جانسز، دۆغان و شایلەمەز لە پاریس بەبیرهێنرانەوە

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، سێ ژنە شۆڕشگێر ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بەبیرهێنرانەوە.

سێ ژنە شۆڕشگێر بەناوەکانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ٩-١-٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆمەڵکوژکران، لە حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا لە پاریس بە ئەنجامدانی چالاکی بەبیرهێنرانەوە.

چالاکیەکە لەبەردەم نوسینگەی ئینفۆرماسیۆنی کوردستان لە پاریس بەڕێوەچوو،هەریەک لە باوکی لەیلا شایلەمەز، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانی فەرەنسا، بەڕێوەبەرانی تەژەکە-ئەوروپا، ئەندامانی ئەنجوومەنی ٢٠ شارەوانی پاریس و پارتی چەپ و بەڕێوەبەرانی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا بەشداری چالاکیەکەیان کرد.

لەسەر ناوی تەژەکە-ئەوروپا، جەدەکە-ئەوروپا، جەدەکە-فەرەنسا، فیدا و ژنانی گەنجی ئازاد چالاکیەکە لەبەردەم نوسینگەی ئینفۆرماسیۆنی کورد لە پاریس بەڕێوەچوو.

بەسیمە کۆنجا لەسەر ناوی تەژەکە-ئەوروپا قسەیکردو تیشکی خستە سەر بێدەنگی حکومەتی فەرەنسا و جەختی کردەوە، کە حکومەتی فەرەنسا لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی تا ئێستا بکەرانی ئەو تاوانەیان دەستنیشان و بە سزا نەگەیاندووە.

هاوکات ڕەنە میگانۆت لە وتەیەکیدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی ئەوروپا و فەرەنسا سەبارەت بەکۆمەڵکوژییەو وتی: ئەوروپا و فەرەنسا لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی پاریس و ڕۆژئاوا هەڵوێستیان نیشان نەدا، ئەمەش جێگای قبوڵ نیە.

جومالی شایلەمەز باوکی لەیلا شایلەمەز-یش ڕایگەیاند: ئەمە ٧ ساڵە گەل لەسەر پێیانە و ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەکات، فەرەنسا تاکەی خۆی لەبەر ئەم شەرمە دەگرێت، ئێمە تا کۆتایی لەسەر ڕێگای ئازادی بەردەوام دەبین.

هەروەها سیناتۆر لۆرەنسە جۆهەن، دانییال سیمۆنەت، لەسەر ناوی هەرێمی ١٠ی پارتی کۆمۆنیست قسەیانکردو داواشیانکرد کە فەرەنسا هاوکارییەکانی لەگەڵ تورکیا ڕابگرێت و ئەو هێزانەی لەپشت ئەو کۆمەڵکوژییەوەن ڕوونبکرێنەوە.

ب.ش