بە دیمەن

پیرۆزباییەکانی ١ی ئایار لە ئەورووپا بەردەوامن

کوردان بەشێوەیەکی جەماوەری لە پیرۆزباییەکانی ١ی ئایاری شارەکانی ئەورووپا بەشدارییان کرد و لە دژی سەرمایەداری، شەڕ و فاشیزم پەیامی یەکگرتووییان دا.

١ی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە زۆرێک لە شارەکانی ئەورووپا، بە ڕێپێوانی جەماوەری پیرۆز کرا. کوردانیش لە ڕێپێوانە جەماوەرییەکاندا بەشدارییان کرد و لە چوارچێوەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆ پەیامیان بڵاو کردەو.

لەندەن

لە پێش کتێبخانەی کارل مارکس لە شاری (کلێرکنوێڵ گرین)ی شاری لەندەنی پایتەخت، بەهەزاران کەس بە بانگەوازی ڕێکخراوەکانی کۆچبەران و سەندیکاکانی کرێکاری و رێکخراوەکانی کرێکاران، لە بەردەم کتێبخانەی کارل مارکسی شاری لەندەن کۆبوونەوە.

لە گردبوونەوەکەدا ئەندامانی ڕێکخراوەکانی عەلەوی، شۆڕشگێڕ و چەپەکانی کوردستان و تورکیە، پێکهاتە هەرێمیەکان، ئەنجومەنی گەلی کورد و بزووتنەوەی ژنانی کورد بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. کوردان لە گردبوونەوەکەدا بە هەڵگرتنی وێنەکانی ڕێبەر ئاپۆ و پانکارتی "پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگری لەسەر مرۆڤ بوونە" بەشدارییان کرد. هەروەها ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و وێنەکانی شەهید سارا (سەکینە جانسز)، بەرز کردەوە و سەمایان کرد. کوردان بەردەوام دروشمی "بژی ڕێبەر ئۆجالان"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی ئازادی" یان بەرز کردەوە.

هەروەها ڕێکخراوەکانی عەلەویی سەرنجیان بۆ کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکانی سووریا ڕاکێشا، ڕێکخراوەکانی چەپ و سۆسیالیستیش داوای خوێندن و پەروەردەی بێبەرامبەریان کرد.

کرێکاران لەبەردەم کتێبخانەی کارل مارکس کۆبوبوونەوە و بەرەو گۆڕەپانی ترافالگار ڕێپێوانیان کرد. لە گۆڕەپانی ترافڵگار گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو و لەوێ بانگەوازی بۆ تیکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوویی دژی سەرمایەداری کرا.

ستراسبۆرگ

١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا بە شێوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو. بە هەزاران کەس لە گۆڕەپانی کلبێر کۆبوونەوە و دەستیان بە ڕێپێوان کرد و داوای دادپەروەری ئابووری، مافە کۆمەڵایەتییەکان و باشترکردنی بارودۆخی کارکردنیان کرد.

چالاکوانان لە میانەی ڕێپێوانەکەدا پشتیوانی خۆیان لە دژی چەوساندنەوەی کرێکاران، شەڕ و ڕەگەزپەرستی نیشان دا. هەروەها فێمینیستەکان لە دژی هەژموونی پیاوسالاریی داوای بەرزکردنەوەی تێکۆشانیان کرد.

هەروەها ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردانی ستراسبۆرگ پشتیوانی خۆی بۆ دادپەروەری چینی کرێکارانی ئەورووپا نیشاندا و پشتیوانی خۆی لە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دێموکراتیک دەربڕی. کوردان بە پانکارتی "بژی ١ی ئایار" کۆبوونەوە و پەیامی دیموکراسی و یەکگرتوویی خۆیان بە وتنەوەی دروشمت کوردی و فەرەنسی ڕاگەیاند.

بیلفیلد

بە هەزاران کەس، لەسەر بانگەوازی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی ئەڵمانیا بەبۆنەی ١ی ئایارەوە فستیڤاڵێکیان ئەنجامدا.

ڕێپێوان و فێستیڤاڵی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی ئەڵمانیا بە دروشمی "کرێی زیاتر، پشووی زیاتر، ئاسایشی زیاتر" بەڕێوەچوو.

هەروەها کوردستانیان بەشداری گردبوونەوەکە بوون و بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بڵاڤۆکیان بڵاوکردەوە. کوردان بەردەوام دروشمیان وتەوە و سەمایان کرد.

ماینز

هەروەها لە شاری ماینزی ئەڵمانی بە بەشداری دەیان سەندیکا و دامەزراوەکان، ١ی ئایار پیرۆز کرا. کوردان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداری گردبوونەوەکەدا کرد.

لە کاتی گردبوونەوەکەدا پەیامەکان خوێندرانەوە. لە پەیامەکاندا ئاماژە بە گۆشەگیریی توندی سەپێنراو بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا کرا و داوای کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی کرا.

ڤیەنا

هەروەها لە شارەکانی گراتس، برگێنز، لینز و ئینسبروک بەهەزاران کەس لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە ١ی ئایاریان پیرۆز کرد. لە مەراسیمەکەدا کە بە بەشداری کرێکاران، زەحمەتکێشان، گروپە چەپ و سۆسیالیستەکان بەڕێوەچوو، پەیامی یەکگرتوویی، یەکێتی ڕاگەیاندرا. هەروەها کوردانیش لە کارلسپلاتزی ڤیەنا کۆبوبوونەوە و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە و وێنەکانی ڕێبەر ئاپۆیان بەرز کردەوە و بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.

کۆڵن

لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پیرۆزبایی ١ی ئایار بەڕێوەچوو. لە ڕێپێوانەکەدا کە لەلایەن سەندیکاکانەوە ڕێکخرابوو، بەهەزاران کەس بەشدارییان کرد.

هەروەها پارتی کۆمۆنیست مارکسیست-لنینیست(مەلەکەپە)، KKO، KGO، ADHK، KA ،کۆمەڵە و چەندین ڕێکخراوی چەپی شۆڕشگێڕیش بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد، بە سەدان چالاکوان بە هەڵگرتنی پانکارتی "بژی ١ی ئایار" و دروشمی "بژی شۆڕش و سۆسیالیزم"، "پێکەوە شان بەشان دژی فاشیزم"، "بژی یەکگرتوویی جیهانی" و "زیندانیانی شۆڕشگێڕ کەرامەتی ئێمەن" بەرزکردەوە.

پاریس

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ڕۆژی جیهانی کرێکاران بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پیرۆز کرا. لە چالاکییەکەدا پارت و سەندیکاکانی وڵاتانی جیاواز بەشدارییان کرد.

ئەمساڵ کوردانیش لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد، بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی دیموکراتیکی کوردانی فەرەنسا بەشداری چالاکییەکە بوون. سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بێریڤان فرات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەدەکە فەرەنسا و شاهین پۆڵات هاوسەرۆکی کەجەدەکە فەرەنسا بە زمانەکانی کوردی و فەرەنسی وتاریان پێشکەش کرد. وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی ١ی ئایاری ئەمساڵ، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی بەفراوانکردنی تێکۆشانیان کرد.

پاش وتارەکان، جەماوەر بە جۆش و خرۆشەوە سەمایان کرد و دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی ١ی ئایار"یان وتەوە.

برۆکسەل

هەروەها بە بۆنەی ١ی ئایارەوە لە برۆکسەلی پایتەختی بەلجیکا ڕێپێوان و گردبوونەوە بەڕێوەچوو. بەهەزاران کەس لە گۆڕەپانی ماری یانسۆن لە شاری سانت گیڵس کۆبوونەوە و ڕێپێوانیان کرد.

هاوکات کوردان و دۆستانیان بە ڕەنگی خۆیان بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. کوردان و دۆستانیان کە بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا) و ناڤ-بەل بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد، وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵای پەکەکە، یەپەگە و یەپەژەیان بەرزکردەوە و بەردەوام دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، "بژی ئازادی" و "بژی ١ی ئایار"یان وتەوە.