جەنگاوەرانى تۆڵەى گەلانى یەکگرتوو چالاکییەکەى تۆکاتیان لە ئەستۆ گرت

جەنگاوەرانى تۆڵەى گەلانى یەکگرتوو (HBİM) چالاکییەکەى ناوچەى گەشتیاریى ئەربا-یان لە پارێزگاى تۆکات-ی تورکیا لە ئەستۆ گرت.

جەنگاوەرانى تۆڵەى گەلانى یەکگرتوو (HBİM) لە راگەیاندراوێکدا چالاکیى تەقینەوەى رۆژی ٤ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١٣ی پووشپەڕی لە ناوچەى گەشتیاریى ئەربان لە پارێزگاى تۆکات لە ئەستۆگرت و رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بە داهاتى کەرتى گەشتیاری چیاکانى کوردستان بۆردومان دەکات و ئاگریانتێبەردەدات و زوڵم لە گەل دەکات. پێشتریش رامانگەیاندبوو، کەرتى گەشتیارى سەرچاوەى داهاتى ئەو دەسەڵاتەیە، کە پێداگری لەسەر شەڕ دەکات، بۆیە ئەو کەرتە و ئەو دەسەڵاتە دەکەینە ئامانج.

جەنگاوەرانى تۆڵەى گەلانى یەکگرتوو راشیگەیاندووە "دەوڵەت لە چیاکانى کوردستان هەموو سروشت و ژینگە وێران دەکات و جینۆسایدى ژینگەیى بەڕێوەدەبات و ئەوانەى لە کۆشک دەژین لە رێگەى داهاتى کەرتى گەشتیاریى ناوچەکانى ترەوە ئەو تاوانە ئەنجام دەدەن".

لە راگەیاندراوەکەدا گەشتیاران ئاگادارکراوەتەوە، کە ناوچەکە ئەمن و ئارام نییە و ئەوەشى تیادا هاتووە "گەشتیاران سەردانى ئەو ناوچانە نەکەن، کە بوونەتە ناوەندی داهاتی بلۆکی فاشیت. لە دژی بلۆکی فاشیتیى ئاکەپە – مەهەپە، کە دەوڵەتەکانى ئێوە پشتیوانیی لێدەکەن، بێدەنگ نەبن و ناڕەزایەتى دەرببڕن".

جەنگاوەرانى تۆڵەى گەلانى یەکگرتوو (HBİM) چالاکیى تەقینەوەى رۆژی ٢٩ی حوزەیرانى ٢٠١٩ / ٨ی پووشپەڕ لە دژی وێستگەى تەلەفزیۆنى شاخی لیمان لە پلاموتبوکو لە ناوچەى داتاچا لە پارێزگاى مۆغڵا و چالاکیی رۆژی ٢ی تەمموزی ٢٠١٩ / ١١ی پووشپەڕ لە دژی ئۆتێل گراند ئەفە و ئۆتێلەکانى دەورووبەری لە ئیزمیر لە ئەستۆ گرت.

ر.م