لە کلۆتینی سویسرا شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆز کرا
لە شاری کلۆتینی سویسڕا، بەبۆنەی پیرۆزکردنی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستانەوە کۆبوونەوە و ئاماژەیان بە گرنگی شۆڕشەکە کرد و بانگەوازیان بۆ یەکڕیزی کرد.
لە شاری کلۆتینی سویسڕا، بەبۆنەی پیرۆزکردنی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستانەوە کۆبوونەوە و ئاماژەیان بە گرنگی شۆڕشەکە کرد و بانگەوازیان بۆ یەکڕیزی کرد.
دوێنێ ١٣ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە شاری کلۆتینی سویسڕا پیرۆزکرا. پیرۆزباییەکە بە پێشەنگایەتیی تەڤ-چاندی سویسڕا و کۆمەڵەی ڕۆژئاوا لە گۆڕەپانی دۆرفنەسروگ بەڕێوەچوو و نوێنەران لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداربوون.
لە چالاکییەکەدا نوێنەرانی ڕێکخراوە جیاوازەکان وەکو هاوسەرۆکانی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسڕا، ئەندامانی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوبەرانی پارتی یەکێتیی سوریا و کۆمیتەی سویسڕای پەژاک قسەیان کرد. لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بە گرنگیی خاوەندارێتیکردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد.
چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد. هونەرمەند کاوە ئورمیە ڕایگەیاند کە ئەو قارەمانانەی لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا گیانی خۆیان بەخشی، بناغەی شۆڕشەکەیان دانا.
زانای ئاینی شێخ مورشید مەعشوق خەزنەوی لە چالاکییەکەدا قسەیکرد و گوتی: "شۆڕشی ڕۆژئاوا کراوەتە دیاری بنەماڵە شەهیدەکان، یەکنەبوونی کورد لە مێژوودا لەدەستدانی گەلێک شتی لێ کەوتەوە. کاتێک ڕژێم لە ڕووخاندا بوو، چاومان هەر لەسەر پارتە کوردییەکان بوو. هەندێک دەیانوت، "یەکێتیی کورد لە سوریا زیانی بۆ کورد دەبێت." بەڵام لەبەرئەوەی ئەم یەکێتییە نەبوو، بە بەردەوامی لە سوریا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بووینەوە. بۆچی سەرهەڵدانەکانی کورد هەمیشە بە خوێن دامرکێنراونەتەوە؟ هیچ کەس بە ئاشکرا ڕاستییەکانی پێ نەگوتین. کورد هەم لە شەڕ و هەم لە بەرخۆدانیشدا بەهێزن، بەڵام سەرهەڵدانەکانیان دامرکێنرانەوە. هۆکاری بنەڕەتیی ئەمە خیانەت و نایەکگرتووییە. ئەمڕۆ ئێمە لەڕێی کۆنفرانسانەوە یەکەم بناغەی یەکگرتوویمان بۆ ڕۆژئاوا داناوە. ئێمە لە سایەی هێزە سەربازییەکانمان یەپەژە، یەپەگە و قەسەدە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا لە کۆمەڵکوژیی پاراست. ئەگەر هێزە سەربازییەکانمان نەبوانایە و کۆنفرانسی یەکێتیمان ڕێکنەخستبا، ئێمەش پشکمان لەو کۆمەڵکوژییە بەردەکەوت کە عەلەوی و دروزییەکان ڕووبەڕووی بوونەوە. هەرخۆی حکومەتی کاتی سوریا لە هەموو دەرفەتێکدا هەڕەشە لە کورد دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی هێزی ئەوەیان نییە هێرش بکەنە سەرمان، دەنگ ناکەن. بەرپرسیارێتیی کوردانی ئەوروپا لە پشتگیری و پاراستنی ڕۆژئاوادا هەیە."
ئەندامی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران مەلا عەزیز ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتی نەتەوەیی تاکە ڕێگەی پاراستنی دەستکەوتەکانە.
نوێنەری پەژاک حەکیم حوتیتی باسی لەو زیندانیانەی کورد کرد کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرن و لەژێر هەڕەشەی لەسێدارەداندان و بانگەوازی بۆ خاوەندارێتیکردن لە ڕۆژئاوا کرد.
دوای قسەکان ئاهەنگەکە بە گۆرانییەکانی هونەرمەندی تەڤ-چاند کاوە ئورمیە و هەژاڵ ئالان بەردەوامبوو و بە هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.