لە تۆپبارانى سوپاى تورکی داگیرکەردا ٢ سەر مانگای هاووڵاتییان لە سیدەکان برینداربوون

سوپاى تورکی داگیرکەر لە بنکە سەربازییەکانییەوە لە ناو خاکى باشووری کوردستان کوێستانەکانى سیدەکانى تۆپباران و هاوەنبارانکرد و بەو هۆیەوە ٢ سەر مانگای هاووڵاتییانیان بریندارکرد و ئاگریان بەردایە کوێستانەکانى ئەو ناوچەیە.

سوپاى تورکی داگیرکەر دوێنێ لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە کوێستانەکانى سیدەکانى بۆردومانکرد. لە دواى بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان، سوپاى تورکی داگیرکەر لە بنکەى سەربازییان لە چیادێل کە لە ساڵی رابردووە و لە دواى داگیرکردنى چیادێل دروستیان کردووە، بە تۆپ و هاوەن کوێستانەکانى سیدەکانیان بۆردومانکرد.

سوپاى تورکی داگیرکەر لە کاتژمێر ٦:٣٠ تاوەکو ٩:٠٠ لە چیادێل-ەوە لە رێگەى تۆپ و هاوەنەوە گەرووی سیران، دەروا، بێسنۆک و قەلەڕەشیان تۆپباران و هاوەنبارانکرد و بەو هۆیەوە ٢ سەر مانگای هاووڵاتییانیان بریندارکرد.

بەهۆی ئەو تۆپباران و هاوەنبارانەى سوپاى تورکی داگیرکەرەوە ئاگربەربووەتە سنووری کوێستانەکانى ئەو ناوچانە و زیانێکى زۆر بە لەوەڕگە و کوێستانەکانى ئەو ناوچانە گەیشتوون.

سەبازانى سوپاى تورکی داگیرکەر، کە خۆیان بە دووەم سوپاى ناتۆ دەزانن و لە رێگەی چەک و تەکنەلۆژیاى ناتۆوە شەڕی بزووتنەوەى ئازادیى گەلی کوردستان دەکەن، رۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠١٩ / ٢١ی خاکەلێوە لە چیادێل-ی نزیک ناوچەی لێلکان-ی برادۆست تەقەیان لە گوندنشینان و شوانەکان و ئاژەڵەکانیان کرد و لە ئەنجامدا ٣ سەر مانگای هاووڵاتییانیان کوشت.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ماوەى زیاتر لە ساڵێکە ناوچەکانى سیدەکان و برادۆستى داگیرکردووە و زیاتر لە ٨ بنکەى تری سەربازیى لەو ناوچانەدا دروستکردووە. لەو بنکە سەربازییانەوە راستەوخۆ تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن و گوندەکان دەدەنە بەردەستڕێژی گولـلە. ئەو سوپا داگیرکەرە جگە لەوانەش لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە بە بەردەوامی ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات.

سوپاى تورکی داگیرکەر لە چوارچێوەى جینۆسایدی سپی و سڕینەوەى هەموو مۆرک و شوێنەوارەکانى کوردستاندا، لە رێگەى فڕۆکە جەنگییەکانییەوە تاوەکو ئێستا ٢٥ شوێنەوارى مێژوویى برادۆستى کردووەتە ئامانج و خاپووری کردوون.

ئەو سوپا داگیرکەرە بە بەردەوامیش بە فڕۆکەى سیخوڕی بە سەر هاووڵاتییانى ئەو ناوچانەدا دەسوڕێتەوە و چاودێری هاووڵاتییان لە کاتى کارکردن لەسەر زەوییەکان، باخە و رەزەکان و لە کاتى کاری رۆژانەیاندا دەکات.

سوپاى تورکی داگیرکەر و میتەکانى سەرباری راگەیاندنی قەدەغەى هاتووچۆ لە چەندین گوندی ئەو ناوچەیە و هەوڵی دروستکردنى گروپی چەکدار و سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەموو هەوڵەکانیان شکستیان هێناوە بەرامبەر هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیە، چونکە ئامانجی ئەو سوپا داگیرکەرە ئەوەیە لە رێگەى سیاسەتى بە سوتمانکردنەوە ناوچەکە لە هاووڵاتییان چۆڵ بکات.

 

ر.م