توركیا هۆکارى سەرەکی تێکچوونی دۆخی مافەکانى مرۆڤە لە هەرێمى کوردستان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی مافەکان مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەوانی و بیروڕا لەهەرێمی کوردستان بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "دۆخی ئازادیی بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر لە خراپ بووندایە.

پێشێل کاری لە بەرامبەر کاری ڕۆژنامەوانی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەوانی و پێشێلكارییەكان بەرامبەر ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان پەرەی سەندووە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات بەشێك لەو پێشێلكارییانە لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەكانی توركیا و داعش لە هەرێمی كوردستان سەری هەڵداوە. ئەوەشی خستووتەڕوو، بەشێكی زۆری پێشێل کارییەکان، كە دژی مافەكانی مرۆڤ و گەلانی عێراق و هەرێم ئەنجام دەدرێت و لەلایەن ڕاپۆرتە باوەڕ پێكراوەكانەوە پشتڕاستكراونەتەوە.

باسی لەوەشكردووە، گرتن، گوشار، هەڕەشە، توندوتێژی و سنوورداركردنی ئازادی ڕادەربڕین و كاری ڕۆژنامەوانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان پەرەی سەندووە بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەوانان.