خواستی ئەوە هەیە لە مێرگە هاوبەشەکانی ناوچەکانی ئاگاچلی، کایناک و نارلجی سەر بە هەرێمی پاسووری ئامەد پڕۆژەی وێستگەی وزەی خۆر (GES) دروست بکرێت.
وێستگەکە لە لایەن کۆمپانیایەک بە ناوی (VBZ)ـەوە دروست دەکرێت و پلانی ئەوە دادەنرێت لەسەر گۆڕەپانێکی ٢٥،٧١ هێکتار زەوی دروست بکرێت، لە ٣٠ هەزار و ٩٠٩ پانێڵی وزەگری خۆر و دامەزراوەیەکی هەڵگرتنی وزەی لیتیۆم-ئایۆن بە توانای ١٧ مێگاوات پێک دێت. گوندنشینان و هاووڵاتیانی هەرێمەکە ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرانبەر پرۆژەکە دەربڕیوە، کە پلانی ئەوە دادەنرێت لەسەر مێرگ و لەوەڕگاکانیان دروستبکرێت.
دەرکەوت کە وێنەکانی "زەوی سوێر"ی کۆمپانیاکە کە لە دۆزی " ÇED" (هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی)دا بەکاریهێناوە، وێنەی ڕاستی نەبوون و کۆمپانیاکە ئەم ساختەکارییەی بەکارهێناوە بۆ پەسەندکردنی ڕاپۆرتی چەد.
نوسینگەی یاسایی ئامەد سكاڵایکرد و گوندنشیانەکانیش بە بڕیارن لە پاراستنی گۆڕەپانە ژیانییەکانیان.
گۆڕەپانی پڕۆژەکە کە وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا ڕاپۆرتەکەی چەدی پەسەند کردوە، تەنها ٤٨ مەتر لە ماڵی گوندنشینەکانەوە دوورە. مێرگ و دەریاچەی گوندنشینەکان کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیانن، ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بوونەتەوە.
'بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە دۆسیە کرایەوە'
ئەندامی کۆمیستۆنی شار و ژینگەی نوسینەگەی یاسایی ئامەد پارێزەر بەرفین کلینچ پەیوەست بە پڕۆژەکەوە ئاماژەی بەوەدا کە پلانی ئەوە دادەنرێت پڕۆژەکە لەسەر مێرگەکانی گوندنشینەکان دروست بکرێت و گوتی: دەیانەوێت لێرە پڕۆژەیەکی وێستگەی وزەی خۆری گەورە دروست بکەن. کۆمپانیاکە ڕاپۆرتی ئامادە کرد و وەزارەتیش ڕاپۆرتەکەی پەسند کردوە، بڕیاریداوە ڕاپۆرتی چەد بدات. ئێمەش لە بەرانبەر ئەمەدا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە سەردانی دادگای ئیدری ئامەدمان کرد."
''دژ بە ڕاپۆرتەکە ساختەکە سکاڵا تۆمارکراوە'
وتیشی: "لە بەرانبەر ئەم ساختەکارییە پڕۆژەی یاسایمان دەستپێکردوە. بەوردی ئاگاداری پڕۆسەکە دەبین. گوندنشینەکان بە بڕیارن کە گۆڕەپانە ژیانییەکانیان بپارێزن و ئێمەش پشتگیرییان دەکەین."
'دەیانەوێت لە ڕاستییەکانمان دوور بخەنەوە'
دانیشتوانی گوندەکە ڕایانگەیاند بۆ پاراستنی خۆیان و مێرگ و لەوەڕگاکانیان درێژە بە تێکۆشانیان دەدەن و بۆ ئاژانسمان قسەیان کرد.
گوندنشینێکی خەڵکی گوندی ئاگاچلی ڕایگەیاند: "مێرگەکانمان لەناو دەچن، گەرمای وێستگەی کارەبا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێمەش هەیە. پڕۆژەکە زۆر نزیکە لە ماڵەکانمانەوە، ماڵ و شوێنی ژیانمان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە. ئێمە دژی ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانەکانمان.
'ناتوانن لە شارەکاندا زیندانمان بکەن'
ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ بە ناوی خاتوو دەمیرهان بەشداری چالاکییەکان بوو و ڕایگەیاند: "دەیانەوێت بەرەو کوێ بچین؟ ئێمە نامانەوێت لێرە هیچ شتێک زیانمان پێ بگەیەنێت. ئێمە لە ڕێگەی کاری خۆمانەوە بژێوی ژیانمان دابین دەکەین.
کۆمپانیاکان هی ئێمە نین، ئێمە تەنها بیرمان لای ژیانی خۆمانە. بەساڵانە لێرە دەژین، تازە هاتوون و دەیانەوێت لێرە ئاوارەمان بکەن. ئێمە رێگە نادەین ئەم پڕۆژەیە لێڕە جێبەجێ بکرێت. ئەوان ناتوانن ئێمە ئاوارەی شارەکان بکەن و لە شارەکاندا زیندانیمان بکەن."
'ژیانی گیانلەبەران دەکەوێتە مەترسیەوە'
هەروەها نوریە شەکر دایکێکی تەمەن ٧٥ ساڵ سەبارەت بە پڕۆژەکە ڕایگەیاند: "داوا لە مرۆڤایەتی دەکەم. ئەمڕۆ لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان هەوڵی وێرانکردنی گوندەکانمان دەدەن. ئێمە لێرە لە ڕێگەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بژێوی ژیانمان دابین دەکەین. ئەوان دەیانەوێت ئاوارەی شارەکانمان بکەن. بەڵام ئێمە هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و ڕێگە نادەین. ئەم پڕۆژەیە تەنانەت زیان بە هەموو گیانلەبەران دەگەیەنێت."