کەرکوک، یەکەم رۆژی پرسەی شەهید دەمهات باهۆز بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک لە مەراسیمێکدا یەکەم ڕۆژی پرسەی شەهید ڕێبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز بەڕێوەچوو.

لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێز و کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە مەراسیمێکدا یەکەم ڕۆژی پرسەی شەهید ڕێبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز بەڕێوەچوو و یادی ئەو شەهیدە بەرز ڕاگیرا.

رۆژی سێشەممەی ڕابردوو هەپەگە ناسنامەی ٦ گەریلای ئاشکرای کرد، کە لە ئاڤاشین شەهید بوون و وتی: "هاوڕێکانمان رۆناهی، نەسرین، بەرفین، ماریا، دەمهات و دەڤران، لەنێو نەمرانی کوردستان جێگەی خۆیان گرت و بوونە سیمبولی نەمریی دوارۆژی ئازادیی گەلەکەمان."

لە دەقی بڵاوکراوەکەی هێزی پاراستنی گەل (هەپەگە)دا هاتبوو: " لەدژی پیلانی رەتکردنەوە و لەناوبردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لەدژی راستیی کورد و کوردستان بەڕێوەدەچێت، گەلەکەمان بە بەرخۆدانێکی بەهێزی مێژوویی وەڵامدەداتەوە، هێڵی بەرخۆدن کە بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دیاربووە، بە شێوەیەکی بێوەستان گەیشتووەتە هێڵی ئەم سەردەمە. پارتەکەمان پەکەکە کە لەسەر ئەم هێڵەی بەرخۆدان بنیاتنراوە، بۆ رەنجی پیرۆزی شەهیدان بە سەرکەوتوویی بگاتە ئامانج، تێکۆشان هەموو رۆژێک گەورەتر دەکات، ئۆپەراسیۆنی داگیرکەری کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەوی ٢٣ی نیسان دەستیپێکرد، لەلایەن گەریلاکانی ئازادی کوردستانەوە بە هێڵی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد پێشوازیلێکرا و داواکاری داگیرکەرانی جارێکیتر لەناوبرد، ئەو وەڵامەی لە مام رەشۆ بە داگیرکەراندرا بووە ئەفسانە و شوێنی خۆی لە مێژووی بەشەرەفی کوردستاندا گرت.

داگیرکەران کە لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا رووبەرووی وڵامی گەریلاکانی ئازادی هاتونەتەوە، جارێکی دیکە بە تێکچوون رووبەروو بووەوە. هاوڕێکانمان رۆناهی، نەسرین، بەرفین، ماریا، دەمهات و دەڤران کە لەسەرەتاوە جێگەیان لە ریزی پێشەوەدا گرت و گورزی گەورەیان لە داگیرکەراندا، تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستان بوون و بۆ سمبوڵی نەمری دوارۆژی ئازادی گەلەکەمان گۆڕان."

یەکێک لەو شەش شەهید، شەهید ڕێبین عومەر بوو کە ناسرابوو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز.

شەهید ڕێبین عومەر ساڵی (١٩٩٦)دا لە شاری هەولێر لەدیک بووە و پاشان بنەماڵەی شەهید دەمهات باهۆز گەڕاونەتەوە شاری کەرکوک.

لە ساڵی ٢٠١٤ شەهید ڕیبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز بەشداری خەباتی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتیاپرێزی کوردستان بووە لە شاری کەرکوک.

لە ساڵی ٢٠١٥دا بووەتە پێشمەرگە لە یەکەی ٧٠ی سەر بە یەکێتیی نشتیمانی کوردستان و لەهەمان کاتدا بەردەوام بووە لە خەبات کردنی لە ریزەکانی کۆمەڵەی گەنجانی ووڵاتپارێزی کوردستان.

شەهید ڕیبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕیار دەدات کە خەباتی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی دیکە و ویستی رۆڵێکی زیاتر ببینێت لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەی، بۆیە بڕیاریدا روو بکاتە چیا سەربەرزەکانی کوردستان و لەوی درێژەی بە خەباتی خۆی بدات وەکو گەریلایەکی ئازادیخواز.

دوای ئەوەی دەوڵەتی فاشستی تورک لە رۆژی ٢٣ی نیسانی ڕابردوو دەستی بە هەڵمەتێکی دڕندانە و نامرۆڤانە کرد بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان، شەهید ڕێبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز لەگەل هەڤاڵانی لەسەرەتاوە جێگەیان لە ریزی پێشەوەدا گرت و گورزی گەورەیان لە داگیرکەراندا.

لە رۆژی ٢٥ی نیسانی ڕابردوو ڕێبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز لەگەڵ پێنج هەڤاڵی دیکە بەناوەکانی رۆناهی، نەسرین، بەرفین، ماریا و دەڤران تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی کوردستان بوون و بوون بە سیمبولی نەمری دوارۆژی ئازادیی گەلەکەمان."

شەهید ڕێبین عومەر ناسراو بە هەڤاڵ دەمهات باهۆز سێهەمین شەهیدی بنەماڵەکەیەتی کە لەپێناو ئازادیی خاک و نیشتماندا شەهیدبوون.

ژ.ت