کڵاشی دەستچنی ژنانی هەورامان
ژنانی هەورامان کە بە هەموو تواناکانیانەوە بەردەوامن لە پاراستنی کوڵتوری مێژویی خۆیان، ئێستاش بە دەسڕەنگینی خۆیانەوە لە کارە کڵاشچنین هەمان هەوڵوێستی هونەری خۆیان دەنوێنن.
ژنانی هەورامان کە بە هەموو تواناکانیانەوە بەردەوامن لە پاراستنی کوڵتوری مێژویی خۆیان، ئێستاش بە دەسڕەنگینی خۆیانەوە لە کارە کڵاشچنین هەمان هەوڵوێستی هونەری خۆیان دەنوێنن.
کڵاشچنین پیشەیەکی مێژوویی سەلیقەدارانەی هەورامییانەیە، سەردەمێکە هەورامییەکانی پێ ئەناسرێتەوە و ڕازی چنینی کڵاشی هەورامییانە چووەتە نێو چەندین داستان و کتێب و فیلم و گێڕانەوەوە. جگە لە دیوە ماددی و بازرگانییەکەی دیوێکی ئیستاتیکی و هونەرییشی هەیە. سەردەمانێک کاری پیاوان بووە بەڵام ئێستاکە ژنانیش بە هاوبەشی دەستیان داوەتێ و سەلیقە و نەخشی ژنانەی خۆیان بە پیشەکەوە دیارە و جوانی و ڕەهەندێکی تری هونەرییان بەخشیوەتە پیشەکە. ژنە دەسڕەنگینێکی هەورامانی ڕۆژهەڵات کە خەڵکی گوندی "دزڵی"یە، ماوەی ٢٠ ساڵە کڵاش دەچنێ، بەم شیوەیە باسی کارەکەی دەکات:
زەمانە ڕەحیمی لە سەرەتای قسەکانی ئاماژە بە چۆنیەتی ئاشنابوون لە گەڵ ئەم پیشەیە کرد و وتی: "سەرەتا بە کڵاشی بچووک "مناڵانە" دەستم پێ کرد و دواتر فێری "دەورچنین" و "ساکار" و ئێستاکە کڵاشچنێکی باشم و بەوردی کڵاشی گەورانەش دەچنم."
لەبارەی سەرەتای جۆری ئیشکردنەکەوە ژنە هەورامییەکە وەها ڕونی کردەوە: "کڵاش لە جاری یەکەمدا پارچەیە، دەیهێنن و ڕەنگی ئەکەن بە ڕەنگی شین و سوور، پارچەکە بە پیێ ئەندازە دەبڕن و تیکەتیکەی دەکەن لە بنەکەیدا. تا دەگاتە دەستی ئێمەی ژنان، سێ قۆناغی گرنگی دەمێنێت کە دەسڕەنگینی و هونەرکارییە بەزۆری، ئەویش قۆناغەکانی "دەورچنین" ژنێک ئەیکات و "ساکارچنین" ژنێکی تر دوا قۆناغ کە "دامگەڕ"ە، ژنێکی تر."
"کڵاش پێڵاوێکی خۆمانەی ڕەسەنە و لە گەڵ جلی کوردیدا تەواو دێتەوە"
زەمانە ڕەحیمی، ژنە دەسڕەنگینەکە جەختی خستە سەر پاک و خاوێنبونی کاری کڵاشچنین و وتی: "سەردەمێکە ژنان لە تەک هاوژینەکانیاندا دەسیان داوەتێ و دەرامەدێکی باشی بۆ ژنان هەیە، من کە بیست ساڵیکە کڵاشچنم سوودی زۆرم لێ بینیوە و فریای خۆم و ماڵ و مناڵم کەوتووە و زۆرێک لە کۆسپەکانی ژیانم پێ چارە کردووە. لە ڕووی کولتوورییشەوە کڵاش پێپۆشێکی خۆمانەی ڕەسەنە و لەگەڵ جلی وەک "ڕانکوچۆغە" و "کەواوپانتۆڵ"دا تەواو دێتەوە و تەنسیقە و بۆن و بەرامەی نییە و ڕاست و چەپیشی نییە. لەبارەی زۆربوونی ئیشەکەوە وتی ئێستا بە بۆنەی زۆربوونی دانیشتووانەوە پیشەکە زۆر بووە و کڵاش دەنێررێتە زۆر شوێن و ئەم زۆرییەش بڕێک کاری کردووەتە سەر دەرامەتی ئیشەکەمان، جگە لەوەش ئێستا بە بۆنەی دۆخی دارایی و پارەوە کەمتر جێگە دەگرێت بەڵام جاران باشتر بوو."
"کڵاشچنین بووەتە پیشەی سەدا پەنجای ژنانی مەریوان"
ئەم ژنە کڵاشچەنەکە ڕایگەیاند کە سەردەمانێک ١٠٠ شاگردی هەبووە و ٢٠٠-٣٠٠ جووت کڵاشی داوەتە چنین و وتی: "خەڵکی مەریوان لە سەدا پەنجای ژەنەکانیان کڵاش دەچنن و بنەماڵەی وا هەیە ژنەکە و هاوژینەکەشی ئەم پێشەیەیان هەیە و گوزەرانی پێ ئەکەن. بە جۆرێک ناوبانگی چنینی هەورامییانەی کڵاش لە کوردەوار و عێراق و ئەوروپایشا ڕۆشتووە و خواستی کڵاشی هەورامییانەیان هەیە."
وەستاکارە هەورامییەکە نەیشاردەوە، ئەگەر کارەکە هیی خۆت بێ باشترە و داهاتەکەی زۆرترە و وەها کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئێستا داهاتەکە بەشە فرەکەی بۆ خاوەن کڵاش "بازرگان"ەکەیە و کەمتر بۆ کڵاشچنەکانە، جگە لەوەی کڵاشچنینیش بەشی خۆی گرفتی هەیە بۆ کڵاشچنەکان، لە نموونەی کزبوونی چاو، ملئێشە، قۆڵئێشە و سەرێشە."
هـ . ب