راگەیاندنە عەرەبی و جیهانیەکان: بانگەوازییە مێژووییەکە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە راگەیاندنە عەرەبی و جیهانیەکاندا کەوتە ڕۆژەڤەوە و ڕاگەیەندرا کە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێکی زێڕینە.

دوێنێ (٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥) ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی 'کۆتایی هێنانی پەکەکە' ی کرد. راگەیاندن و مێدیا عەرەبی و جیهانیەکان گرنگییەکی زۆریان بەم بانگەوازییە دا و  بوو بە مانشێتی هەموو ڕۆژنامەکان لە زۆربەی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە جیهانیە فەرمییەکاندا ڕەنگی دایەوە. بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ نەتەنیا کاریگەری لەسەر تورکیا دەکات، بەڵکوو کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی ئاشتیخواز و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ڕێبەر ئاپۆ لە بەیاننامەکەیدا کە لە لایەن شاندی دەم پارتیەوە خوێندرایەوە، داوای کرد بۆ دانانی چەک و کۆتایی هێنان بە پەکەکە کۆنگرە ببەستتن.

'دەرفەتێکی زێڕین'

کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی بە بەرفراوانی بەدواداچوونی بۆ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و وەک بانگەوازێکی مێژوویی لە ڕاپۆرتەکانیدا شیکاری بۆ ئەنجامدا و بە مانشێتی 'دەرفەتێکی زێڕین... تورکیا چاوەڕێی بانگەوازە مێژووییەکەی ئۆجالان دەکات' لە راگەیاندندا بڵاوی کردەوە.

لە هەمان کاتدا کەناڵی ئەلعەرەبیەی سعودیە، دەستبەجێ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بەش بەش پەخش کرد. لە پەخشەکەیدا، بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چەکدانین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و جەخت کردنەوە لەسەر ئاشتی، خستە ڕۆژەڤەوە.

هەروەها کەناڵی ئەلڕەشیدی عێراقی، بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆی لە مانشێتی لاپەڕەی فەرمی کەناڵەکەدا بڵاوکردەوە.

هەروەها کەناڵی جەزیرەی قەتەر، بە شێوەیەکی بەرفراوان تیشکی خستەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ. ئەل جەزیرە، پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازە مێژووییەکە و چ دوای بانگەوازییەکە، سەبارەت بە بانگەوازییە مێژووییەکە لە لایەن سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرد و بڵاویکردەوە کە سەرەنجی کورد و کۆمەڵگای تورکیای ڕاکێشا.

هەروەها ماڵپەڕی ئەڵمانی 'دۆیچەولە' بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بە چەندین زمان لە ژێر ناوی 'ئۆجالان داوای چەک دانین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە'ی بڵاوکردەوە و ئەم بانگەوازییەی بە 'هەنگاوێکی مێژوویی' ناساند.

هەروەها کەناڵی یۆرۆ نیوز لە هەواڵەکانیدا گرنگییەکی زۆری بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دا.

'کاریگەرییەکان سنوورەکان تێدەپەڕێنێت'

ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا گرنگییەکی زۆریان بە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دا. ڕۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکا دەبارەی ڕاگەیاندراوەکە ئەمەی گوت: "پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان دیارە، ڕێ لە شەڕوپێکدان دەگرێت".

بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە میدیای دیجیتاڵی بەریتانیا کاریگەری گەورەی هەبوو. ڕۆژنامەی گاردیەن ڕایگەیاند؛ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین 'دەهەژێنێت' و کاریگەرییەکەی سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.

هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەو هەنگاوانە کرد کە دەبێت دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر ئەم پڕۆسەیەدا بینێت، لە بواری سەربازی و ئەمنی و تاوەکو کۆمەڵگەیی هەڵیسەنگاند. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکرد ئەم بانگەوازییە کاریگەریی ئابووری لە باکووری کوردستان و هەرێمەکە بونیات دەنێت.