'تورکیا هەموو ڕێککەتننامە ئاوییەکانی لەگەڵ عێراقدا پێشلکردووە'

حسێن مەردان ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا؛ تورکیا هەموو ڕێککەتننامە ئاوییەکانی بەرامبەر بە عێراق پێشلکردووە.

حسێن مەردان ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق، پەیوەست بە پێشلکاریییە ئاوییەکای دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر عێراق قسەی بۆ  بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق کرد و وتی: "وەک لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی سامانەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵ هەبووە و دەرکەوت، کە تورکیا پابەند نەبووە بە هەموو بڕیارەکانی پێشوو و ئەو بڕیارانەی کە لە نێوان حکومەتی عێراق و تورکیادا واژۆکراوە."

'ئەو بڕە ئاوەی لە ئێستادا تورکیا بەریدەداتەوە پێشێلکردنی ڕێککەتننامەکانە'

حسێن مەردان باسی لەوەش کردووە؛ "لەگەڵ لایەنی تورکیا ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردانەوەی ئاو بە بڕی ٧٠٠ هەزار مەتر چوارگۆشە، بەڵام تەنها ١٨٠بۆ ٣٠٠ هەزاری بەرداوەتەوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی هەموو ڕێککەوتنەکان دادەنرێت."

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو، دەشڵێت: "لە سەردانەکەماندا بۆ لای سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆماری عێراق، داوامان کرد چارەسەری جدی بدۆزینەوە بۆ سنووردارکردنی ئەو پێشێلکارییانە، هەروەها لە کۆنفرانسی ئاوی ئەندەنوسیادا داوامان لە تورکیا کرد کە بەشداری لە ڕێککەوتنی دەریا هاوبەشەکان و ئاوە هاوبەشەکان بکات، چونکە ئەم ئاوانە بۆ هەموو وڵاتانە نەک تەنها تورکیا."

جەختیشی کردەوە؛ "لەسەدا ٨٧ی ئاوی عێراق لە تورکیاوە دێت، هەروەها لە ٧٪ لە ئێرانەوە دێت و لە ٨٪ـیش ئاوی ناوخۆییە، کە عێراق بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوی تورکیا دەبەستێت."

سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی ئاویش، مەردان ئاشکرایکرد؛ "پێویستە سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بکات، چونکە بودجەی ئەم وەزارەتە کەمە و توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکەی بەشێوەیەکی ڕیشەیی نییە."