هەوڵی تیرۆرکردن لە ١٩٩٦ چۆن بوو؟ کە هەوڵدرا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تیرۆر بکرێت، بۆ بەدەستپێکی پێلانگێریی نێودەوڵەتی دەستنیشان دەکرێت؟ دەوڵەتی تورک بۆچی ٦ـی ئایاری هەڵبژارد و چۆن کەشوهەوای نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەوڵی تیرۆرکردنە ئامادەکرد؟ لەم دۆسییەیەدا کە لە ڕۆژ نیوزدا بڵاوکراوەتەوە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ تیرۆرکردنی ڕێبەر ئاپۆ دەخرێتەڕوو.
هەوڵەکانی تیرۆرکردن
لەو کاتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە گەشتەکەی بۆ شۆڕشی کوردستان کرد، چەندین جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە.
دەستپێکی هەوڵەکانی تیرۆرکردنی ڕێبەر ئاپۆ چەند ڕۆژێک پێش دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامدرا، ڕێبەر ئاپۆ بۆ پێشخستنی بەرخۆدان دوای شەهیدکردنی خالیل چاڤگون یەکێک لە کادرە پێشەنگەکان لە حیلوان چوو بۆ ڕحا، کاتێک بە ئۆتۆمبێلێکی ڕەنگ زەرد لە حیلوانەوە دەچووە هۆشین ئۆتۆمبێلەکەی گوللەباران کرا، لە بەختی ئەو بەبێ ئەوەی بریندار ببێت ڕزگاری بوو، لە ماوەی ٢٠ ساڵیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار هەوڵی هێرشکردنەسەری درا.
پرۆسەی ئاگربەست
دوای پرۆسەی ئاگربەستی سەرەتایی ناسەرکەوتووی ساڵی ١٩٩٣ و دوو ساڵ لە شەڕی قورسی کوردستان، لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٥ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە ڕێگای هەندێک ناوبژیوانەوە داوای ئاگربەستیان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد، تورکیا خۆی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٤ـی کانوونی یەکەم ئامادە دەکرد، سیاسەتی تورک بە سەرۆکایەتی چیللەر، یڵماز، ئەجەڤیت و ئەرباکان، لە ڕۆژە هەرە ئاڵۆزەکانی مێژووی خۆیدا بوو، ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ پرۆسەیەکی نوێ بکاتەوە لە ١٥ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ بە تەلەفۆن لەگەڵ مەدیا تیڤی قسەی کرد و ئاگربەستی ڕاگەیاند.
پاش هەڵبژاردنەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی ١٩٩٦، ڕژێمی ئەنقەرە وەڵامی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بە کۆمەڵکوژییەک دایەوە، لە ١٦ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٦ لە ناوچەی باسانی شرناخ سەرەتا مینی پاسێک گوللەباران کرا و سووتێندرا و ١١ کورد کۆمەڵکوژکران، ئەوکات فەرماندەیی گشتیی تورک هەوڵیدا بە ڕاگەیاندراوێک ڕووداوەکە بخاتە ئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دوای ماوەیەکی کورت ئاشکرا بوو کە “ژیتەم”ـی مەکینەی کردەوە کوشتنەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان کۆمەڵكوژییەکەی ئەنجام داوە، سەرەڕای ئەوەش پەکەکە لە ئاگربەست بەردەوام بوو.
بێگومان وەڵامی دەوڵەتی تورک بۆ ئاگربەست تەنها بەو شێوەیە نەبوو، بەڵکو لە زستانی ١٩٩٦ لە کوردستان شەڕ قورستر کرا و بۆ لەناوبردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ یەکەکانی کۆنترگەریلا بەکارهێنران، لە ڕۆژانی سەرەتای مانگەکانی بەهاردا فەرمان بە محەمەد ئەیمور سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنی میت درا بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەوکات لە شام بوو، تیرۆر بکات.
پیلانەکە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە ئامادەکرابوو لەلایەن وەزیری ناوخۆ، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارەوە پەسەند کرا، لە بودجەی نهێنیش ٢٥ ملیۆن دۆلار تەرخان کرا، ناوی پیلانەکەش نرا “ئۆپەراسیۆنی مارسیدس”، چونکە بەپێی پیلانەکە دەبوایە ئۆتۆمبێلێکی مارسیدسی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم ئەو ماڵەی کە پێشبینی دەکرا ڕێبەرئاپۆی تێیدا بێت، بتەقێنرایەتەوە، ئەیمور بۆ ئەم کارە محەمەد یڵدرم بە کۆدناوی “یەشیل” تەقەکەری ژیتەمی ڕاسپارد.
ترافیکی دیپلۆماسی پێش هەوڵی تیرۆرکردن
لەو کاتەی کە یەکینەکانی دەزگای هەواڵگری و ژیتەم لەگەڵ هاوکارانی خۆجێی و دانپێدانەراندا کە خۆیان بۆ تیرۆری پەکەکە ئامادە دەکرد، لە ئەنقەرە ترافیکێکی زۆری دیپلۆماسی هەبوو.
لە ٢٧ـی ئاداری ١٩٩٦، دەمیرەل سێ ڕۆژ لە ئەمریکا مایەوە، بابەتی هەرە گرنگیش کارکردن دژی پەکەکە بوو، دەوڵەتی تورک کە “قەیرانی کارداک”ـی هەبوو لەگەڵ یۆنان، وەک مەرجی کۆتاییهێنان بە ناکۆکی لەگەڵ ئەسینا، داوای لە سەرۆکی ئەمریکا بیل کلینتۆن دەکرد کە لە خەباتی دژی پەکەکەدا زیاتر پشتیوانیان لێ بکات.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دوای ساڵانێک لە بەرگرییەکانیدا کە لە ئیمرالی نووسیبووی، سەرنجی ڕاکێشایە سەر چاوپێکەوتنی نێوان سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆستاس سمیتس و سەرۆکی ئەمریکا بیل کلینتۆن لە ٩ـی نیسانی ١٩٩٦ و ئاماژەی بەوەدا، بۆ لەناوبردنی، سمیتس قبووڵی کردووە لەگەڵ ئەمریکا هاوکاری بکات.
هەروەها لەو ڕۆژانەدا لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل نزیکبوونەوەیەکی مێژوویی هەبوو، ڕژێمی ئەنقەرە و ئیسرائیل لە یەکتر نزیک دەبوونەوە، ڕژێمی ئەنقەرە دۆستی نزیکەکانی خۆی وەک میسر و وڵاتانی عەرەبی خستە پەراوێزەوە و لەگەڵ ئیسرائیل “پەیمانی هاوکاری سەربازیی و ڕاهێنان”ـی واژۆ کرد، ئەنقەرە بۆ ئەوەی میسر لەبارەی پەیمانەکەوە بێدەنگ بمێنێت هەوڵی دەدا قەناعەتی پێ بێنێت، لە کۆبوونەوەی دوو وڵاتەکەدا بابەتەکە دوای مشتومڕی زۆر گەیشتە قەیرانی تورکیا-سووریا، لە ٢ـی ئایاری ١٩٩٦ وەزیری دەرەوەی میسر عامر موسا کە هاتبووە ئەنقەرە وتی: “ئێمە باوەڕمان وایە کە کێشەکانی نێوان تورکیا-سووریا لەسەر مێز چارەسەر بکرێن.” پەیامەکە ئاماژەی بە دانووستانەکانی نێوان ئەنقەرە-شام دەکرد کە چەند ڕۆژ دواتر لە شام ڕوویان دا. (دەسەڵاتی میسر کە حوسنی موبارەک سەرۆکی بوو، لە پرۆسەی پیلانگێڕی ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ـدا ڕۆڵێکی هاوشێوەی دەگێڕا.)
تەقینەوە
تیمی تیرۆرکردن سەربە دەوڵەتی تورک کە ماوەیەکی زۆر لە شام خۆیان بۆ هێرشی تەقینەوە ئامادە دەکرد، لە ٦ـی ئایاری ١٩٩٦ دەستیان بە جوڵە کرد، ئەم ڕۆژە بە هەڵکەوت هەڵنەبژێردرا، بەڵکو پاشخانێکی هەبوو ئەوەش ئەوەبوو، بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی شۆڕشی تورکیا دەنیز گەزمیش، یوسف ئەسلان و حسێن ئینان لە ٦ـی ئایاری ١٩٧٢ لە سێدارە درابوون.
ڕۆژی ٦ـی ئایاری ١٩٩٦ لە بەردەم خوێندنگەی ناوەندی پارتی (پەکەکە)، کە ڕێبەر ئاپۆ زۆرجار لەوێدا وانەی دەوتەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کە یەک تۆن تەقەمەنی جۆری C4ـی تێدابوو، لە کاتژمێر ١٠:١٧ خولەکی بەیانی بەمەبەستی تیرۆرکردنی ڕێبەر ئاپۆ تەقێندرایەوە.
تەقینەوەکە هێندە بەهێزبوو، لە هەموو شام دەنگی بیسترابوو، هەڵبژاردنی ئەو جێگەیەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە ڕێبەر ئۆجالان و بەشێکی گرنگ لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە، بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی، لە ئەکادیمیایەکی نزیک ئەو جێگەیە بوون، بەڵام ئەم هەوڵە شکستیهێنا و ڕێبەر ئاپۆ ڕزگاریی بوو.
شام ئەو کەسانەی گرتبوو، ئازادیی کردن
سەرحەد ئەرزڕۆم، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە لە کاتی هێرشەکەدا بۆ ئامادەکاری کۆنفرانس لە شام بوو، ساڵی ٢٠١٣ بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژەی کردووە: “ئەو شوێنەی کە ئێمە ئامادەکاری کۆنفرانسمان تێدا دەکرد، نزیک بوو لە قوتابخانەی ناوەندی پارتی لە شام، کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویدا، ڕێبەرایەتیمان دەبوایە ئەو ڕۆژە بیهاتایە ئەکادیمیا و پەروەردەی بدایە، بەهۆی کارەکانەوە هەندێک درەنگ کەوتبوو، ئەم درەنگکەوتنە ڕێبەرایەتیمانی لە ڕووداوەکە ڕزگار کرد، دەنگێکی زۆر زۆر بەرز بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە لە نزیکەوە بووین هەوڵماندا تێبگەین ئەوە دەنگی چییە. ئەو درەختانەی کە ٥٠٠ مەتر لە شوێنی تەقینەوەکە دوور بوون، بەهۆی تەقینەوەکە لە بنەوە هەڵکەندرابوون و ٥٠ مەتر دوورتر فڕێدرابوون، هەروەها زیانێکی گەورە بە ماڵەکانی نزیک تەقینەوەکە گەیشتبوو، هەشت کەس کە ئەم کارەیان کردبوو گیران و بۆ ئەوەی ڕادەستی وڵاتەکەیان بکرێن، ئازاد کران.”
وەڵامی ئاشتی
ئێوارەی ئەو ڕۆژەی کە هێرشە بۆمبییەکە ڕوویدا، ڕێبەر ئاپۆ لە پەخشی ڕاستەوخۆی مەد تیڤی قسەی کرد و وتی: “ئێمە باسی ئاشتی و برایەتی دەکەین، دەڵێین ئەم شەڕە کۆتایی پێ بێنن، بەڵام بە بۆمب وەڵاممان دەدەنەوە.” واتا پێش تەقینەوەکەوە لە ڕێگەی هەندێک ناوبژیوانەوە لە نێوان ڕژێمی ئەنقەرە و عەبدوڵا ئۆجالاندا پەیام دەهات و دەچوو.
هەم ئاگربەستەکە کە پەکەکە ڕایگەیاندبوو و هەم سەرنەکەوتنی کردەوە تیرۆرییەکە لە پرۆسەی دیالۆگدا وای کرد کە هاوپەیمانانی حکومەتی ANAP-DYP بکەونە گیانی یەکتر، سەرۆکی گشتی DYP تانسو چیللەر، مەسعود یڵمازی سەرۆکی گشتیی تۆمەتبار دەکرد بەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکەدا هاوکاری کردووە، بۆیە تەمەنی حکومەت تەنها سێ مانگی خایاند.
واتای هێرشەکە
ڕێبەر ئاپۆ لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، لە مەدیا تیڤی دەربارەی پشت پەردەی نێودەوڵەتی تیرۆری ٦ـی ئایار ئەم هەڵسەنگاندنە سەرنجڕاکێشەی کردبوو: “پیلانگێڕی لە کۆتایی بەهاری ١٩٩٦ـەوە لەسەرمان بەڕێوەدەچێت، پیلانگێڕییەکی فرەلایەن و بەرفراوان بوو، تەنها لەسەر کەسێک نەبوو.
لە میسر کۆبوونەوەیەکی گەورەیان ئەنجام دا، پەیمانی ستراتیژی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دانرا، بە هەزاران یەکینە هێنران و هەروەها چەندین تیمی تایبەت نێردران بۆ ئەو ناوچەیەی کە ئێمە تێیدا بووین، ئەمانە هەمووی دیاری کران، لە کۆتاییدا ویستیان ئەم پیلانە دابنێن، سەرنەکەوتنی ئەوە شتێکی ترە، بۆچی کە دەڵێی پیلانی ٩٦، بەرژەوەندی ئەمریکا هەیە، کلینتۆن ڕۆژێک پێش ئەوە وتبووی “پەکەکە لە باشووری کوردستان کاریگەر دەبێت.” هەروەها ڕۆژێک پێش پیلانەکە ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل وتیان، “پێویستە ئامانج باشووری لوبنان نەبێت، پێویستە ئەو ناوچانە بن کە ڕێبەرایەتی پەکەکە تێیدا کار دەکات.” تورکیا خۆی بە هەموو جۆرە تیمێکی تایبەت، بە جێگیرکردنی نائاسایی سوپا بەدوامانەوە بوو، بەم پیلانە دەیانویست چی بکەن؟ دەیانویست چالاکییەکانی شۆڕشگێڕی-وڵاتپارێزیمان لە باشووری کوردستان ڕابگرن، شۆڕشی باکووری کوردستان و هەموو ناوچەکان پاکتاو بکرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گەشەکردنی دیپلۆماتیکمان کۆتایی پێ بهێنن، ئەگەر ئەم پیلانە سەرکەوتوو بووایە، تەنانەت مەترسییەکی بچووک نەدەما، مرۆڤ دەتوانێت بە کورتی بەو شێوەیە باس لە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی مێژوویی کە لە ساڵی ١٩٩٦ ئەنجام درا بکات.”
چالاکی فیدایی زیلان دژی پیلانەکە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە کتێبی پێنجەمی “مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک” بە ناوی “کێشەی کورد و چارەسەری نەتەوەیی دیموکراتیک” ئەوەی خستەڕوو کە ٦ـی ئایار سەرەتای پیلانەکە بوو کە لە ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ بە بەدیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی هات.
ڕێبەر ئاپۆ پێکهاتەی دەوڵەتی قووڵی ئەنقەرە کە پیلانی تیرۆرکردنیان داڕشتبوو و کاریگەری هێرشەکانیان لەسەر پەکەکە بەم شێوەیە باس دەکات: “شەڕ لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ زیاتر لەلایەن هێزەکانی گلادیۆ-ژیتەم-حزبوڵاوە بەڕێوە دەبرا. ئەم هێزانە کە بە دەسەڵاتی سەرووی یاسا و دەستوور پارێزراو بوون گوایە شەڕی مان و نەمانیان دەکرد. “مەترسی کورد”ـیان زۆر لە مەترسی یۆنان و ئەرمەن گەورەتر دەبینی. بەڕاستی لەسەر ئەم بابەتە پارانۆیا دروست ببوو. بەدوای پاکتاوکردنێکی تەواو بوون. چەندین پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییان بەڕێوە برد. تەنها لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بە پرسی کورد ئامادە کردبوو، ساکیپ ساباجییان کردە ئامانجی تیرۆرکردن. هیچ ڕۆژنامەنووسێک نەما کە نەخرێتە ژێر فشارەوە. لە ئەنجامی پیلانگێڕیی ٦ـی ئایاری ١٩٩٦ـدا کە دژی من ڕێکخرا (پیلانێک کە عەبدوڵا چاتلی، سەدات بوجاک و شارەوانی وێرانشار کەلەشابدیۆغلو پێکەوە تێیدا بەشدار بوون) تەقاندنەوەی بۆمبی هەزار کیلۆیی یەکێک لە نیشانەکانی ئەمە بوو. هەرچەندە هەوڵی تیرۆرکردنی ٦ـی ئایار سەرکەوتوو نەبوو، چالاکییە فیداییەکەی ٣٠ـی حوزەیرانی زیلان (زەینەب کیناجی) لە دێرسیم کە لە مەترسییە گەورەکانی ئەم هێرشە تێگەیشتبوو، ساڵی ١٩٩٦ کە لە ناوخۆ داخران و خنکاندنی تاکتیکی هەبوو و لە دەرەوە لەناوبردن فەرز دەکرا، گۆڕی بۆ ساڵێک کە ڕێگای تاکتیکی کرایەوە و ڕێگای سەرکەوتن ڕوونتر بوویەوە.”