کەنەکە: جەژنی رەمەزان لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆزبێت

کەنەکە بە بۆنەى هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکى پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و جەژنی رەمەزان لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکى پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و جەژنی رەمەزان لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد.

کەنەکە راشیگەیاندووە "لەبەرامبەر هێرش و داگیرکاریشدا بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکرێت. شەڕی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی ئێمە بە هەموو شێوازێک بەردەوامە. بێگومان گەلی کورد  لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی تر، ئەو خەڵکەی جاران نین. ئێستا هۆشیارەو لە ناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتکی سەردەمیدایە. ئیدی نە دەرۆزەکەری بەردەرگای زۆردارانەو نە بەو درۆیانە دەخەلەتێ و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات. ئیدی هیوای بە خۆی و رێبەرایەتی خۆی و تێکۆشانی خۆی هەیە".

دەقی جەژنە پیرۆزەکەى کەنەکە

جەژنی رەمەزان لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆزبێت

سبەینێ جەژنە، جەژنی رەمەزانە. بەداخەوە جەژنی ئەمساڵ لە رەوشێکی زۆر ئاڵۆزدا دەکرێت. جەژنی ئەمساڵ بە قۆناغێکی مێژووییدا بەسەر گەلی کوردستان و گەلانی جیهاندا تێپەڕدەبێت. ئێستا دنیا بە گشتی بەرامبەر پەتای کۆرۆنا لە هەوڵێکی زۆردایە. مخابن خەڵک ناتوانن ئەم جەژنە بە شێوەیەکی ئاسایی بکەن و ماڵ بە ماڵ بگەڕێن و پیرۆزبایی لە یەکتر بکەن. ئەم قۆناغە بۆ گەلانی جیهان چارەنووسازە. بەڵام لە هەموو حاڵێکدا جەژن بە واتاکانی خۆیەوە پیرۆز دەکرێت. جەژن لەم رۆژە سەختانەدا هێزێکە و ئیرادەیەکی زیاتر بە خەڵک دەدات تا لەبەردەم نەخۆشی و بۆ ئاواکردنی ژیانێکی باشتر بە ئاشتی بەختەوەریی.

لەم دۆخە ئالۆزەشدا دوژمنانی ئێمە راناوەستن و بەردەوامن لە هێرشەکانیان. لە باکور و رۆژاواو باشوری کوردستان، هێرشی قڕکردن و لەناوبردن هەر بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا بەشێکی رۆژاوای کوردستانی داگیرکردووەو دەیەوێ هەموو دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەو پارچەدا لەناوبەرێت. دەمێکیشە رووی لە باشووری کوردستان کردووە و رۆژ دوای رۆژ داگیرکارییەکانی لەو بەشەشدا فراوانتر دەکات. ئەمە لە کاتێکدا کە باشووری کوردستان خۆی لە قەیرانی قووڵدایە. لە رۆژهەڵاتیش دۆخی ئاڵۆز هەر بەردەوامە. رۆژانە بە ناوی پاراستنی سنوورەوە کۆڵبەرو کاسبکاری کورد دەکوژرێن. لە لایەکی دیشەوە گرتن و ئەشکەنجەو لەسێدارەدان بەردەوامن.

لەبەرامبەر هێرش و داگیرکاریشدا بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکرێت. شەڕی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی ئێمە بە هەموو شێوازێک بەردەوامە. بێگومان گەلی کورد  لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی تر، ئەو خەڵکەی جاران نین. ئێستا هۆشیارەو لە ناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتکی سەردەمیدایە. ئیدی نە دەرۆزەکەری بەردەرگای زۆردارانەو نە بەو درۆیانە دەخەلەتێ و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات. ئیدی هیوای بە خۆی و رێبەرایەتی خۆی و تێکۆشانی خۆی هەیە.

ئێمە بەهیواین و لەو بڕوایەشداین کە گەلی کوردستان لە دەرفەتێکی نزیکدا بە ئارامی و ئاشتی و ئازادیی، جەژن و ئاهەنگی شادیی دەگێڕێ. بەم بۆنەیەوە جەژنی رەمەزان، سەرەتا لە زیندانیان و جەنگاوەرانی ئازادی، لە گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلامیی پیرۆزدەکەین.

ژ.ت