تاقانەیەکی ئەنفال: بە نەوتی هەرێمی کوردستان تورکیا شەڕی لەناوبردنی کورد دەکات

سەبرییە ئەحمەد ژنێکی تاقانەی ئەنفالە لە شاری کەرکوک داوادەکات ڕێگری بکەن لە چوونی نەوتی باشوور بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لەشەڕی دژی کورددا بەکارنەهێنرێت.

سەبریە ئەحمەد عەلی ژنە تاقانەیەکی ئەنفالە لە شاری کەرکوک، داوا لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە چیتر نەوت بە تورکیا نەفرۆشن، چونکە تورکیا بە پارەی نەوتی هەرێمی کوردستان شەڕی لەناوبردنی گەڵەکەمان دەکات، ئیستاش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا، پاش رۆژئاوا بەدڵنیایەوە هێرشەکەی بۆسەر باشوورە.

سەبریە ئەحمەد عەلی، تەمەنی ٦٠ ساڵە ، تاقانەیەکی ئەنفالە و دانیشتووی شاری کەرکوکە، دەربارەی هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و بەرخۆدانی شکۆمەندی شەڕڤانان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

دوو براژن، پێنچ برا، مام ، ئامۆزا، باوک و دایک ،خاڵ، خوشک وخالۆزاکانی سەبرییە ئەحمەد سەرجەمیان ئەنفال کراون و سەبرییە بەتەنها ماوەتەوە ، هەروەها کوڕەکەی و هاوژینەکەی شەهیدکراون دەشلێت: ئەمرۆ بێت یان سبەی کورد رۆژێک دێت هەر سەردەکەوێت، بنەماڵەکەشم لەو پێناوەدا گیانیان بەختکرد.

سەبریە ئەحمەد عەلی ڕەخنە لە سیاسەتی ئابوریی حکومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت:" تا كەی ئەم نەوتەی ئێمە بۆ توركیا بڕوات، تورکیا بە داهاتی نەوتی هەرێم شەڕی لە ناوبردنی گەلی کورد دەکات، دەیدەن بە فیشەك و دەینێن بە سینگمانەوە.

ف.ق