کەرامەتمان لەو بوارەدا رەنجیان داوە و رنجیش دەدەن و ئێمەش لە دڵەوە پیرۆزباییان لێدەکەین.
دەبێت داواى پەروەردە بە زمانى دایک بکرێت
ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان ساڵی نوێى خوێندن دەستپێدەکات. سیستمى پەروەردەى دەوڵەتى تورک، کە پشتبەستووە بە نکۆڵیکردن و سڕینەوەى هەموو مافە رۆشنبیری و نەتەوەییەکانى گەلی کورد، نەتەوەکانى تریش قبوڵ نکات و وەکیەک لێکردن (بە تورک کردن) بەسەریاندا دەسەپێنێت. پێویستە لە بەرامبەر ئەوەدا منداڵان، گەنجان و مامۆستایان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان و رای گشتیى دیموکراتیک بەرەنگاریى ئەو عەقڵییەتە نەژادپەرست و فاشیستییە بکەن و ئیدانەى بکەن. مافی پەروەردە بە زمانى دایک وەک شیری دایک حەڵاڵە و پێویستە منداڵان، گەنجان، مامۆستایان و گەلی کوردی وڵاتپارێز لە هەموو شوێنێکدا داواى مافى پەروەردە بە زمانى دایک بکات.
دەبێت خەبات بەهێز بکرێت
لە سەردەمی نوێی پەروەردەدا پێویستە خەباتى پەروەردەى نەتەوەى دیموکراتیک و زمانى دایک بەهێز بکرێن. پێویستە لەو چوارچێوەیەشدا هەموو ماڵێک، کۆڵان و باخچە و هەر بستە خاکێکی کۆمەڵگە بکرێتە خوێندنگە، فێرگە و ئەکادیمیایەک.
بەو بۆنەیەوە ئێمە ساڵی نوێى خوێندن لە هەموو منداڵان و گەنجانی خوێندکار، مامۆستایان، فەرمانبەران و رەنجدەرانی پەروەرە بە تایبەتى لە کەمپى مەخمور، شەنگال و رۆژئاو و هەر چوار پارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات پیرۆز دەکەین و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
ئێمە یەکەم رۆژی ساڵی نوێى خوێندنی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە مامۆستاى مامۆستاکان رێبەر ئاپۆ، رەنجدەران و فەرمانبەرانى پەروەردە و لە هەموو خوێندکاران و گەلانى کوردستان پیرۆز دەکەین".
ر.م