لە کۆبونەوەکانی جنێڤ قەیرانی سەر سوریا بەردەوامە

قەیرانی ناو کۆبونەوەکانی داڕشتنەوەی دەستوری سوریا بەردەوامە کە نوێنەرانی کورد بەشدارییان پێ نەکراوە. لە دوهەمین خولی کۆبونەوەکەدا کوتلەی 'ئۆپۆزیسیۆن' کە تورکیا پشتیوانی لێدەکات، ٣ خاڵی وەفدی رژێمی سوریای رەد کردەوەو وەفدەکەی رژێمیش کۆبونەوەکەی بەجێ هێشت.

وەفدی رژێمی سوریا لە دووهەمین خولی کۆبونەوەکانی داڕشتنەوەی دەستوری سوریادا کە لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە دەچن، داوایان کردبوو، 'لە دژی گروپە جیهادییەکانی ناو خاکی سوریادا تێکۆشانێکی هاوبەش بکرێت و فشارەکانی سەر سوریا لاببرێن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار بکرێن'، بەڵام شاندی 'ئۆپۆزسیۆن' کە تورکیا پشتیوانی لێدەکات، ئەو خاڵانەی قبول نەکرد، بەم هۆیەشەوە شاندی رژێم کۆبونەوەکەی بەجێ هێشت. نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ئەوی شاندی رژێم بەشداری کۆبونەواکان بکاتەوە، هەوڵێکی زۆری دا، بەڵام هەوڵەکانی بێئەنجام بوون.

یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی رژێم بۆ ئاژانسی سانا قسەی کردو وتی:" شاندی 'ئۆپۆزسیۆن' کێن؟ ناسنامەیان نازانرێت. وەک ئاشکرایە چەتەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سوریا تاوانی شەڕ ئەنجام دەدەن کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (HRW) و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش لە دژی ئەو تاوانانە ناڕەزایەتییان پیشان دابوو."

شایەنی باسە بۆ ئەو کۆبونەوەیە نوێنەرانی کورد بەشدارییان پێ نەکراوە. لەم چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان ئەو هەوڵانە بە نادیدە ئەگرن و لە لای ئەوان جێگای پەسەند نین.

پێشتریش لەو چەشنە کۆبونەوانەدا نوێنەرانی کورد بەشدارییان پێ نەکرابوو، هیچ یەکێک لەو کۆبونەوانەش نەگەیشتبوونە ئەنجام.

ز.ش