دادگای تورک ڕەتیکردەوە نەژادپەرەستی کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەى دەدەئۆگیولاری دەستگیر بکرێت

دادگای دەوڵەتی تورک ڕەتیکردەوە عەلی کەلەش-ی نەژادپەرست دەستگیر بکرێت، کە بنەماڵەى دەدەئۆگیولاری لە قۆنیا کۆمەڵکوژ کردووە.

دادگای سزاکانی دەوڵەتی تورک لە قۆنیا داوای عەبدولڕەحمان کارابولوت پارێزەری بنەماڵەى دەدەئۆگیولاری بۆ دەستگیرکردنی عەلی کەلەشی بکوژی ئەندامانی ئەو خێزانە رەتکردەوە.

ڕۆژی ٣٠ی تەمووز، ٧  ئەندامی بنەماڵەی دەدەئۆگیولاری لە هێرشێکی نەژادپەرستیدا لە ناوچەی مەرامی کۆنیا کۆمەڵکوژکران.

عەبدولڕەحمان کارابولوت پارێزەری بنەماڵەی دەدەئۆگیولاری داوایکرد، عەلی کەلەش، کە لەنێو تۆمەتباراندایە دەستگیر بکرێت. کارابولوت دەڵێت، لە یەکەم هێرشدا بۆ سەر بنەماڵەی دەدەئۆگیولاری لە ١٢ی ئایاردا، عەلی کەلەش گروپی واتسئاپی دروستکردووە و لە گروپەکەدا وتویەتی، "پێویستە شتی خراپ ڕوو بدات"، بۆیە داوای دەستگیرکردنی کردووە.

دادگای سزاکانی دەوڵەتی تورک لە قۆنیا داواکەی پارێزەری بنەماڵەى دەدەئۆگیولاری هەڵسەنگاند و رایگەیاند، داوای دەستگیرکردنی عەلی کەلەش-ی ڕەت دەکەنەوە.

کارابولوت لەبارەی بڕیارەکەى دادگای قۆنیا وتی، لە دادگایەکی باڵاتردا سکاڵای لە دژی بڕیارەکەى دادگای قۆنیا تۆمار کردووە و دوای دۆسیەکە دەکەون، تا ئەنجامێک بەدەست بهێنن.

ژ.ت