سیاسەتمەدارانی هەدەپە لەزینداندا دەستیان بە بایکۆی 'وەرنەگرتنی خواردن' کرد

سیاسەتمەدارانی هەدەپە کە لەئەنجامی ئۆپەڕاسیۆنی سیاسیدا دەستگیرکراون، دەستیان بە بایکۆتی وەرنەگرتنی خواردن کرد.

ماوەی ڕاگرتنی سیاسەتمەدارانی هەدەپە لە زینداندا کە لەئەنجامی ئۆپەڕاسیۆنی قڕکردنی سیاسیدا دەستگیرکران، بۆ ٤ ڕۆژی تر درێژکرایەوە. پەرلەمانتارانی هەدەپە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە لەبارەی دۆخی هەڤاڵانیان کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

نەجدەت ئیپەکیوز پەرلەمانتاری هەدەپەی ئێلح لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسیەکەدا قسەی کرد و وتی،"بڕیاری ڕاگرتنی هەڤاڵانیان بڕیارێکی نایاسایی و سیاسیە. هەڤاڵانمان ٤ ڕۆژە نازانن بۆچی دەستگیرکراون. بەڵام لەسەر راگەیاندنەکان هەوڵی شێواندنی دۆخەکە دەدەن. هەڤاڵانمان لەو جێگایانەی کە دەستگیرکراون، بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، نەک بەپێی ستاندارتی ژیان بەڵکو وەک دوژمنێت ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت. ئەشکەنجە دەدرێن. لە چاوپێکەوتنەکانیاندا لەگەڵ پارێزەراندا ئاڵۆزی دروست دەکەن. بە باشی خواردن و خواردنەوەیان پێنادرێت.

ئیپەکیوز باسی ئەوەشی کرد کە سیاسەتمەدارە دەستگیرکراوەکان بۆ شەرمەزارکردنی ڕەفتارەکانی بەرپرسانی دەوڵەت دەستیان بە 'بایکۆتکردنی وەرگرتنی خواردن' کردووە و وتی،"پێویستە بە زوترین کات وتەی هەڤاڵانمان وەربگیرێت. ئێمە ئەم هەڵوێستە شەرمەزار دەکەین."

ف.ق