کوردستانیان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا کۆبوونەوە، لە ٢٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە هەموو چوارشەممەیەک چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن. چالاکییەکە پێی نایە مانگی ٥٢ هەمینەوە.
لە چالاکی ئەم هەفتەیەدا لە کەسێتی شەهید ڤیان پەیمان و ئۆرهان یەڵمازکایا خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادیی کوردستان نیشاندرا.
کۆمیتەی چالاکییەکەی ژنێڤ، ١ ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکارانی پیرۆز کرد و داوای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆی دووپات کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوێک لەسەر ناوی کۆمیتەکە دووپاتکرایەوە، ١ ی ئایار بۆ گەلی کورد واتایەکی گرنگی هەیە، گوترا: "١ ی ئایار هێندەی نەورۆز بۆ گەلی کورد گرنگە".
ئاماژە بەوە کرا بەهۆی سیاسەتی فشار و نکۆڵی تورکیاوە ملیۆنان کورد ئاوارەبوون، جەختکرایەوە کوردان لە هەر جێیەک بن درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
هەروەها جەختکرایەوە، پەکەکە تەڤگەری کرێکارانە و لە ١ ی ئایاردا تێکۆشانی گەلی کورد و تێکۆشانی جیهانی یەکدەگرن.
تیشکخرایە سەر بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، گوترا: "پەکەکە و لایەنە کوردییەکان بە ئەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ بانگەوازەکەدا کرد، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەمە، دەبێت بەرێز ئۆجالان لە هەلومەرجی ئازاددا کار و خەبات بکات.
دەوڵەتی تورک لەبری هەنگاوی ئەرێنی، لە هەموو جێیەک هێرش دەکات. با ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدرێت. هیوای ئاشتی مەفەوتێنن".
هەروەها ئاماژە کرا بە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی کە ٢٦ ی نیسان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا، کۆنفرانسەکە وەک هەنگاوێکی مێژوویی و هەستانەوەی کوردان هەڵسەنگێندرا، داواکرا ٢٦ ی نیسان وەک "ڕۆژی نەتەوەیی کورد" ڕابگەیەنرێت و هەموو ساڵێک بە جۆشەوە پیرۆز بکرێت.
پاشان چالاکی دانیشتن تا کاتژمێر ١٧:٠٠ بەردەوام بوو.