زەکی پرسوس کە لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ شاندێک لە بەرلینەوە بەڕێکەوت و سەردانی ڕێبەر ئاپۆی کرد، وردەکاری ئەو دیدارەی بۆ ئاژانسمان گێڕایەوە. پرسوس سەبارەت بەو سەردانە مێژووییە کە بۆ ماوەی مانگ و نیوێک بەردەوام بوو ئاماژەی بەوە کرد، بینینی ڕێبەر ئاپۆ لە نزیکەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەڵوێست و بۆچوونەکانی هەبووە.
زەکی پرسوس بەم شێوەیە باسی ئەو کاتەی کرد: "لە بەرلینەوە بە شاندێک کە لە پێنج کەس پێکهاتبوو بەڕێکەوتین. ئەو کاتە لە ئەوروپا و وڵاتانی جیاوازەوە خەڵک دەچوونە سەردانی ڕێبەر ئاپۆ. ڕاستییەکەی ئێمە زۆر بە پەرۆش بووین. نەماندەزانی کە لەگەڵ فیگەر و کەسایەتییەکی مێژوویی وەکو بەڕێز ئۆجالان چۆن قسەبکەین، چۆن پەیوەندی دروستبکەین. بۆ ئێمە ئەزموونێکی زۆر زەحمەت بوو. بەڕێز ئۆجالان کەسایەتیەکی کاریگەر بوو کە باوەڕیی بە مرۆڤ دەهێنا.
هەرکەسێک چووبێتە لای ڕێبەر ئاپۆ، قسەی لەگەڵ کردبێت باوەڕیی پێهێناوە و کاریگەری لەسەر داناوە. لە کاتی قسەکردندا بۆئەوەی فشار نەخاتە سەر بەرانبەرەکەی سەیری چاوی نەدەکرد، پرسیاری دەکرد و وەڵامی کاریگەری دەدایەوە. ئەو کاتە لەوە تێگەیشتم کە تەنها بە سەیرکردنی تەلەفزیۆن یاخود گوێگرتن لە ڕادیۆ مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت ڕێبەر بناسێت. تاوەکو لە نزیکەوە نەیبینیت، ناتوانیت بەڕاستی لێی تێبگەیت."
زەکی پرسوس ڕایگەیاند کە سەردانەکەی ئەوان مانگ و نیوێک بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا زۆر بیرەوەری گێڕایەوە و وتی، "بەیەکەوە نانمان خوارد، قسەمان کرد. لەو کاتەدا خەڵک و گرووپی زۆر دەهاتن سەردانی ڕێبەرێتی بکەن. شۆک ببووم کە ئەو هەموو خەڵکە چۆن دەناسێت، چۆن بیری دەمێنن. بەڕاستی گێڕانەوەی تایبەتمەندی و کاریگەری ڕێبەرێتی تەواو نابێت؛ ڕێبەرێتی تەنها بە بینینی و ژیانکردن لەگەڵیدا دەکرێت بە تەواوەتی ئاشنای ببیت و لێی تێبگەیت."
'ڕۆژانە ٤-٥ کاتژمێر دەخەوت'
زەکی پرسوس باسی لەوە کرد، دیدارەکان لە نانی بەیانییەوە دەستی پێ دەکرد و تاوەکو کاتژمێر ١٥:٠٠-١٦:٠٠ بەردەوام دەبوو، زەکی وتی، "پلەی گەرما وردە وردە لە ٤٥ پلەی سیلیزی نزیک دەبووەوە، بەڵام ئێمە لە قسەکردن لەگەڵ ئەودا تێرنەدەبووین. لەو کاتەدا میوان، ڕۆژنامەوانان، باڵیۆزانی باڵا و شاندەکان لە ئاستی دەوڵتدا دەهاتن. لە ڕۆژێکی دوور و درێژدا، تەنها ٤-٥ کاتژمێر دەیتوانی بخەوێت."
پرسوس ئاماژەی بەوە کرد، لەو سەروبەندەدا کاتێک لەگەڵ خەڵکی عەفرین و قامیشلۆدا قسەیان دەکرد، گەل خۆشەویستی و سەرسامیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ گەلێک زۆر بوو.
'هیچ لە مۆڕاڵەکەیی کەم نەبووەتەوە'
زەکی پرسوس ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەر ئاپۆ کە لە ساڵی ١٩٩٣ـدا ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند، لە ساڵی ١٩٩٨ـدا لەسەر هەمان هێڵی ئاشتییانە بەردەوام بوو، لە ساڵی ٢٠٢٥ـیشدا لەسەر هەمان هەڵوێستە و وتی، "ئەو کاتەش بە مۆڕاڵ بوو، بە بوێرییەوە قسەی دەکرد. پەیامە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکرایەوە، لە دیمەنەکەدا دەرکەوت کە هەرچەند قژیشی سپی بووە، بەڵام شێوەی ئاخاوتنی، جۆشوخرۆش و مۆڕاڵەکەی وەکو خۆی ماوە. ئەوەی گۆڕاوە تەنها بارودۆخی جەستەییەتی؛ ڕوحی وەکو ڕۆژی یەکەمە."
'بانگەواز بۆ ئاشتی هیوای بەخشی'
پرسوس باسی لەوە کرد، بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەویش گەلێک مانادار و کاریگەر بوو و بەم قسانە ئاماژەی بە گرنگیی خاوەندارێتیی کردن لەم بانگەوازە کرد:
"ئەم بانگەوازە هیوای بە ئێمە بەخشی. مێژوو و ئەزموونێکی تێکۆشانی ٥٠ ساڵە هەیە. هەڵسەنگاندن و فکرەکانی ڕێبەرێتی بۆ ئێمە یەکلاکەرەوەن. ئێمە متمانەمان بە بۆچوونەکانی ڕێبەرێتی هەیە. لەبەرئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەرچی وتبێت ئەمڕۆ هاتووەتە دی. هەربۆیە پێویستە ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ بکرێت و گوێ لە بۆچوونەکانی بگیرێت. لە ڕێی میدیاوە تێگەیشتن و ئاشنابوون بە خواستەکانی کورت دەهێنێت."
'هەنگاو بۆ دواوە نانێن و بەردەوامن لە ئامانجەکەیان'
زەکی پرسوس ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و ڕایگەیاند، "بەدەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە زانیم کە هەنگاو بۆ دواوە نانێن. بۆ دەستهێنانی ئامانجەکەی ناچار بە دەستپێکردن بوون، هەربۆیە سڵاویان کرد و دەستیان بە پرۆسەکە کرد. ئەگەر ئێمە بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان بەجێبهێنین، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستدێت. گەلی کورد لە پرۆسەکەدا سەردەکەوێت. پێویستە لەلای خۆمانەوە کار بۆ ئەم سەرکەوتنە بکەین."