سوپاى تورک بە فڕۆکە و تۆپخانە گوندەکانی برادۆستی بۆردومانکرد

جارێکیتر فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانى سوپاى تورک بۆردومانی ھەرێمی برادۆستی کرد. بەهۆی ئەو بۆردومانەوە ئاگر بەربووەتەوە لەوەڕگەکان و زیانێکى زۆر بە ژینگەی ئەو هەرێمە گەیشتووە.

هاوکات لەگەڵ ساڵیادى ئەنفالی گەلی کورد، فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر دوێنێ ١٤ی نیسانی ٢٠١٩ / ٢٥ی خاکەلێوە لە کاتژمێر ١١:٠٠ تاوەکو ١:٠٠ چیاکانى شەکیو، مارەمەلا و کەمکۆرای-یان لە سنووری برادۆست بۆردومانکرد.

هەروەها ئێوارەى دوێنێ کاتژمێر ٢:٠٠ بۆ ٣:٣٠ سوپای تورکی داگیرکەر بە تۆپ و هاوەن لە چیادێلی ھەرێمی لێلکانەوە ھەر یەک لە گوندەکانی خەلیفان و خواکورک و ئەرمووشی تۆپباران کرد. بە هۆی چڕیى تۆپبارانەکەوە لەوەڕگە و پاوەن و دارستانی ھاووڵاتییانی ئەو سنوورە زیانیان پێگەیشتووە و بەشێکیان سوتان.

ر.م