سەرۆکەکانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا سەردانی کیێڤ‌یان کرد

سەرۆکەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و پۆڵەندا وەک پشتگیرییەک سەردانی کێیڤ‌یان کرد و داوایان لە ڕوسیا کرد بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ ئاگربەست ڕابگەیەنێت تا دەرفەت بۆ دانوستانی ئاشتی بڕەخسێنێت.

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند کە سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فرێدریش مێتس، سەرۆک‌وەزیرانی بەریتانیا کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا دۆناڵد توسک، ڕۆژی شەممە وەک پشتگیرییەک بۆ ئۆکرانیا گەیشتنە کیێڤ.

ئەمە یەکەم سەردانی هاوبەشی سەرۆکی چوار وڵاتەکەیە بۆ ئۆکرانیا.

پێش سەردانەکە هەر چوار سەرۆکەکە لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە ڕوسیا کرد "بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ ئاگربەستێکی بێ‌مەرج" ڕابگەیەنێت و دەرفەت بۆ دانوستانی ئاشتی بڕەخسێنێت.

ئەم سەردانە پاش ئەوە دێت کە سەرۆکی ڕوسیا ڤیلادیمێر پوتن لە مەراسیمێکی سەربازی لە مۆسکۆ هەڕەشەی لە ئۆکرانیا کردبوو.

سەرۆکی وڵاتە ئەوروپییەکان لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتیان: "ئێمە ئامادەین لە نزیکترین کاتدا پشتگیری لە دانوستانی ئاشتی بکەین، گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی میکانیزمی ئاشتی بکەین و ڕێککەوتنی ئاشتی بەرفراوان ئامادە بکەین".