ڕووسیا، ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا داوایان کرد: هێرشەکانی تورکی

هەریەک لە ڕووسیا، ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا داوایان کرد: "بە خێرایی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگیرێن و پشت نەکرێتە هاوپەیمانە کوردەکانمان کە شان بە شانمان شەڕی چەتەکانی داعش-یان کردووە".

تا دەچێت کاردانەوەکان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان بەرفرانتر دەبن و داوا دەکرێت کۆتایی بە هێرش و داگیرکارییەکە بهێنرێت و هاوپەیمانە کوردەکان کە شەڕی داعشیان کردووە بپارێزرێن.

لەو بارەوە مارک ئەسپر وەزیری کاروباری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەمریکا بەتەواوەتی نیگەرانە لە هێرشەکانی تورکیا و لەگەڵیشی نین.
ئاماژەی بەوەشکرد ئەو هێرشە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک - قەسەدە کە هاوبەشمانن دەخاتە مەترسیەوە و هاوکات و ئاسییش و سەقامگیری ئەو کەمپانەی کە داعشییەکانی تێدا ڕاگیراون دەخاتە مەترسییەوە و هەرێمەکە زیاتر نا سەقامگیر و ئاڵۆز دەکات. لەسەر ئەوەش لە سەرۆککۆمارەوە بگرە تا دەگاتە بەرپرسانی خوارەوە ئێمە لەگەڵ تورکەکان قسەمان کردووە". 
ناوبراو وتیشی: "لە شوێنانەی کە کەوتوونە بەر هێرشی تورکیا کەمتر لە ٥٠ پێرسۆنەلیان گواستووەتەوە و بەردەوامیشن لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە. بەڵام دەبێت بە ڕاشکاوی بڵێم، ئێمە هێزە شەریکە کوردەکانی خۆمان جێناهێڵین و پشتیان بەرنادەین و پێداگری دەکەین تا تورکیا دەست لەم ئۆپێڕاسیۆنەی هەڵگرێت". 

لەلایەکی دیکەوە 72 نوێنەری پارڵمانی بریتانیا داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کرد، هەڵوێستی جددیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا. ئەو 72 پەرلەمانتارە لە نامەیەکی کراوە دا کە دوێنی ١١ی ئۆکتۆبەر بۆ دۆمێنیک ڕاب وەزیری کاروباری دەرەوی بریتانیایان ناردووە تیایدا داوایان کردووە تا هەوڵ بدات دەستبەجێ هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و گەلی کورد ڕابگیرێ و بە دەنگ ئاوارەکانی ئەو شەڕە نگریسەوە بچێت.

هەروەها ئیمانوئێل ماکرۆن لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ دۆناڵد تڕامپ-ی سەرۆکی ئەمەریکادا داوای لێکردووە تا کارێک بکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ڕاگیردرێن.
پێوشتریش ماکرۆن هۆشداری دا لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لەوەی کە دەبێتە مەترسی بۆ زیندووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا.

هاوکات ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا هۆشداری دا لە دەرەنجامی هێرشە سەربازیەکەی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و دەڵێت: "ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاکردنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان".
سەرۆکی رووسیا ڕایگەیاندووە: "چەند ناوچەیەک هەن کە کەوتوونەتە باکووری سووریا کە چەکدارە دەستگیرکاوەکانی داعشی تێیاندا زیندانی کراون و لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان دان و هیچ دڵنیا نییم لەوەی سوپای تورکیا بتوانێت بە خێرایی دەستی بەو ناوچانە بگات و کۆنترۆڵی زیندانییەکان بکات، ئەمەش مەترسی ئەوە درووست دەکات ئەگەر هەیە چەکدارەکان لە زیندانەکان هەڵبێن کە بەشێکیان خەڵکی ڕووسیا و ولاتانی بەرژەوەندی هاوبەشن و پێدەچیت لە دوای هەڵهاتنیان جارێکی دیکە لە ڕێگەی تورکیا یان ئێراقەوە بگەنەوە زێدی خۆیان و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانمان دروست بکەن".

 

هـ.هـ