ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) هەڵسەنگاندنی کرد بۆ مەراسیمی سیمبولیکی سووتاندنی چەکەکان لە سلێمانی، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی چارەسەری و گرنگی یەکێتی گەلی کوردی.
قەرەمووس ئاماژەی بە تێکۆشانی ١٠٠ساڵەی کورد کرد لە دژی بێ ستاتۆی و سیاسەتەکانی تواندنەوە و ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆسە مێژووییە گەیئشتووتە قۆناغێکی نوێ.
قەرەمووس ڕایگەیاند؛ چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوام لە باکووری کوردستان تەنیا بە بنەما وەرگرتنی بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ وەک بنەمایەک بەدی دەهێنرێت و وتی: "پێویستە ئەم بانگەوازییە لە چوار بەشی کوردستان لە چوارچێوەی یەکێتی نەتەوەیی و ڕوانگەیەکی یەکگرتووانە و راستەقینەدا خاوەنداری لێ بکرێت."
ئاماژەی بەوەشدا کە موخاتەبی ڕێبەر ئاپۆ لەلایەن هیزە هەرێمییەکان و بە تایبەتی ئەکتەرە نێونەتەوەییەکان و تورکیا قبوڵکراوە و وتی: "ئەم دۆخە لەسەر بنەمای ڕاستیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی بەدیهاتووە. بۆیە تاکە موخاتەبی پرۆسەی دانوستانێکی مانادار و ئاشتییەکی هەمیشەیی بەڕێز ئۆجالانە."
پەیامی سووتاندنی چەکەکان بۆ ئاشتییە
ئەحمەد قەرەمووس ڕایگەیاند: "بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆنگرە و کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداری لەبەرامبەر بە تورکیا ساتێکی ستراتژییە بۆ سیاسەتی کورد و پڕۆسەکە لەمەودوا بەم تێکۆشان لەم چوارچێوەدا دیاری دەکرێت."
قەرەمووس ئاماژەی بە مەراسیمی سیمبولیکی سووتاندنی چەکەکان کرد لە ئەشکەوتی جاسەنەی شاری سلێمانی و ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە بۆ هەموو جیهان پەیامێکی ڕوونە و نیشاندەری ئەوەیە لایەنی کوردی ئامادەیە بۆ ئاشتی و سیاسەتی دیموکراتیک و لە هەموو هەلومەرجێکدا لەو پێناوەدا چەک دادەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوە تەسلیمبوون نییە، بەڵکو بڕیارێکی ستراتژیییە کە تەڤگەری ئازادیی کورد بە ئارەزووی خۆی گرتویەتییەبەر و وتی: "ئەمە نیشانەی خواستی بەهێزی گەلی کوردە بۆ یەکلاکەرەوەی چارەنووسی خۆی و بۆ ئاشتی. ئەوە بە هیچ شێوەیەک تەسلیمبوون نییە. بەڵکوو لایەنی کوردی ئەم پەیامە دەدات: ئێمە چەکەکان ژێر خاک دەکەین، ئێمە چەکەکان لەم نێوەندەدا لادەبەین بۆ ئاشتی و دیموکراسی."
گرنگی جوگرافیای کوردستان، مەترسی و داینامیکی هەرێمی
قەرەمووس ئاماژەی بە گرنگی ژیۆپۆلیتیکی جوگرافیای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و وتی: "ئەم دۆخە ستراتژییە هەم دەرفەتێکی مێژووییە و هەم هەڕەشەیەکی جدییە بۆ کورد. خاکی کورد کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە، ناوەندی سەرچاوەکانی وزە، ڕێڕەوی ئاو و بازرگانیە، دڵی میزۆپۆتامیا ژێرخانی سەرچاوەکانی گاز و نەوتە، ئەم جوگرافیایە وا دەکات کورد بەردەوام ببێتە جێگای سەرنجی هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان، بەڵام ئەم بەرژەوەندییە زۆرجار بە جێگەی ڕێزگرتن لە مافی گەلی کورد لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی تێدەپەڕێت و دەبێتە گەڕان بەدوای ڕێگە چارەیەک بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندییەکانیان.
هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی باشووری کوردستان یەکێکە لە نموونە ڕوونەکانی ئەم دۆخەیە. حکوومەتی فیدراڵی عێراق و بەتایبەتی ئێران دان بە بوون و ستاتۆی سیاسی کورددا نانێن بە پێی دەستووری عێراق. ئەم هێرشە پەیامێکی ڕوونی ئەو هێزانەیە کە هەبوون وکاریگەری کورد لە ناوچەکە و ئاستی نێونەتەوەییدا قبوڵ ناکەن."
قەرەمووس سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند کە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک مۆدێلێکی دیموکراسییە نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. ئاماژەی بە مەترسی هێرشکردنە سەر مۆدێلی ڕۆژئاوا کرد و وتی: "بەشێکی زۆر لەو هێزانەی ئەمڕۆ حوکمڕانی سووریا دەکەن بەداخەوە بە ئاشکرا و ناڕاستەوخۆ، هێڵی دژایەتیکردنی کوردان بەڕێوە دەبەن، هێزە ڕادیکاڵ و جیهادیەکان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بە شێوەیەکی یاسایی دانیان پێدانرا و خرانە دەسەڵاتیان پێ سپێردرا، ئەوانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوا بە تەواوی لەناوببەن.
هێرشەکان بۆ سەر ناوچەی دروزییەکان وەکوو خۆ ئامادە کردنە بۆ پلانی هێرشی گەورەتر بۆسەر عەلەوییەکان و نەتەوەکانی دیکە لە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەوە. چاوەڕێی ئەوەن هەلومەرج و دەرفەت بۆ هێرشکردنە سەر کوردیش بڕەخسێت.
بەڵام یەک شت هەیە کە نابێت لەبیر بکرێت ئەویش کورد ئاست و هێزی خۆی هەیە و دەتوانێ بەرگری لە دەستکەوتەکانی بکات. کورد هێزی ئەوەی هەیە لە دەوری دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا لە هەر شوێنێکی جیهان یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت."
ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە، لە کاردانەوە بە هەڕەشە و هێرشەکانی سەر باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ڕایگەیاند: "رێگای گەیشتن بە چارەسەرێکی مانادار و هەمیشەیی بۆ گەلی کورد ستراتیژێکی هاوبەش و یەکێتی نەتەوەییە، مافە کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە چوار بەشی کوردستان تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت."