دەوڵەتى تورک لە سەردەمی کۆرۆناشدا پشوویەک بە دوژمنایەتیکردنی کوردان نادات!

لە کاتێکدا هەموو دونیا کار بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە لە کوردستان دەستیان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە و دەست دەگرن بەسەر شارەوانییەکانى هەدەپەدا و چالاکی و خۆپیشاندانیش قەدەغە دەکەن.

ڤایرۆسی کۆرۆناش بەشی ئەوە ناکات دەوڵەتى تورک پشوویەک بە دوژمنایەتیکردنی کورد بدات. هەر وەک سەرتاسەری جیهان لە باکووری کوردستانیش ژمارەیەکى زۆر لە کوردان بەپێی تواناییەکانى بەردەستیان لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنادان.

شارەوانییەکانى هەدەپە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ پسانەوە شەو  و رۆژ لە کاردان و حکومەتەکەى ئاکەپەش تاوەکو ئێستا لە شارەکانى باکووری کوردستان هیچ رێوشوێنێکى لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگرتوەتەبەر.

بە تایبەتی سەدان پەنابەر کە لە ئێرانەوە چوونەتە وان و شارەکانی تری ناوچەکە هیچ پشکنینێکیان بۆ ناکرێت و بەوەش مەترسیی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر زیادیکردووە. ئەو دۆخەش مەترسییەکى گەورەی بۆ سەر ژیانى خودی پەنابەرانیش دروستکردووە.

ئێستا رۆژەڤی هەموو دونیا ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەڵام دەوڵەتى تورک لەلایەک تەندروستیی گەلی پشتگوێخستووە و لەلایەک دەستگرتووە بەسەر شارەوانییەکانی ئێلح و ٨ شارەوانیی تری سەر بە هەدەپەدا. ئەو رژێمە بەوەش تێرناخوات و لە کوردستان چەند ناوچەیەکى تری بە ناوچەی قەدەغە کراو راگەیاند و دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کرد و هاوکات هەموو چالاکی و خۆپیشاندانێکیشی قەدەغە کردووە.

ئاکەپە لە ٢٣ی ئادارەوە ١٦ گوند و لادێی بەدلیسی کردووە بە ناوچەی قەدەغەکراوە و هەموو جۆرە هاتوچۆیەکى تیایاندا قەدەغە کردوە و لەو گوندانەشدا دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە.

قەدەغەکاریی ئەو رژێمە بەسەر شاری وان دا، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سەپێنراوە، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناشدا بەردەوامیی هەیە و جارێکیتر ئەو قەدەغەکارییە لە ٢٤ی ئادارەوە تاوەکو ٧ی نیسان درێژکرایەوە.

لە جۆلەمێرگیش ماوەى ٢٥٠ رۆژە بە بەردەوامی قەدەغەى هاتوچۆ بەردەوامیی هەیە و تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ لابردنی ئەو قەدەغەکارییەى بەسەر گەلدا سەپێنراوە.

ژ.ت