ڕێبەر ئاپۆ: گەر دیموکراسییەکی بەهێز درووست نەبیت، ئەوا ٥٠ غەززەی دیکەی لێدەکەوێتەوە

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد لە دیداری جەژنی قورباندا ڕێبەر ئاپۆ پەیوەست بە چەندین بابەت گفتوگۆی کردووە لەوانە؛ دۆخی دەم پارتی، شەهیدان، ڕۆژئاوا و پەیوەست بە شەنگال گوتی، 'دەبێت شەنگال ستاتۆی خۆی هەبێت' گەر دیموکراسی نەیەتە ئاراوە ٥٠ غەززەی لێدەکەوێتەوە.

بە بۆنەی جەژنەوە لە ٧ـی حوزەیراندا بنەماڵەکان ڕۆشتنە ئیمراڵی و دیداری بنەماڵەییان ئەنجام دا. لە دیدارەکانەدا کە ڕێبەر ئاپۆ دوای ٢٦ ساڵ چاوی بە منداڵان کەوت و پێنووسێکی کرد بە دیاری منداڵان، هەروەها داوای لێکردن گرنگی بە خوێندنەکانیان بدەن، عەلی ئۆجالانی خوشکەزای کە دەکاتە کوڕی فاتیمە ئۆجالان و عومەر ئۆجالانی برازای و پەڕلەمانتاری ڕحای دەم پارتی بەشداری دیدارەکە بوون.

پەیوەست بە دیدارەکەیانەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، عومەر ئۆجالان بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MA) قسەیکرد.

ڕێبەر ئاپۆ پرسیاری کێی کردووە و سڵاوی بۆ کێ ناردووە؟

عومەر ئۆجالان ئاشکرای کرد دیدارێکی ماوە درێژییان ئەنجام داوە و لە دیدارەکەدا گفتوگۆیان لەسەر چەندین بابەتی جیاواز کردووە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا و گوتی: "ڕێبەرێتی لە ٢٠ خولەکی سەرەتای دیدارەکەدا باسی گوند و بنەماڵەی کرد. پرسیاری هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کرد و سڵاوی لێیان کرد. دواتر باسی هەندێک بابەتەمان بۆ کرد. باسی هەموو ئەو سەردانییەمان بۆ کرد کە لە شارەکاندا کردبوومان. باسی بەڕێوەچوونی پرسە و سەردانییەکانی عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتونمان بۆ کرد. سڵاو هەردوو بنەماڵەکەمان گەیاند.

ڕێبەر ئۆجالان پرسیاری دۆخی بنەماڵەکانی کرد، سڵاوی بۆ ناردن. دواتر باسمان لە سەردانییەکانمان بۆ لای بنەماڵەی مەزڵووم دۆغان و سڵاو ناردنەکەیان کرد. ڕێبەر ئاپۆیش سڵاوی بۆ بنەماڵەی مەزڵوم دۆغان نارد. باسی مەزڵوم و دەلیل دۆغانی کرد. پێمان گوت گۆڕی هەردوو براکە پێکەوەیە. گوتی، 'ئەو تێکۆشان و میراتییەی کە بۆیان جێهێشتووین زیندوو ڕادەگرین. دڵسۆزی هەموو شەهیدانین.' دواتر سڵاوی لە بنەماڵەی فەرهاد کورتایش کرد. ڕێبەر ئاپۆ باسی لە هەرچوار هەڤاڵەکەی (فەرهاد کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحموود زەنگین و نەجمی ئۆنەر) کرد کە لە زیندانی ئامەددا دژی ستەمی دەسەڵات گڕییان لە جەستەی خۆیان بەرداوە. دواتر پرسیاری گۆڕی فەرهاد کورتای کرد و سڵاوی بۆ بنەماڵەکەی نارد. هەروەها سڵاو بۆ بنەماڵەی عەلی چیچەکیش نارد و پرسیاری گۆڕەکەی کرد. پرسیاری هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە زیندانی ئامەددا شەهیدبوونە."

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد، سڵاوی ئەو زیندانییانەیان بە ڕێبەر ئاپۆ گەیاندووە کە دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازاد بوون و ڕێبەر ئاپۆیش پەیوەست بەو کەسانەوە گوتوویەتی، 'هەموو ئەو کەسانەی ٣٠ ساڵ لە زینداندا ماونەتەوە دەبێت پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن. پێویستە ئەرک و بەرپسیارێتی خۆیان باش جێبەجێ بکەن.' هەروەها ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی لە هەموو ئەو زیندانییانە کرد کە دوای ٣٠ ساڵ لە زیندان ئازاد بوونە. هەروەها سڵاوی زۆر تایبەتی بۆ بنەماڵەی شەهیدان نارد.

'دەبێت پارادایمەکانمان لەناو خوێندکاراندا بڵاوبکرێتەوە'

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد، لە دیدارەکەدا پێشهاتەکانی هەرێمەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوینییان هەڵسەنگاندووە و ئەمەی گوت: "باسمان لە زانکۆی کۆبانێ کرد. پێش دیدارەکەمان من بەشداری پانێڵێکی زانکۆی کۆبانێم کرد. سڵاوی خوێندکاران و مامۆستاو ئەکادیمییەکانم بە ڕێبەر ئاپۆ گەیاند. ڕێبەر ئۆجالان پرسی، 'ئایە لە کۆبانێ زانکۆ هەیە؟ چەند خوێندکارییان هەیە؟' منیش بۆم گێرایەوە کە بەڵێ کۆبانێ زانکۆیەکی زۆر باشی هەیە و زیاتر لە ١٥٠٠ خوێندکاری هەیە. پەیوەست بە زانکۆوە هەندێک هەڵسەنگاندنی کرد. گوتی، 'ئەوانەی پەروەردە دەدەنەوە پێویستە لەسەر بنەمای مۆدێرنێتەی دیموکراتیکی پەروەردەکانیان بدەنەوە. نابێت بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لەسەر پەروەردە هەبێت. پێویستە مامۆستاکان لە چوارچێوەی فیکر و فەلسەماندا وانە بڵێنەوە و کاریگەر ببن. پێویستە پارادیمەکانمان لە ناو خوێندکاراندا بڵاو بێتەوە. گەر ئەمە بکرێت ئەوە ئەرێنی و باش دەبێت. پەروەردەم بۆ گرنگە. لێرەدا هەموو کاتێک دەخوێنینەوە و گفتوگۆ دەکەین."

'پێویستە خێرای لە هەوڵدانە دیپلۆماسییەکاندا بکرێت بۆ سووریایەکی دیموکراتیک'

عومەر ئۆجالان دەستنیشانی کرد ڕێبەر ئاپۆ سەرنجی خستووەتەسەر کۆبوونەوە و دیدارەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتی دیمەشق و ئەمەی گوت:

"لەنێوان قەسەدە و هەتەشەدا ڕیککەوتنامەیەکی هەشت خاڵی واژۆ کراوە. ڕێبەر ئۆجالان گوتی 'دەبێت پەرە بدرێتە ئەم کۆبوونەوە و دیدارانە و پەلەی لێبکرێت.' هەروەها گوتی، 'ئەوەندەی ئاگادارم کۆبوونەوە و دیدارەکانی نێوان کوردان و حکومەتی دیمەشقدا زۆر بە خاوی دەڕواتە پێش، پێویستە پەرەیان پێبدرێت و پەلەیان لێبکرێت. ڕەنگە لە داهاتوودا لە سووریادا حکومەتێک بێتەئاراوە، بۆ ئێمە گرنگە پەیوەست بە مافە دیموکراتیکییەکانەوە ببێتە سووریایەکی بەهێز. پێویستە لەگەڵ سووریایەکی دیموکراتیکدا پەرە و خێرای بە هەوڵدانە دیپلۆماسییەکان بدرێت. دیمەشق لە ڕوویەکەوە نوێنەرایەتی ئاینگەرای دەکات.

ناوەندی دیموکراتیزەکردن ڕەقەیە

ناوەندی دیموکراتیزەبوونیش ڕەقەیە. پێویستە لەژێر چەتری دیموکراسییدا یەکێتی گەلان بێتەئاراوە. پێویستە پەرە و خێرای بەوکارانە بدرێت کە لە ڕۆژئاوا دەکرێن. خاوبەڕێوەچوونی دیپلۆماسییەت لە سوودی هیچ کەسێکدا نییە.'

پەیوەست بە هەڕەشەکانی سەر کوردانیشەوە گفتوگۆمان کرد، ڕێبەر ئۆجالان دۆخی کوردانی لە ڕۆژئاوا هەڵسەنگاند و ئەمەی گوت، 'گەر هەڕەشەیەک هەبێت، پێویستە بە هەموو شێوەیەک ئاگادار بین.'

دەبێت لە دەریای ڕەش دەنگی دەم پارتی زیاد بکات

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی دەم پارتی کرا و گوتی: "ڕێبەر ئۆجالان گوتی، 'لەڕێگەی دەم پارتییەوە ڕیگەی سیاسەتی دیموکراتیک دەکرێتەوە. پێویستە دەم پارتی لە هەموو جێگەیەک کۆنفرانس و کۆبوونەوە ئەنجام بدات. دەبێت ئەوکەسانە لە کۆنفراسەکاندا قسەبکەن کە پارادایمەکانمیان خوێندووەتەوە و شرۆڤەی دەکەن. پێویستە لەگەڵ گەلدا وتووێژی کراوە بکرێت. دەبێت لەمەودوا دەنگی دەم پارتی لە دەریایی ڕەشیش زیاد بکات.

"پێویستە لە هەموو جێگەیەک پەرە بە هێزی خۆی بدات"

دەرفەتگەلی زۆر هاتوونە تەئاراوە تا ئەوەی دەم پارتی سیاسەتێکی بەرفراوان بەڕێوەبەرێت. پێویستە دەم پارتی لە دەریای ڕەش، دەریا سپی و ئانەدۆڵی ناوین پۆتانسێڵ و ماتەوزەی خۆی نیشان بدات. قەیرانی ئابووری سەرانسەی تورکیای گرتووەتەوە. لە چەندین شار دۆستانی کرێکارانمان هەیە. پێویستە دەم پارتی بەو ئامانجەوە کار و تێکۆشان بکات. قەیران لە ئارادایە، دۆخی ئابووری خراپە، هەژارییەکی زۆر هەیە و ئیدی کرێکاران ناتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوەبەرن. پێویستە دەم پارتی لە پێناو ئەم بابەتانەدا کاربکات و لە هەموو جێگەیەک پەرە بە هێزی خۆی بدات."

"گەر ٢٠٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن، دەبنە حکومڕان"

عومەر ئۆجالان بەم شێوەیەیە درێژەی پێدا: "ئیدی پێویستە لە هەموو شتێکدا نوێبوونەوە بکرێت. لە دیدارەکەدا لەلایەکەوە گفتوگۆی تێکۆشانی ٥٢ ساڵە کرا و لەلایەکی دیکەوە لەسەر سیاسەت و مۆدێلی ژیانی نوێ گفتوگۆ کرا و ڕێبەر ئۆجالان پەیوەست بەم بابەتانەوە گوتی، 'هێشتاش دۆستمان هەیە. لە نێو دەم پارتیشدا لە دەریای ڕەشەوە هاوڕێمان هەیە. پێویستە لە دەریای ڕەشیش خەبات دەستپێبکرێت. دەبێت لە مترۆپۆڵ و گەورەشارەکانی تورکیادا پەرە بە خەبات بدرێت. وەک دەم پارتی گەر بەربەستی ٢٠٪ دەنگەکان تێپەڕێنن لەم وڵاتەدا دەبنە حکومڕان. ئێوە دەتوانن زۆر شت بگۆڕن و ببنە هاوکاری حکومڕانیی. بۆیە دەبێت وزەتان وەرچەرخێننە سەر دەنگدانەکان. بە سیاسەتێکی دیموکراتیکانەوە دەنگەکانی دەم پارتی لە ٢٠٪ تێپەڕبکات. ئەوکاتە دەم پارتی دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتێکی کاریگەر بەڕێوەبەرێت.'

ڕێبەر ئۆجالان دەم پارتی لێکداوەتەوە و وابیردەکاتەوە هەموو ئەو هەوڵدانە دیبلۆماسییانە بگۆڕدرێن کە دەرنجامێکییان نییە. دووبارەکردنەوە لە سیاسەتەکانییدا بنەبەڕ بکات. لە سیاسەتدا گۆڕین و گۆڕانکاری هەیە. ئەم گۆڕانکارییانە پێویستە هەم لەناو دەم پارتیدا و هەمیش لە نێو سیاسەتمەداراندا درووست ببێت."

'لەگەڵ ڕەخنەی بونیادنەرانەداین'

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا بە مۆراڵ بووە و باسی چەندین بابەتی دیکەی کردووە و ئەمەی گوت: "دەربارەی ئەو ڕاپۆرتەی بۆ کۆنگرەی ١٢ـیەمینی پەکەکە نێردراوە پرسیارێکم کرد. ڕێبەر ئۆجالانیش ئاماژەی بەوەدا ڕەخنە و هەستیاریی عەلەوییەکان هەیە و ئەمەی گوت، 'ئێمە لێرەدا خەباتمان بۆ عەلەوییەکانیشە. بە درووستی ئاگاداری عەلەوییەکانین و بەدواداچوونمان هەیە. لێرەدا هەڤاڵی عەلەوییمان هەیە. حاملی یڵدرم دێرسیمییە و زمانێکی عەلەوییانەی باش دەزانێت. لە هەموو ڕوویەکەوە شرۆڤەی دەکەین. بایەخم بە سەید ڕەزا و هاوڵوێست و تێکۆشانەکەی دا. لە مێژوودا چەندین سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی کوردان هاتوونەتە ئاراوە؛ بایەخ و سەنگ دەدەمە تێکۆشان و هەوڵدانەکانیان. لە لایەکی دیکەوە پێویستە بە بوێرییەوە ڕووداو و دەرنجامەکانیان شرۆڤە بکەین. ئەمە شێخ سەعیدیش دەگرێتەوە و پەیوەستدارە. کراوەین بۆ ڕەخنەی بونیادنەرانە.'

ڕێبەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەشدا ئەو ڕەخنانەی لەبەرچاوە و گوتی: 'دەبێت شیکارییەکی باشی ڕووداوەکان بکرێت.' ڕێبەر ئۆجالان وتی: 'گەر ئەمەمان کرد ئەوکاتە زۆر باش لەوە تێدەگەین بۆچی لەو کاتەدا هیچ ئەنجامێک بە دەستنەهێنراوە'."

'دەبێت شنگال ببێتە خاوەن ستاتۆ'

عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا، لە درێژەی دیدارەکەدا پەیوەست بە دۆخی کۆمەڵگەی ئێزدی گفتوگۆی وردمان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان کردووە و ڕێبەر ئۆجالان پرسیاری ڕێژەی نفوسی ئێزدییەکانی کردووە. ڕێبەر ئۆجالان سڵاوی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی نارد و گوتی 'دەبێت شنگالێکی ئازاد هەبێت، شنگال نابێت گرێدراوی حکومەتی ناوەندی و هیچ پارتێکی هەرێمیش بێت.' هەروەها باسی لەوەکرد دەبێت شنگال ببێتە خاوەن ستاتۆی خۆی، پێویستە ئێزدییەکان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و بڕیار لەسەر خۆیان بدەن."

'پێویستە هەموو کەسێک بە دیسپلین بێت'

عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئاپۆ دوای ٢٦ بۆیەکەم جار چاوی بە منداڵان کەوتووە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانییدا: "نەوەکانی پورم لەگەڵمان هاتبوون، ڕێبەر ئۆجالان بە منداڵەکانی گوت: "بەهێز و ئیرادە بن". منداڵەکان کە لەگەڵ ئێمەدا هاتبوون، کەمێک ماندوو بوون، کاتێک گەیشتین کەمێک خەوتن. ڕێبەر ئۆجالان، ماوەیەکی زۆر سەیری منداڵەکانی کرد، پرسیاری دۆخی خوێندن و پەروەردەکردنیانی کرد. باسی لە چۆنییەتی پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵەکانی کرد و وتی: "دەبێت هەموو کەس بە دیسیپلین بێت، هەروەها گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن، نابێت قەڵەو ببن."

'ڕێبەر ئاپۆ توڕەیە لەو کەسانەی زیاد قەڵەون و جگەرەی زۆر دەکێشن'

لە درێژەدا عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەوردی سەرنج و هەستیاری بەرانبەر تەندووستی کەسەکان هەبووە و گوتی: "ڕێبەر ئۆجالان زۆر توڕەیە لەو کەسانەی زۆر قەڵەو بوونە و جگەرەی زۆر دەکێشن و ئاگاداری کردنەوە و پرسیاری لێکردین و وتی، 'پێویستە هەموو کەسێک وەک سەربازێکی ناو سوپا بجوڵێتەوە. دەبێت هەموو کەسێک بە دیسپلین بجوڵیتەوە، ئەمە حەقیقەتی ژیانە.'

لەم دیدارەدا بۆ یەکەمجار عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یڵدرممان بینی، یەکترمان لە ئامێز گرت و پرسیاری دۆخی دەرەوەیان لێکردین. وتم چاوی دەرەوە لەسەر ئێوەیە. هەروەها ئەوانیش گوتیان، 'ئێمەش هەموو سەرەنجمان لەسەر دەرەوەیە'. گوتیان، 'دەبێ هەوڵبدەین و کاربکەین.' ئەوانیش وەک وەک ڕێبەر ئۆجالان خاوەن موراڵێکی بەرز بوون. لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی دەرەوە دەکەن.

'دەبێت دەوڵەت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت'

عومەر ئۆجالانی پەرلەمانتاری دەم پارتی دەستنیشانی کرد دەبێت دەوڵەت لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەدا هەنگاو بنێت و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: "پەیوەست بە سووریا و تورکیاو و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەبێت هەندێک شت خێراتر بکرێن. پێویستە دەوڵەت بەم هەستیارییەوە بجوڵێتەوە. پێویستمان بە ئاشتی و دیموکراسییە. شەڕی ٤١ ساڵە درێژەی هەبوو و گەیشتە ئەم ئاستە. لە ئێستادا نوێبوونەوە و گۆڕانکاری لە هەموو بوارەکاندا پێویستییە. ڕێبەر ئاپۆیش سەرنج دەخاتەسەر نوێنبوونەوە و گۆڕانکاری. مۆراڵی ئێمەیش باشە. بەم بۆنەیەوە سڵاوی ڕێبەر ئاپۆ دەگەیەنم بە هەموو بنەماڵەی شەهیدان گەل."

شەڕی ئیسرائیل و ئێران کاریگەریی لەسەر کوردستانیش دەبێت

عومەر ئۆجالان بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و وەبیری هێنایەوە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشتر لەو بارەیەوە هۆشداری دابوو. عومەر ئۆجالان وتی: "کاتێک ئێمە یەکترمان بینی شەڕی ئێران و ئیسرائیل ئەوەندە پەرەی نەسەندبوو، بەڵام لە یەکەم دیدارماندا ڕێبەر ئۆجالان باسی سووریا، عێراق و ئێرانی کرد، شەش مانگ بەسەر ئەو دیدارەدا تێپەڕی، لەو کاتەدا ڕایگەیاند: "بۆ دەستوەردانە لە ئێران کاتی زۆر نامەوە". وتی: 'لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا بەس لە غەزە شەڕ هەیە، بەڵام ئەگەر شەڕەکە ڕانەگیرێت و دیموکراسییەکی بەهێز دانەمەزرێت، ئەوە ٥٠ شوێنی دیکە وەک غەزەی لێدێت' کاتێک سەیری ئەوە دەکەین کە شەش مانگ لەمەوبەر ڕێبەر ئۆجالان چی گوتبوو، ئێستا باشتر لە ڕووداوەکان تێدەگەین. ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیانێکی ئازاد یان سیستەمێکی دیموکراتیک نەبێت، ئەوا شەڕ و ئاژاوە دروست دەبێت، مەترسی لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی هەیە. دەبێت هەموو کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، سیستەم لە ئێراندا سیستەمێکە دژ بە کۆمەڵگە. دەبێت ئەم ڕاستییە ببینرێت. ئەگەر کۆمەڵگە کێشەکانی چارەسەر نەکات، ئەوا زەمینە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی خۆش دەکات. هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت لە زەمینەیەکەی دیموکراتیکدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن.

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نکۆڵی، تواندنەوە، کوشتن، کۆمەڵکوژی، ئاینی و قبوڵنەکردنی یەکتر هەیە. بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، دەبێت یەکتر قەبوڵکردن، دیموکراسی، یەکسانی و ئازادی هەبێت. ئەگەر ئەمانە هەبن ئەوا ئەو هۆکارانەی کە ڕێگە بۆ شەڕ خۆشدەکەن نامێنن. ڕژێمی ئێران دەرفەتی ژیانی بە کۆمەڵگە نەهێشتووەتەوە. زوڵم و ستەم لە ژنان، کورد و گەلانی دیکە دەکات. ئەمەش ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەکات. شەڕی ئێران و ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر کوردستان دەبێت. پارتەکەمان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە دیالۆگ دا. دیالۆگ دیموکراسییە. هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مافی ژیانیان هەیە. گەلی کورد ژیانێکی نوێی دەوێت. پێویستە هەموو دەوڵەتەکان بە پێی سەدەی ٢١ خۆیان بگۆڕن. لە شەڕدا کۆمەڵگە دەچەوسێنرێتەوە و لەناودەبرێت. هەمووان باجەکەی دەدەن، وەک کورد دەبێت یەکڕیزی خۆمان لە بەرامبەر ڕووداوەکان بونیادبنێین. دەبێت کورد یەکڕیز بێت و پاراستنی خۆی بەهێزتر بکات."