میدیاکارانی کوردستانی بانگەوازێکیان راگەیاند

میدکارانی کوردستانی بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی پۆلیسی بەلجیکا بۆ سەر دامەزراوەکانی راگەیاندی ئازاد ستێرک تیڤی و مەدیاخەبەر تیڤی لە شەوی ٢٣ی نیسان، بۆ بەشداری لە چالاکیەک لە بەردەم کۆشکی داد لە بروکسێل بانگەوازیان راگەیاند.

لە دەقی بانگەوازەکەدا هاتووە، کە پۆلیسەکان لە کاتی هێرشەکەدا تێکدانێکی گەورەیان ئەنجامداوە و داوایان کرد پشتیوانی لە میدیای کوردی بکرێت.

ناوەرۆکی بانگەوازەکە بەم جۆرەیە:

"شەوی ٢٣ی نیسان، لەلایەن ٢٠٠ پۆلیسەوە لە دژی ستۆدیۆکانی کەناڵە کوردیەکانی ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر تیڤی هێرشێکی نایاسایی ئەنجامدرا.

پۆلیسەکان رێگەیان نەدا کە خاوەنەکانی کۆمپانیا و کارمەندانی تەلەڤزیۆن لە کاتی پشکنیندا بجنە ناو بیناکەوە. پۆلیسەکان لە گەڕانکەدا وێرانکاری و تێکدانی گەورەیان ئەنجامدا؛ دەرگاکانی ستۆدیۆکانیان شکاندووە، پانێلەکانی پەخش لە شوێنەکانیان دەرهێندراون، کێبڵەکان پچڕاون، مێزەکان هەڵوەشێندراون و تەنانەت زیانیان بە ئینجانە و گوڵدانەکانیش گەیاندووە.

راگەیەندراوە کە ئەو هێرشە گوماناوی و نایاساییە لەسەر داوای وڵاتێکی دیکە ئەنجامدراوە.

بەداخەوە کە کاربەدەستانی بەلجیکا بەشداری لە سات و سەودای چەپەڵ لە گەڵ ئەو دەوڵەتانەدا کردووە، کە گەلی کورد و راگەیاندنەکەی قەدەغە دەکەن.

ئەو هێرشە وێڕای ئەوەی لە دژی مافی راگەیاندنی کوردانە، هەروەها لە دژی ئازادی راگەیاندن و بەها دیموکراتیکەکانیشە.

ئمە وەک رۆژنامەوانان، رۆشنبیران، نوسەران و خەباتکارانی میدیای کوردستانی رایدەگەیەنین کە ئێمە هەرگیز ئەوە قەبوڵ ناکەین و هەروەها ئەو کردەوە چەپەڵانە شەرمەزار دەکەین.

بەتایبەتی دامەزراوە میدیاییەکانی بەلجیکا، ئێمە داوا لە هاوپیشە رۆژنامەوانانمان و هەموو رای گشتیی دەکەین کە لە دژی ئەو کردەوە ناڕەوایە بێدەنگ نەبن و دەنگیان بۆ پشتیوانی لە راگەیاندنی کوردی هەڵبرن.

لەبەر ئەوە ئێمە داوا لە هەموو کەس دەکەین کە بەشداری لە گردبوونەوەیەک بکەن کە لە ژێرناوی "راگەیاندنی ئازاد کپ ناکرێت" کە رۆژی شەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١٣:٠٠ لە بەردەم کۆسکی داد لە بروکسێل (Place Poelaert 1, 1000 Bruxelles) سازدەکرێت.

بەشداربوون و پشتیوانیتان بەهێزترمان دەکات".

هـ. ب