بە گوێرەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مرۆڤی کوردستان؛ دوو هاوڵاتیی کورد بە ناوەکانی مووسا یادیار و هەمزە یادیار، کە برای یەکن و خەڵکی گوندی گۆکتەپەی سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کران و هۆکارەکەشی بۆ پۆشینی جلوبەرگی خاکی و جامانە لە ئاهەنگێکی زەماوەند دەگەڕێتەوە.
ڕێکخراوی کۆمەڵەی مرۆڤی کوردستان پەیوەست بە سزادانی دوو مامۆستای ئاینی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە گوتی: " دوو مامۆستای ئاینی کورد بە ناوەکانی سەلام مەحموودیان پێشنوێژی مزگەوتی گوندی بێورانی خواروو و حەسەن خزری پێشنوێژی مزگەوتی گوندی بێورانی سەرووی سەر بە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکان لە ورمێ هەر یەکێکیان بە دوو ساڵ زیندانی و بە پێبژاردنی ٢٠ ملیۆن تمەن سزا دران."