بە دیمەن

لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی لە ژنان کرا بۆ ٨ی ئادار بڕژێنە گۆڕەپانەکان

ژنان لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیان لە بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، داوایان لە هەموو ژنان کرد بڕژێنە گۆڕەپانەکان.

چالاکی دانیشتن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرا دەستی پێکردووە، بەردەوامە و لەم هەفتەیەدا کۆمۆنی ژنانی سەما یوجە بەشداری ئیشکگرییەکە بوون.

چالاکییەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی کوردستان و تێکۆشانی ژنان لە سەرانسەری جیهان دەستی پێکرد. پەیامی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، بە زمانەکانی فەرەنسی، کوردی و تورکی خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ژنان بە تێکۆشانیان بۆ ئازادی، دژی سیاسەتەکانی شەڕی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، گوشارەکانی سیستەمی پیاوسالاری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی، بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دادەمەزرێنن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە بەم بۆنەیەوە بە جۆش و خرۆشێکی بەرزەوە ٨ی ئادار پیرۆز دەکەن و ڕایانگەیاند: "بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک بە تێکۆشانی ئازادیی ژن پێکدێت. ژنان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ لە دژی ئەو شێوازە ژیانەی کە شەڕ، توندوتیژی، چەوسانەوە دەسەپێنێت، نوێنەرایەتی بەهێزترین ئیرادە دەکەن. پارادایمی دیموکراتیک، ئازادیخوازی ژن و ئیکۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژنان ئەکتەری سەرەکی کۆمەڵگان و دیموکراسی ڕاستەقینە بەبێ ئازادی ژن سەرناکەوێت. بە پەرەسەندنی خەباتی ئازادیخوازی ژنان، مێژووی ژن لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەنووسرێتەوە. ئەمڕۆ مێژووی ونبووی ژنان زیندوو دەکرێتەوە و سەر لەنوێ مانادار دەکرێتەوە."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە ژنان کراوە بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانێکی ئازاد و یەکسان لە ٨ی ئاداردا بڕژێنە گۆڕەپانەکان.