کەرکوک، هاوڵاتیان لەدژی گرانی نرخی کارەبای مۆلیدەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

هاوڵاتیانی شاری کەرکوک لە دژی گرانبوونی نرخی کارەبای مۆلیدەکانی گەڕەک، لەبەردەم پارێزگای شارەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

ئەمرۆ یەکشەممە لە شاری کەرکوک لەلایەن هاوڵاتیانی شارەکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلیەکان بەرێژەیەکی پێوانەیی کە نرخی یەک ئەمپێر ١٣ هەزار دیناری عێراقییە، ئەمەش هاوڵاتیانی کەرکوکی نیگەران کردووە بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئیستادا کە وڵات بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی سیاسی و ئابوری بە دۆخێکی خراپدا دەروات و هاوڵاتیان توانای ئابوریان لاوازە.

خۆپیشاندەران داوای چاوپێکەتنیان کرد لەگەل راکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدات سەبارەت بە گرانی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلیەکان.

مامۆستا محەمەد فایق ڕەشید ئەندامی گروپی شەقام بۆ داکۆکی لە مافی هاوڵاتیان، سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی ئەنجامیانداوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "لە ئیستادا نرخی ئەمپێرێکی کارەبا لەشاری کەرکوک ١٣ هەزار دینارە ئەمەش بارگرانیەکی گەورەیە لەسەر شانی هاوڵاتیانی شاری کەرکوک بەتایبەت کەسانی هەژار و کەم دەرامەت، گرانی نرخی کارەبای مۆلیدە تەنانەت بۆ کەسانی مووچەخۆریش زۆرە چونکە لە ئیستادا وڵات بە قەیراندا تێپەردەبێت و مووچەی مووچەخۆران بەردەوام دوا دەکەوێت و کەم دەکرێتەوە."
سەبارەت بە داواکارییەکانیان مامۆستا فایق محەمەد بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئێمە چەند خالێکمان هەیە کە یەکەم داواکاریمان کەمکردنەوەی نرخی کارەبای مۆلیدەیە بۆ پێنج هەزار دینار هەروەها داواشمان کردووە پارەی کۆکردنەوەی خۆل و خاشاک نەمینێ کە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەم پارەیە کۆدەکرێتەوە لە کاتێکدا شاری کەرکوک بەشێوەیەکی بەرچاو خۆل و خاشاک دایپۆشیوە."

ز.ش