باقرخان: دەبێت خۆمان لەم دەسەڵاتەی دوژمنی ئیکۆلۆژیە رزگاربکەین

هاوسەرۆکایەتی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە وتەیەکدا لە کۆنفڕانسی ئیکۆلۆژی لە بالیکەسیر وتی، "دەبێت خۆمان لەم دەسەڵاتە رزگار بکەین، کە تورکیا بەرەو کاولکاری و داڕمان دەبات".

رێکخستنی پارتی دیموکراسی و گەلان (دەم پارتی) لە بالیکەسیر کۆنفڕانسی ئیکۆلۆژی بالیکەسیری سازکرد و تیایدا پرسەکانی ژینگە و ئیکۆلۆژی و ئەو مەترسیانەی رووبەڕووی ژینگە دەبنەوە تاوتوێکران.

تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەسەڵات و سەرمایەداری بە شێوەی دڕندانە هێرش دەکەنە سەرجەم ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەر بە رانت و کاولکاری ژینگە بگرن، بەڵام ئەو سوێندەی خواردوومانە بۆ بونیادنانی وڵاتێکی ژینگەیی و سروشتی دەیبەینەسەر و وڵاتەکە پێشکەش بە سەرمایەداری ناکەین. باقرخان ئاماژەشی بە دیدارەکانی "نان و دادپەروەری" کرد و باسی لەوەکرد، کە هاوشانی تێکۆشانیان لەپێناو دیموکراسیدا، بەلای گەلی کوردەوە تێکۆشان لە دژی قڕکردنی ئیکۆلۆژیش گرنگە.

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو کە سەرباری ئەوەی وڵاتەکە لە ناو قەیران و بارودۆخێکی ناهەمواردایە، بەڵام کۆمپانیاکانی سەرمایەداری زۆر دۆخیان لەبارە و دڵخۆشن، چونکە دەسەڵاتیش وەک ئەوان بیر دەکاتەوە، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ قڕکردنی ئیکۆلۆژی بەردەوام و بێ وەستان کۆمەڵە یاسایەک دەخەنە بەردەم پەرلەمان، کاتێک ئۆپۆزسیۆنێکی لاواز بەرامبەریان هەبێت، هەموو کردەوە نایاساییەکانیان بە ئاسانی بۆدەچێتەسەر."

لە درێژەدا باقرخان ئەوەی خستەڕوو، کە دەسەڵاتی ئاکەپە لە هەر شوێنێک چیایەک، رووبارێک، دارستان و بەنداوێک ببینێت بە چاوی تاڵان لێی دەڕوانێت. ئەوەشی خستەڕوو کە دەسەڵاتی ئاکەپە لە ماوەی ٢٢ ساڵدا ٣٢ جار یاسای دارستانەکانی گۆریوە. ئێمە بەرەوڕووی دەسەڵاتێکین کە دوژمنایەتی بەرامبەر بە دارستان، سەوزایی، رووبار، چەم، جیا، کوردانی خۆڕاگر و ژنان دەکات. بۆ یەکەم جارە لێرە دەیڵێم، لەئێستادا لایەنەکانی دەسەڵات ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی پێشنیازەیاسایەک بۆ کۆمپانیاکانی بواری کانزا ئامادەبکەن بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بە شێوەی ئاسانتر بتوانن ژینگە تاڵان بکەن. کارەکەمان دژوارە، ئەگەرجی لەسەدا ٨٠ی کۆمەڵگەی تورکیا وەک ئێمە بیردەکاتەوە. تەنیا کەموکورتیمان لە رووی رێکخستنبوونەوەیە. دەبێت پێکەوە لە دژی ئەم دەسەڵاتەی ئیکۆلۆژی قڕ دەکات تێبکۆشین". جەخشتیشی کردەوە، "دەبێت پێکەوە خۆمان لەم دەسەڵاتداریەی تورکیا گەیاندووەتە بەردەم لێواری داڕمان رزگار بکەین".