گەنجانی شەنگال لەدژی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات چالاکییەکی بە بەمەشخەڵیان ئەنجامدا

بەشداری ڕێکخراوەکان و چالاکانی مانگرتوولەخواردن و گەنجانی شەنگال بۆ ئیدانەکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵائۆجالان ڕێپێوانێکی بەمەشخەڵیان ئەنجامدا.

بەبۆنەی ٢٠هەمین ساڵی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، شەوی ڕابردوو گەنجانی شەنگال خۆپیشاندانێکی بەمەشخەڵیان ئەنجامدا، کە  مانگرتووان لەخواردن و ڕێکخراوەکانی شەنگال-یش بەشدارییان تێدا کرد.

خۆپیشاندانەکە لە بەردەم خوێندنگای زەریڤا ئۆسێ دەستپێکرد و تا مەیدانی شەهیدان بەدەوام بوو، لەکۆتایی چالاکییەکەدا باسم عەلی لێدوانێکی بە نوێنەرایەتی گەنجانی شەنگال خوێندەوە.

لە لێدوانەکەدا سەرەڕای ئیدانەکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی، داوا لە هەموو گەنجانی ئێزدی کرا، کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و تێکشکاندنی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە کوردستان تێکۆشان بکەن، ئاماژە بەوەش درا، کە بۆ کوردستانێکی ئازاد کاتی بەهێزکردنی تێکۆشان و بەرخۆدانە.