بە دیمەن

شەهید هۆزان سەرحەد؛ دەنگ و ئاوازی بەرخۆدان

هەندێک ناو تەنها ناگوترێنەوە بەڵکو هەمیشەیش دەبنەوە. هەندێک سۆزی دەنگ بە تەنها نابیسترێن بەڵکو دەبنە لە دایکبوونەوەیەک. دەنگی هۆزان سەرحەدیش لەو دەنگانەیە: لە گۆڕدا نا، بەڵکو لە چیا و لە هۆشی مرۆڤدا ناونشین بووە.

هۆزان سەرحەد

خاک زمانی نییە بۆ گوزارشتکردن لە هەستەکانی، بەڵام کاتێک گوێی لە دەنگی ئاوازێک دەبێت دەهەژێت. هەندێک جار ئاوازێک دەبێتە دەنگدانەوەی گەلێک، ئەو دەنگدانەوەیە لە قەدپاڵی چیاکاندا دەبێت، دادەوەرێتە ناو یادەوەری مردووەکان، ماتەمینی دەگێڕێت و هاوکات بەرەنگاردەبێتەوە. دەنگ و ئاوازی هۆزان سەرحەد دەنگێکی لەو شێوەیە بوو؛ زمانی خاکێکی بێدەنگکراو، دەنگدانەوەی گۆرانییە سەرکوتکراوەکانە.

موزیکی هۆزان سەرحەد تەنها بە ئاواز نا، بەڵکو بە بیر و حەسرەت و جوانەمەرگی هۆنراوەتەوە. ئەو دەنگەکەی لە ئازاری گەلەکەیەوە وەرگرتووە، وشەکانیشی لەناو شیوەنە لەبیرکراوەکان دۆزیوەتەوە. هەر بەرهەمێک کە ئەو وتی، تەنها گۆرانییەک نەبوو، سەرلەنوێ وتنەوەی ژیانێکی لەدەستچوو بوو. لە گۆرانی 'چوکا سەرێ دارێ (باڵندەی سەر دارەکە)'دا، ئەم باڵندەیە تەنها مێتافۆڕێکی ئاسایی نییە، هەستی پەرتبووی گەلێکە. بەڵام مەبەست لەم باڵندەیە تەنها گەل نییە. ئەو بێدەنگییەی نێو دڵی سەرحەدە. ئەم باڵندەیە لەسەر زامێک نیشتووەتەوە نەک لەسەر خاکێک. ڕابردوویەک نییە کە تێیدا شوێنی هەبێت، داهاتوویەک نییە کە هێلانەکەی تێدا دروست بکات. سەرحەد لە باڵەکانی ئەم باڵندەیەدا نەک تەنها گەلەکەی، بەڵکو دەنگدانەوەی جیهانە ناوخۆییە پارچەکراوەکەشی هەڵدەگرێت.

ئەو منداڵی گوندە سووتێنراوەکانی کوردستان، منداڵی گەلێکی ئاوارەکراو و دایکە ماتەمگێڕەکان بوو. هونەر بۆ ئەو هاندانێک نەبوو، ناچارییەک بوو. لەبەرئەوەی بوون لە هەمان کاتدا گێڕانەوە بوو. لەبەرئەوەی گێڕانەوە، بڵندترین شێوەی ژیان بوو. لە هۆڵەکانی کۆنسێرڤاتواری زانکۆی ئەگەدا، ئەو دەنگەی لە تێنووسەکەی ئەودا نەخشێنرا، چرکەساتی دەستپێکی شیوەنێک بوو کە دەبوایە ڕۆژێک لە قەدپاڵی چیایەک دەنگبنداتەوە. ئەو ئاوازەی تیۆریانە هاتە بوون، لە ماوەیەکی نزیکدا دەبوایە بەر ڕاستی بکەوێت. لەوە بەدوا هەر سترانێک دەنوسرا، دەکەوتە سەر زمانی دایکێک کە لەسەر گۆڕێک بە بێدەنگی دادەنیشت.

لە ساڵانی ئاوارەییدا هەر نۆتەیەک لە ئەوروپا دەنوسرا، تەنها ئاوازێک نەبوو، بەڵکو ئاوێنەیەکی بەردەم هەستی بریندار بوو. بەڵام بەئێشترین ئازار کە گەورەترین کاریگەری لەسەری هەبوو، ئەو خەنجەرە بوو کە لەلایەن ئەوانەوە لە پشت دەدرا کە بە برای دەبینین. ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩٧ـی هەولێر، لە دڵیدا زامێکی گەورەیان چێکرد.

هۆزان سەرحەد تەنها شایەتحاڵی ئەم خیانەتە نەبوو، بە سازەکەی بەرەنگاری بووەوە، بە دەنگەکەی دادگایی کرد. ئەو تووڕەییە، ئەو تووڕەییە نەبوو کە هاوار دەکات. گۆرانی 'هەولێر' هاوارێک بوو کە هاواری نەدەکرد، بەڵام لەناواخنیدا خوێنی لێ دەچۆڕا. ئەم گۆرانیە تەنها دەنگدانەوەی ڕووداوێک نەبوو، بەڵکو تێکشکانی خەیاڵەکانی گەلێک لەنێو دەنگیدابوو، شیوەنێکی بێدەنگ بوو، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لەبیرکراوەکان بوو.

'هەولێر' تەنها گۆرانییەک نەبوو، هاواری گەلێک لەبەردەم ئەو گۆڕە بوو کە خۆی بۆ خۆی هەڵی کەندبوو. لەو گۆڕەدا ئەو متمانەیەی نێو دڵی سەرحەد بە برایەتی نێژرابوو.

دووبارە بێدەنگ نەبوو. لەبەرئەوەی موزیکەکەی ئەو تەنها شیوەن بۆ ڕابردوو نەبوو، بەڵکو لەهەمان کاتدا هۆشیارییەک بوو بۆ داهاتوو. بیری هێنایەوە کە ئەنجامی لەبیرکردن چی دەبێت. 'پایزە' لەنێو ئەو هۆشیارییەدا دەنگی دایەوە.

'پایزە' باسی بێدەنگییەکان لەدوای ئەوانەوە بوو کە چیتر ناگەڕێنەوە، بەرخۆدانێک لەناو بێدەنگی بوو. گۆرانی باوەڕییەکی هیلاک، بەڵام چۆکدانەداو بوو. سەرحەد بەوە واز ناهێنێت، قبووڵ دەکات، بەڵام لەو قبووڵکردنەدا سەر دانانەوێنێت. هەندێک جار مەزنترین سەرهەڵدان لە بێدەنگیدا شاردراوەتەوە. هۆزان سەرحەد هۆزانی ئەم سەرهەڵدانە شاراوەیە بوو.

هەندێک جار موزیک ناتوانێت بەس بێت. لەبەرئەوەی لە هەندێک شوێن دەنگی ژێکانی کەمانچە لە دەنگدانەوەی دەنگی مینێکدا وندەبن. نۆتەکان ناچار دەبن ڕوو لەو جێیە بکەن کە تێیدا دەنگیان دێت. لە هەر گۆڕەپانێک کە گۆرانی دەوترێت، مەترسی بێدەنگکردن بوونی هەیە. هەندێ جار کەوانی کەمانچەیەک و پەلەپیتکەی تفەنگێک لەهەمان چرکەساتدا دەست بە جووڵە دەکەن. دەنگی هۆزان سەرحەد، ئەو دەنگدانەوەیە بوو کە لەنێو ئەو ئەو هەموو دەنگی تفەنگەدا لەسەر پێ مایەوە. لە بێچەکبوونی هونەریشدا بەرخۆدانێک هەبوو، بەڵام ئەو بڕیاریدا کە باری ئەم بەرخۆدانە تەنها بە گۆرانی وتن نا، بەڵکو لەگەڵ خەڵکدا هەڵبگرێت.

هەندێ جار سازەکەی بەس نەبوو. لەبەرئەوەی زۆر جار ئەوەی لە گۆرانییەکانیدایە تەنها بە وتنی ناتوانێت حەقی پێ بدرێت. نیوەی گۆرانییەکە شیوەن بوو، نیوەکەی تری بەرخۆدان. یەکخستنی هەردووکیان تەنها بە هونەر نەدەبوو؛ ڕۆژێک چەکی هەڵگرت، ڕۆژێکیش سازەکەی. ئەو ڕۆژەی کەوتە ڕێ نۆتە و گولـلە لەسەر شانی هەمان قورساییان هەبوو. ئەو هەردووکیانی هەڵگرت. نەدەستی لە سازەکەی بەردا نە لەو ڕێگەیە. لەبەرئەوەی موزیکەکەی ئەو تەنها ئاوازێک نەبوو؛ هاواری ناوخۆی گەلێک و ئەو منداڵە ئاوارەبووانە بوو، کە گۆڕەکانیان دیار نییە.

ئەو هاوارە دوای ماوەیەک گۆڕا. هەر ئاوازێک لە چیا دانرا، ئاوێتەی دەنگی پێی گەریلا بوو. هۆزان سەرحەد ئەو کاتەی لە چیا گۆرانی دەگوت، نەک تەنها دەبووە ئاواز، هەروەها دەبووە هەڵگری ئەو دەنگە. لە هەموو بەرهەمێکدا یادەوەرییەکی بێدەنگکراو هەبوو، هەر کۆپلەیەک دەنگدانەوەی ناوێک بوو، کە قوربانیی کوشتنە بکوژنادیارەکان بوو. گۆرانی چیتر گێڕانەوە نەبوو، ڕاگەیاندنی هەبوون بوو. لەبەرئەوە هۆزان سەرحەد تەنها گەریلا نەبوو، لەگەڵ ئەودا گەریلابوون بووە هونەر.

لەبەرئەوەی گەریلابوون بۆ ئەو تەنها هەڵگرتنی چەک نەبوو، ئەو ئاوازێکی هەڵگرتبوو، وەکو شیوەنێکی بێدەنگ لە دڵی چیادا نەخشاندبووی. هەندێک جار بەرەبەیان لەسەر بەردێک، هەندێک جاریش ڕاستەوخۆ دوای شەڕ ئەو گۆرانیانەی دەوت کە کەس نەیدەبیست، بەڵام خاک دەیبیست. لەنێوان چەک و سازەکەیدا هاوسەنگییەک نەبوو، ئیدی هەردووکیان ئاوێتەی یەک ببوون. لەبەردەم مردنیش بۆتەکان قسەیان دەکرد. هەرچەندە مردن حەزی لە بێدەنگی بوو، بەڵام هۆزان سەرحەد لەبەرامبەر ئەمەدا سەردەکەوت.

ئەلکێ...٢٢ـی تەممووزی ١٩٩٩ لە قەدپاڵی چیایەک کە تەنها بۆ بەرهەمهێنانی کلیپێک چووبوو، بێدەنگکرا. لە کەمینێکدا، لەبەردەم لوولەی تفەنگێکدا سازەکەی لە بێدەنگیدا نێژرا. بەڵام ئەو بەبێدەنگی نەچووە ژێر خاک، بەڵکو بەرەو ئاسمانەکان بەرزبووەوە. لەبەرئەوەی هەندێک دەنگ، لەگۆڕدا نا، بەڵکو لە قەدپاڵی چیادا دەنگ دەدەنەوە.

لە ئێستادا ئەو دەنگدانەوەیە بووەتە چرکەساتی زمانگرتنی منداڵێک، ئەو هەستە تێکشکاوەی لە ئاوارەییدا منداڵێک لە گریانی دایکیدا بیستی... لە نزای شەوی دایکێکدا دەنگی دایەوە، وەکو نزایەک قسە لەگەڵ خاک دەکات، ناوی جگەرگۆشە بێ گۆڕەکان دەهێنێت. لە هەستی کۆچبەریی گەلێکدا، لە هێڵی ڕوونی یادەوەری و لەبیرکردنا بووە ناوێک.

گێڕانەوەی ئەو تەنها بیرهێنانەوەی هونەرمەندێک نییە، بیرهێنانەوەی ئاوازی گەلێکی بێدەنگکراو، زمانی جوگرافیایەکی ونکراو و دڵی ساتەوەختێکی چەوساوەیە. لەبەرئەوەی هەندێک ناو ناگوترێن، هەڵدەگیرێن. هەندێک دەنگ نابیسترێن، لەدایکدەبن. دەنگی هۆزان سەرحەدیش دەنگێکی لەو شێوەیەیە، لەگۆڕدا نا، لە چیا، لە چیاشەوە بەرەو هەست و بیری مرۆڤ نێژراوە.

هەندێک دەنگ هەن، هەر کە لەژێر خاکدا دەنێژرێن، گەورە دەبن. هۆزان سەرحەدیش یەکێکە لەوانە. بە مردن بێدەنگ ناکرێت، بە بێدەنگی زیاد دەکات.

لەبەرئەوەی ئەم دەنگە تەنها گۆرانی نەوت. گەلێکی هەڵگرت. شین، بەرخۆدان و خەیاڵێکی هەڵگرت.

لە ئێستادا ئەو دەنگە لەهەر شوێنێک زمانێک قەدەغە کرابێت، لەهەر شوێنێک ئاوازێکی نیوەناچڵ مابێت لەوێ، سەرلەنوێ گەشە دەکات.

لەبەرئەوەی دەنگی هۆزان سەرحەد ئەو دەنگە بەخاکسپێردراوە نییە. ئەگەر لەبیر بکرێت، تەنها گۆرانی گەلێک نا، بەڵکو هەستی گەلێک، زمانی چیایەک، دڵی مێژوویەکی بێدەنگ لەبیردەکرێت.