لە کۆڵن و هێڵدسهایم شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پیرسوس یادکرانەوە
لە شارەکانی کۆڵن و هێڵدسهایمی ئەڵمانیا شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پیرسوس یادکرانەوە.
لە شارەکانی کۆڵن و هێڵدسهایمی ئەڵمانیا شەهیدانی کۆمەڵکوژیی پیرسوس یادکرانەوە.
ئەو ٣٣ گەنجەی کە ٢٠ـی تەمموزی ٢٠١٥ لە ناوچەی پیرسوسی ڕحا لە هێرشی خۆکوژیی داعشدا شەهیدبوون، لە دەیەمین ساڵیاددا، لە شارەکانی کۆڵن و هێڵدسهایمی ئەڵمانیا یادکرانەوە.
کۆڵن
لە شاری کۆڵن، بە پێشەنگایەتی Young Struggle و ZORA و AGÎF و سەکەبە و تەسەپە ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ٣٣ گەنجەکە هەڵگیرا، درووشمی "دادپەروەری بۆ پیرسوس، دادپەروەری بۆ هەمووان" و "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە. لەسەر ناوی ڕێکخراوەکانی ڕێکخەری ڕێپێوانەکە چەند وتەیەک پێشکەشکرا. جەختکرایەوە لەسەر درێژەدان بە تێکۆشان و داوای دادپەروەری کرا.
پۆلیسی ئەڵمانیا لە سەرەتای ڕێپێوانەکەوە هەوڵی گێرەشێونییان دا، ویستیان چەند ئاڵایەک دابگیرێت، جەماوەر دژی ئەم هەوڵە وەستانەوە، بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەریان. ئەندامێکی AGÎF بە ئەشکەنجەدان دەستبەسەرکرا.
بەم هۆیەوە، جەماوەر لەبەردەم بنکەی پۆلیس دەستیان بە چالاکی کرد و هاوکاری پۆلیسی ئەڵمانیان بۆ پۆلیسی تورک شەرمەزار کرد. پاشان ئەندامەکەی AGÎF ئازادکرا.
چالاکییەکە بە درووشمی "لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژیی پیرسوس دەکەین" کۆتایی هات.
هێڵدسهایم
لە شاری هێڵدسهایمی ئەڵمانیا ڕێپێوانێک بە پێشەنگایەتی Young Struggle و Zora ئەنجامدرا، چەندین ڕیکخراویش پشتگیرییان کرد.

چەند وتەیەک بە ناوی ڕێکخراوە کورد و ئەڵمان و تورکییەکانەوە پێشکەشکرا، ناوی هەر ٣٣ گەنجەکە خوێنرایەوە و بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی پیرسوس تا ناوەندی شارەکە ڕێپێوان کرا.
لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم" و "سارا ڕۆژبین ڕوناهی، ژن ژیان ئازادی" و "دادپەروەری بۆ پیرسوس، دادپەروەری بۆ هەمووان" و "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرایەوە.
لە وتەکاندا دووپاتکرایەوە، لێپرسینەوە لە بکەرانی کۆمەڵکوژیی پیرسوس دەکرێت، هەروەها سڵاو لە شۆڕشی ڕۆژئاوا کرا.
ڕێپێوانەکە لە پارکی (Friedrich-Nämsch) گۆڕا بۆ گردبوونەوەیەک و کۆتایی هات.