قەرەیلان: هەمووان دەبێت بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیدا بکەن-نوێکراوەتەوە

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە موراد قەرەیلان رایگەیاند، دەبێت هەمووان بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا بکەن و وتی، "رێبەر ئاپۆ ناسنامەیەکە. ئازادی رێبەر ئاپۆ ئازادی کۆمەڵگایە".

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە موراد قەرەیلان قسەی بۆ رادیۆی دەنگی گەل کرد و دەقی ئەو گفتوگۆیە بەم جۆرەیە:

پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٦ ساڵی تێپەڕاند. ئامانجی ئەو پیلانگێڕییە چی بوو؟

بەر لەوە وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە؛ لەم ماوانەی دواییدا چەندین شەهیدی گرنگ و بەنرخمان بەخشی. هەڤاڵانمان ئالان مەلازگرت، بەروار دێرسیم، د.ساریا، ئۆرهان جیهاد بینگۆل، رۆسیدا مردین، سەرحەد پاتنۆس، یڵماز دێرسیم، خەبات جودی، زەمانی ئامانۆس، هەبون پیرۆ، بۆتان ئۆسیان و لەم دواییەشدا لە مێردین هەڤاڵان زەردەشت سوروچ، رێباز باگۆک، هەروەها گوڵستان تارا و  هێرۆ بەهادین لە هێرشەکان دوژمندا شەهیدبوون. سەرجەم شەهیدانی قارەمانی ئەم ماوەیە بە رێز و خۆشەویستیەوە یاددەکەمەوە و ئەو بەڵێنەی بەوانمان داوە دووپاتدەکەمەوە. ئێمە تۆڵەی ئەوان دەکەینەوە.

بێگومان ژمارەیەکی زۆری هەڤاڵانمان لە ناو تێکۆشانی ئێمەدا شەهیدبوون. لە کەسایەتی ئەو شەهیدانەدا کە ئاماژەم پێدان، سەرجەم شەهیدان بە بیردەهێنمەوە. ئێمە زۆرێک لەو شەهیدانەمان لە نزیکەوە ناسی؛ رەنج  وهەوڵی زۆریان دا. لەگەڵ هەڤاڵان رۆسیدا و گوڵستان چەندین ساڵ پێکەوە خەباتمان کرد؛ رەنجی زۆریان کێشا. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی راست نوێنەرایەتی هەموو ئەو هەڤاڵانە بکەین، خاوەنداری لە یادی ئەوان بکەین.

مانگی تشرینی یەکەم لە ناو تێکۆشانی ئێمەدا مانگێکی گرنگە. لە ناو ئەو مانگەدا بەرخودانی زۆر هاتنە ئاراوە. بەرخودانی کۆبانێ لەو مانگەدا گەیشتە هەستیارترین ئاست. لە هەمان کاتدا سەرهەڵدانەکانی باکور بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ لەم مانگەدا بوون. بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی لە شارەکان لەم ماگەدا پەرەی سەند. هەموو شەهیدانمان کە لەو بەرخودانە پیرۆزانەی مانگی تشرینی یەکەمدا ئێمەیان بەرەو هەرمانبوون و مانەوەی هەتاهەتایی برد، لە کەسایەتی هاوڕێ بێریتان (گوڵناز کاراتاش) یاد دەکەمەوە، ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانی قارەمانمان داوە لە کەسایەتی شەهیدانی تشرینی یەکەمدا جارێکی دیکە بە بیردەهێنمەوە.

بابێمەوە سەر وەڵامەکەت، پیلانگێریی کە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دەستیپێکرد، لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە رێکخرابوو. ئەو پیلانگێڕییە بە توندی شەرمەزار دەکەم. پیلانگێڕیی لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا هێرشێک بوو بۆ سەر ئایندەی گەلەکەمان. هێرشێکی بێویژدانانە و خیانەتکارانەبوو. بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی و باڵادەستکردنی سیاسەتی قڕکردن لە کوردستان، ئەنجامدرا. هەموو ئەو قارەمانانەمان کە لە دژی ئەوە بە دروشمی ' ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن' ئاگرییان لە جەستەیان بەردا و خۆڕاگرییان کرد، یادیان دەکەمەوە. ئەوان پێشەنگی تێکۆشانن لە دژی پیلانگێڕی. ئەوان نیشانیاندا کە پیلانگێڕی خائینانە، ستەمکارانە و ناڕەوا بە چ شێوەیەک رادەگیرێت. ئەو قارەمانانە بە شەهیدبوونی خۆیان نیشانیاندا کە پێویستە بەرخودان لە دژی پیلانگێڕی بە چ شێوەیەک بێت.

لە دژی پیلانگێڕی ڕێبەر ئاپۆ زۆرترین تێکۆشانی کرد و رووبەڕووی بووەوە. دوژمن ویستی بە پیلانگێڕی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەمان لە بنەوە لەناو ببات. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی خراوەتە زیندانی تاکەکەسی و بۆ چەندین ساڵ بە تەنیا هێشتیانەوە. ئەوان دەیانویست ڕێگری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن بیرۆکەی داهێنەرانەی خۆی بەرهەمنەهێنێت و کارێک بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ نەتوانێت بیربکاتەوە. بەم شێوەیە ئامانجیان بوو کە بە زیندوویی بیکوژن. لە دژی بزووتنەوەکەشمان، لەڕێگەی هەندێک ناپاک و خائینەوە چەند پلانێکیان دانا، دەیانویست بزووتنەوەکەمان تووشی پارچەبوون بکەن و پاکتاوی بکەن.

لە بەرامبەر ئەمەدا ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەک کە بەلای هەموانەوە چاوەڕێنەکراو بوو، بە مامەڵەیەکی داهێنەرانە تاریکی ئیمراڵی رووناک کردەوە و دواتریش رووناکی و تیشکی خۆی بە جیهاندا بڵاوکردەوە. قاڵبوونەوە و قووڵبوونەوەی  ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی خۆڕاگری و ئەو هەڵوێستەی لەوێ نیشانیدا، بە داهێنەر و قووڵبوونەوەی خۆی پارادایمێکی نوێی ئافراند. لە سەردەمێکدا کە ریئال سۆسیالیزم لەناوچووبوو، هەمووان ڕێگەی خۆیان ون کرد و لە لە گەڕانێکدا بوون لە دژی بە بنبەست گەیشتن، ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی پێداویستییەکانی سەردەمی دایەوە. لە بەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، نیشانیدا کە مرۆڤەکان بێدەسەڵات نین و وەک رێگەچارەیەکیش، پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیی پاڵپشت بە ئازادی ژنانی، ناسان. بەم شێوەیە ئەو تاریکییەی کە دوژمن دەیویست پەرەی پێبدات، گۆڕی بۆ ڕووناکی و بوو بە هیوا بۆ گەلانی کوردستان و گەلانی چەوساوەی جیهان.

ڕێبەر ئاپۆ کاتێک خرایە زیندانی ئیمراڵییەوە، وەک رێبەر گەلی کورد دادەنرا. هەرچەندە روانین و پێرسپێکتیڤی ئایدیۆلۆژیی ڕێبەرمان زۆر فراوان بوو، بەڵام وەک ڕێبەری گەلی کورد ناسرابوو. کەچی لەم قۆناغەدا ڕێبەر ئاپۆ بە تێکۆشانی خۆی سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و نەک تەنیا بۆ گەلی کوردستان، بەڵکو هەواداری و هاوسۆزییەکی زۆری گەلانی عەرەب، ئاشووری-سوریانی و هەموو گەلانی ناوچەکەی بەدەستهێناوە و لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا بووەتە رێبەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە سەرجەم چەوساوە و بندەستان هەموویان رووی تێدەکەن و لێی نزیک دەبنەوە. لە بنەڕەتدا بە هۆی هەڵوێست و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆوە پیلانگێڕییەکە بێ ئاکام بوو. بە دڵنیاییەوە سەرەڕای ئەمەش شەهیدەکانمان و گەلە ئازارچەشتووەکەمان کە ٢٦ ساڵە لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بە بە پێداگرییەوە تێدەکۆشن؛ گەلەکەمان کە لە شەقامەکان، لە چیاکان، لە دەرەوەی وڵات، لە ناوخۆی وڵاتدا خۆڕاگری دەکەن و ئەو دۆستانەشمان کە پشتیوانی لە تێکۆشانمان دەکەن، رەنج و ماندووبوونی زۆیان کێشا. بە واتایەکی تر ئەم لایەنانەی کە ئاماژەم پێکردن، بە دەوری هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆوە بوون بە بازنەیەک و بەم جۆرە یلانگێڕییەکە سەرکەوتوو نەبوو. بێگومان پیلانگێڕییەکە بەردەوامە. بەڵام بێ ئەنجام ماوەتەوە؛ بزووتنەوەکەمان گەشەی کردووە، ڕێبەر ئاپۆ هێندەی تر بەهێز بووە؛ ئەندێشەکانی بە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام هێشتا پیلانگێڕییەکە بەردەوامە. تا سیستەمی ئیمراڵی لەئارادابێت و ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد نەبێت، پیلانگێڕییەکە کۆتایی پێنەیات، بەردەوام دەبێت. بۆیە بۆ ئەوەی پیلانگێڕی بەتەواوی تێکبشکێنین، لە ساڵی ٢٧هەمین دا، پێویستە تێکۆشان دژ بە هێڵی پیلانگێڕی زیاتر بەگوڕ بکرێت.

ئێستا ئەگەرچی دوای ٢٦ ساڵ درەنگیش بووە، بەڵام یەکێک لەو کەسانەی کە زانیاری زۆری پەیوەست بە قۆناغی پیلانگێڕییەوە هەیە، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی ئیتاڵیا، بەڕێز ماسیمۆ دالێما، هەندێک شتی ئاشکرا کرد. خۆی لە کاتی پیلانگێڕیدا هەڵوێستی هەبووە و لە هەندێک هەوڵدا لەپێناو رێبەرایەتی رۆڵی بووە. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەو وتی ئێمە خۆمان دەمانزانی، بەڵام بۆ یەکەمجار لەلایەن کەسێکەوە ئاشکراکرا، کە خۆی راستەوخۆ لە بابەتەکەدابوو، ئاگاداری پرۆسەی پیلانگێڕییەکە بوو لە ئاستی سەرۆکوەزیراندابوو، ئەو بابەتە ئاشکرا کرا. دالێما بە شێوەیەکی ڕوون وتی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، بیل کلینتۆن، تەلەفونی بۆکردووە و پێی وتووە عەبدوڵا ئۆجالان ڕادەستی تورکیا بکە، بەڵام ئەو ئەنجامی نەدا، ئاسان نەبوو ئەنجامی بدات، ئەو ئەم مامەڵەکردنەی قبوڵ نەکرد. وەک وتم ئێمە پێشتر ئەوەمان دەزانی، بەڵام بەم جۆرە کە بە شێوەی فەرمی کەوتە بەرباس و بوو بە رۆژەڤ گرنگە.

پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هێرشە بۆ سەر ئیرادەی گەلەکەمان. بەتایبەتی ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا و ئەو وڵاتانەی پشتیوانیان لێدەکرد وەک ڕووسیا و یۆنان بە گشتی ٣٤ دەوڵەت ئاگاداری پیلانگێڕییەکە بوون و هەر کامێکیان لە ئاستی جیاجیادا لەو پیلانگێڕییەوە گلابوون و پشتیوانیان لێکرد. ئەم هێرشە پیلانگێڕییە بۆ سەر داهاتووی گەلەکەمان نەک هەر پیلانگێڕییەکە بەرامبەر یاسا، بەڵکو لەهەمان کاتدا پیلانگێرییەکە دژی ئەخلاق. بڕوانن؛ گەلەکەمان ٢٦ ساڵە ئەمەی قبوڵ نەکردووە و ڕۆژانە لە گۆڕەپانەکاندایە. لە ساڵی ٢٠١١ گەلەکەمان لەسەر بنەمای هەڵمەتی 'ئۆجەلان ئیرادەی سیاسی ئێمەیە' دەستی بە واژۆکۆکردنەوە کرد و لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا ١٠ ملیۆن کوردستانی ئیرادەی خۆیان ڕاگەیاند.

هەموو ئەم واژۆیانە لە برۆکسل تۆمارکرابوو. ئەم بەڵگەنامانە لە ئەرشیفی دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا بەردەستن. بە دڵنیاییەوە لەو کاتەوە لایەنگرانی ڕێبەر ئاپۆ هێندەی تر زیادیان کردووە. بەکورتی رێبەرێکی لەم جۆرە بە شێوازی نائەخلاقی و نامرۆڤانە ڕفێندرا و ڕادەستی تورکیا کرا. ئەو دەوڵەتانەی ئەم کارەیان کردووە، هاوبەشن لە تاوان دژی گەلەکەمان و پێویستە بزانن کە دەبێت داوای لێبوردن لە گەلەکەمان بکەن. هەروەها پێویستە واز لە درێژەدان بە پیلانگێڕییەکە بهێنن. ئەمە تاوانێکە دژی گەلی کورد و دەبێت دەستبەرداری بن. ئێستا سەلمێندراوە کە پیلانگێڕی تاوانێکە لە دژی داهاتووی گەلەکەمان. بە کۆکردنەوەی ملیۆنان واژۆ، بە ڕێپێوان و هاوار ئەوە نیشاندرا. زیاتر لە هەمووان پێویستە دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان ئەم ڕاستییە ببینن و هەنگاو بنێن. گەلەکەمان چاوەڕێی ئەوەیە ئەو دەوڵەتانە داوای ێبوردن بکەن.

جیالەوە ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی ئاسایی نییە. خاوەن ئەو روانینەیە کە چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان دەدۆزێتەوە. وەڵامێکە بۆ هەموو ئەو بەڵایانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە. بۆ نموونە؛ کاتێک داعش وەک بەڵایەک سەریهەڵدا و بوو بە بەڵا بۆ گیانی هەموو مرۆڤایەتی، ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە تێکشکاندنی ئەم هێزەدا. واتە هەم بە بانگەوازەکەی و هەم بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی، هەم بە ئایدۆلۆژیاکەی ئەم کارەی بە جێگەیاند. لەسەر بنەمای ئەو ئایدۆلۆژیایە، شەڕێکی گیانبازانە لە دژی داعش ئەنجامدرا. ئەگەر بەهۆی ئەو هەڵوێستە ئایدۆلۆژیکەوە نەبوایە، بەم جۆرە دەستوەردان لە شەنگال نەدەکرا؛ بەرخودانی مێژوویی کۆبانێ ئەنجام نەدەدرا. لە بەرامبەر کەسێک کە خاوەن ئەو رۆڵ و پێگەیە، دەبێت لەوە زیاتر دژایەتی نەکرێت، دەبێت ئازاد بکرێت. هەربۆیە لە سەرتاسەری جیهاندا لایەنگرانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، هێزە چەپ- سۆسیالیستەکان، لایەنگرانی ئاشتی، لایەنگرانی ئازادی ژن و جیهانێکی ئیکۆلۆژیک؛ هەرهەمووان دەبێت لە پێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ و بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکەن. ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، بەرەپێشچوونی زۆری لێدەکەوێتەوە.

لە دژی پیلانگێڕیی تێکۆشانێک بەڕێوەدەچێت. بە زۆری لە وڵات و ئەوروپا خۆپیشاندا ساز دەکرێت. هەروەها لە ئامەد لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام دەدرێت. لەوبارەوە چی دەڵێن؟

لە تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا و لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆدا بزوتنەوەکەمان، هاوڕێیانمان، گەلەکەمان و دۆستانمان رەنجی زۆریان داوە و ٢٦ ساڵە بەرخودانێکی زۆر شکۆدار دەکەن. ئەوە راستیەکە. بەڵام لەپای رەنج، تێکۆشان و بەرخودانی رێبەر ئاپۆ، ئەو بەرخودانە وەک پێویست نییە. دەبێت زیاتر پەرە بە تێکۆشان لەپێناو ئازادیی رێبەر ئاپۆ بدرێت. ئاستی هەنووکەیی بەس و وەک پێویست نییە. بەڵگەی روونی ئەوەش بریتیە لەوەی کە ماوەی ٤٤ مانگە بە هیچ جۆرێک هەواڵی ربەر ئاپۆ نازانرێت. ئەگەر ئێمە لەدەرەوە بمانتوانیبایە تێکۆشانی بەهێز بکەین، ئەوان نەیاندەتوانی شتێکی لەو جۆرە بکەن. لەو خاڵەدا وەک بزوتنەوە و گەل دەبێت ئێمە کەموکورتی خۆمان ببینین.

ساڵی رابردوو لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا لە ٧٤ ناوەندەوە دۆستانی گەلەکەمان بە شێوازی کەمپین دەستیان بە هەڵمەتێکی زۆر گرنگ کرد. ئەو بە راستی هەوڵێکی بەنرخ بوو. ئەو هەڵمەتە کە لەمڕۆشدا بەردەوامە زۆر بەرەوپێشچووە؛ ژمارەیەکی زۆر لە زانایان، سیاسەتمەداران، بیرمەندان، نامەیان نوسی، لە ئاستێکدا خاوەنداری سازبوو؛ گەلەکەسمان بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا کرد، بەڵام دیسان وەک پێویست نییە. ئێستا پێدەنێینە دووەم ساڵی کەمپینەکە و ئەوەش قۆناغێکی نوێیە. لە ساڵی دووەمدا دەبێت هەڵمەتەکە زیاتر پەرەی پێبدرێت. بۆ ئەوەی سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات، دەبێت وڵاتپارێزان و دیموکراسیخوازان باشتر فیداکاری بکەن، زیاتر گوڕ بە تێکۆشان بدەن. ئەنجام وەرگرتن لەو هەڵمەتە بە واتای ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە. هەربۆیەشە دەبێت ئێمە زیاتر پەرە بە تێکۆشان بدەین.

ڕێبەر ئاپۆ تاکە یەک کەس نییە، ناسنامەیە. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی کۆمەڵگایە. ئازادی گەلی کوردە، ئازادی گەلانی ناوچەکەیە. داهاتووی گەلانی تورک، عەرەب، فارس، ئاشووری-سوریانی و گەلانی دیکەی ناوچەکە لێرەدایە. هەر لەبەر ئەوەشە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'نەک بۆ من، بەڵکوو لەپێناو خۆتان تێبکۆشن'. واتە هەمووان دەبێت لە پێناو خۆیان خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ بکەن. خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ، خاوەندارێتی لە دۆزی خۆمانە. هەربۆیەش لە ساڵی ٢٧هەمینی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا، هەروەها لە ساڵی دووەمی ئەم هەڵمەتەدا کە بە واتای قۆناغێکی نوێیە، پێویستە هەمووان بە شێوەیەکی چالاکانەتر بەشداری هەڵمەتەکە بکەن. ئەمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی، بۆ چارەسەری پرسی برسێتی-ئابوری لە تورکیا، پێویستی بەوە هەیە. هەربۆیە دەبێت هەمووان بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکەن.

هەندێک بەدواداچوونمان کرد لە کۆبانێ، رەقا، تەبقا، شەنگال، حەڵەب لەو چوارچێوەدا چالاکی زۆر ئەنجامدراون. ئاشکرایە کە ئەو هەنگاوە دواتر بەهێزتر دەبێت. هەروەها لەو بڕوایەدام کە لە کۆتایی هەفتەدا لە ئەوروپا گەورەتر دەبێت. وەک ئێوەش وتتان ١٣ی تشرینی یەکەم لە ئامەد لەلایەن رێکخراوە مەدەنیە دیموکراتیکەکانەوە لەپێناو ئاشتی و ئازادی گردبوونەوەیەکی بەرفراوان سازدەکرێت.

سەرەتا داوا لە گەلەکەمان دەکەم لە هەر شوێنێک دەبن با ببن بە توندترین شێوە ساڵیادی پیلانگێڕی شەرمەزار بکەن، و بە شێوەی بەهێز بەشداری چالاکییە سیاسی - کۆمەڵایەتییەکان بکەن. لەم چوارچێوەیەدا ئەو گردبوونەوەیەی لە ئامەد ئەنجام بدرێت گرنگە. دیارە لایەنە دیموکراتیکەکان دەیانەوێت بەم گردبوونەوە پەیامێک بۆ کۆمەڵگا و جیهان بنێرن. لە وەها هەلومەرجێکدا، زۆر واتادار دەبێت گەلی کورد و دۆستەکانیان لە تورکیا، گردبوونەوەیەک لەگەڵ دیموکراسیخوازان لە ئامەد ئەنجام بدەن، نەک بە دەیان هەزار بەڵکو بە بەشداری سەدان هەزار کەس گردبوونەوە ساز بکەن. چالاکی لەم جۆرە هەم لەو رووەوە کە پەیامێک دەدات جیهان گرنگە، هەمیش بۆ دەستپێکردنی دووەم ساڵەی هەڵمەتەکە دەبێتە سەرەتایەکی بەهێز. خۆی لە خۆیدا چ لە وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات دەبێت ئێمە بە چالاکی جەماوەری خاوەنداری رێبەر ئاپۆ بکەین. ئەگەر ئەوە بکەین ئەو کاتە ئاستی ئازادیی جەستەیی دەتوانێت دەستەبەر بێت. بۆیەش دەبێت هەمووان لەسەر ئەو بنەمایە بجوڵێنەوە.

دەوڵەتی تورک ٧ ساڵە بەمەبەستی داگیرکردنی باشوری کوردستان لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدات. پێشتر کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک دەیانگوت، 'قوفڵکردنەکە مانگی تشرینی دووەم تەواو دەبێت'. ئەوەندەی نەماوە بۆ مانگی تشرینی دووەم، بەڵام لە گۆڕەپانەکەدا شەڕی دژوار لەئارادایە. لەو بارەوە چی دەڵێن؟

بەر لە هەموو شتێک دەڵێین : لە قۆناغی هەڵمەتی ئازادیی جەستەیشدا گەریلا ئەرکی خۆی رادەپەڕێنێت. خاوەنداری لە هەڵوێستی خۆی درێژە پێدەدات. وەک ئێوەش وتتان، بەر لە حەوت ساڵ واتە لە ٢٠١٧دا لە باشوری کوردستان دوای ئەوەی بە پێشەنگایەتی پەدەکە رێفراندۆم کرا، دەوڵەتی تورک بڕیاری داگیرکردنی باشوری کوردستانیدا. پەکەکەشی وەک پاساو نیشاندا، بەڵام دەوڵەتی تورک بەگوێرەی بەرژەونەدییەکانی و بۆ ئەوەی بتوانێت خستنەژێرکۆنتڕۆڵی کوردستان مسۆگەر بکات، بە پێویستی بینی کە هەرێمی ستراتیژیەکانی باشوری کوردستان داگیر بکات، رەنگە یەک لە هۆکارەکانی پەکەکە بێت، بەڵام بە گشتی بە شێوەیەکی ستراتیژی لێی دەڕوانێت.

دژی ئەمە وەستاوینەوە. لە ڕاستیدا هیوامان دەخواست کە هێزەکانی باشوور هەرهیچ نەبێت پشتیوانیمان بکەن. بەڵام لەم بابەتەدا دۆخەکە روون و لەبەرچاو دیارە. ئەگەر بەتەنیاش بین، بەشێوەیەکی مێژوویی خۆڕاگریی دەکەین. بەتایبەت لەم ٤ ساڵەی دواییدا بەرخۆدانی گەریلا بە شێوازی جیاواز بەردەوامە. بۆیە هەندێک هەنگاوی تاکتیکی نرا. شەڕیناو گۆڕەپان کە پشت بە تیمە شارەزاکان و بەرخۆدان لە تونێلەکاندا دەبەستێت، هەروەها شارەزایی لە شەڕی گەریلادا ڕۆحی فیدایی ئاپۆیی بەرزترکردەوە. هەروەها تا ئاستێک باڵادەستبوون بەسەر تەکنەلۆژیادا پەرەی پێدرا. لەسەر ئەم بنەمایە بەرخۆدانێکی زۆر مێژوویی دەکرێت.

دەوڵەتی تورک بەتەنیا خۆی دژی ئێمە شەڕ ناکات. ئەو بەو چەکی مۆدێرنی ئەم سەردەمەی کە لە چوارلای جیهانەوە بەدەستی هێناوە لە دژی ئێمە شەڕ دەکات. بەوەشەوە ناوەستێت؛ چەکی قەدەغەکراو لە دژی ئێمە بەکاردەهێنێت؛ گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت. هەروەها ناتۆش پشتگیریان دەکات؛ پەدەکە هاوکاری لەگەڵ دەکات؛ عێراق ڕێگە دەدات و پشتیوانی لێدەکات. ئێستا بەرەی نوسرەیان هێناوە؛ ئەوانیش بەشداری شەڕەکەن. بەم شێوەیە پشتگیری دەوڵەتی تورک دەکەن. جەردەوانەکانیان لە باکوری کوردستانەوە هێناوە و لە زۆر شوێن جێگیرکراون، بەم جۆرە تێکەڵ بە شەڕەکە کراون. سەرەڕای هەموو ئەمانە، دەوڵەتی تورک کە زۆر پەسنی خۆی دەدات، هێشتا نەیتوانیوە ئەو ئەنجامەی دەیەوێت بەدەستبهێنێت. راستە؛ هەندێک ناوچە داگیرکراون، بەڵام لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان و شەڕ هەیە. واتە ناوی قوفڵیان لەو هێرشانە ناوە؛ دەڵێن ئەو هەرێمە تەوق دەدەن و مانگی تشرینی دووەم قوفڵەکە دادەخەن. ئەوەتا مانگی تشرینی دووەمیش هات؛ هێندەی نەماوە. بەپێچەوانەوە لە زاپ ئەوان قوفڵ بوون. ئێستا بیر لەوەدەکەنەوە کە ئەو قوفڵە چۆن بکەنەوە. واتە ٤ ساڵە دەوڵەتی تورک نازانێت چۆن چەمی زێ کۆنترۆڵ بکات. هەر ئەوە بۆخۆی شکستی ئەوانە. لە کەناری چەمی زێ کاتێک گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە شاخی جودی ئاگریان لە بارەگاکانیان بەردا، هاوڕێەکی یەژاستار وتبووی 'ئاگر کەوتە ناو دڵی ئەنقەرەوە'، بەراستیش ئاگر کەوتووەتە ناو دڵی ئەنقەرە.

هەر بۆیەش هەموو فەرماندەکانیان گۆڕین لە بنەڕەتدا شکستیان هێنا. ئەم دۆخە شکستی ئەوان دەردەخات. بەڵام دەبێت بێلایەنەکانیش ئەمە پشتڕاستبکەنەوە. ئێمە دەڵێین، شکستیان هێنا؛ ئەوانیش دەڵێن سەرکەوتووین. بەو پشتگیرییە زۆرەی هەیانە، بەو تەکنەلۆژیایەکی زۆرەشی لەبەردەستیاندایە، تا ئێستا سوپایەکی لەو جۆرە نەیتوانیوە زاپ کۆنترۆڵ بکات. ئێستا داوای هاوکاری لە پەدەکە دەکات؛ ئەوان دەیانەوێت ڕێگایەک لە دەوروبەری دێرەلۆک ساز بکەن، لەسەر ئەم بنەمایە دەیانەوێت گەمارۆی هێزەکانمان بدەن، لە لایەکی ترەوە دەیانەوێت بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگاکە لەسەر هێڵی باڵیندا لەلایەن پەدەکەوە، دیوی بارزان کۆنتڕۆڵ بکەن. بەم شێوەیە پەنایان بۆ چەندین شێواز بردووە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەنجامێک بەدەستبهێنن.

ئەو شەڕەی ئێستا دەیکەین، تەنیا شەڕ بۆ پاراستنی باشووری کوردستان نییە، راستە ئەم شەڕە لە باشووری کوردستان دەکرێت، بەڵام تەنیا ئەم مانایەی نییە. ئەم شەڕە شەری پاراستنی تەواوی کوردستان. بۆیە ئێمە ئەم شەڕە وەک بەرخۆدانێکی پیرۆز دەبینین. ئەگەر دەوڵەتی تورک لێرە سەرکەوێت، دەیەوێت هەموو گەلانی بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. بۆیە ئەم شەڕە بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە. ئێمە لەبەردەم ئامانجی عوسمانی نوێی هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگنەکۆن-قزیل ئەلما دەبینە لەمپەر و بەربەست. ئەم پڕۆژەیەی ئەوانمان لە زاپ چەقاندووە و شەڕەکە بەم شێوەیە درێژەی هەیە.

نەک هەر لە باشوور، بەڵکو لە باکوور و لە هەموو شوێنێک بەرەنگاری ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک دەبینەوە. ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان، لەسەر لوتکەی هەموو چیایەک، لە زیندانەکان، لە شەقامەکان، لە هەموو شوێنێک لەدژی کۆلۆنیالیزم و سیاسەتی قڕکاری دەوڵەتی خۆڕاگری لەئارادایە. بۆیەش بەرلە هەموو داوا لە گەلی باشوور، گەلی کوردستان و هەموو گەلانی ناوچەکە دەکەین پشتیوانمان بن. چونکە ئەم بەرخۆدانە بەرخۆدانێکی ڕەوایە، لەجێگەی خۆیدایە، پیرۆزە و گرنگە. ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبوایە دەوڵەتی تورک بە کۆنسێپتی شۆڤێنیستی خۆی دەبووە بەڵایەکی گەورە لەسەر گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە. لەمڕۆدا ئێمە بەرامبەر بەوە وەستاوینەتەوە.

لەم دواییانەدا شەڕ لە ناوچەکە پەرەی سەندووە و ڕەنگە ئەم شەڕە زیاتر تەشەنە بکات. ستراتیژی کورد لەم قۆناغە گرنگەدا چی دەبێت؟

ڕاستە، شەڕ هەیە و ناوچەکەی گرتووتەوە. ئاشکرایە کە ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت. گومان لەوەدا هەیە کە شەڕ زیاتر تەشەنە بکات. بێگومان ئەم دۆخە هەندێک گۆڕانکاری دەخاتە ڕۆژەڤی کارەوە. لەبەر ئەوەی ئەو لایەنانەی ئەم شەڕە بەڕێوەدەبەن بۆ داڕشتنەوەی سەرلە نوێی ناوچەکە شەڕ بەرپا دەکەن. ئەم بارودۆخە هەندێک دەرفەتی جیاواز دەڕەخسێنێت بەڵام لایەنی مەترسیداریشی هەیە. لەم کاتە هەستیارەدا گەلی کورد زۆر پێویستی بە یەکڕیزی نەتەوەیی هەیە. تۆ پرسیارت دەربارەی ستراتیژی نەتەوەیی کرد، بەڵام ئێستا ئێمە وەک نەتەوەیەک ستراتیژیەکی هاوبەشمان نییە. بەڵام دەبێت بە دڵنیاییەوە ستراتیژێکی نەتەوەیی دابڕێژین. وەک گەلی کورد ئەگەر بمانەوێت ئازاد، یەکسان و سەربەخۆ لەسەر ئەم خاکە بژین، دەبێت لەم کاتە مێژووییەدا ستراتیژێکی هاوبەشمان هەبێت ئێستاش دوژمنانمان زۆرترین سەرنجیان لەسەر ئەم بابەتەیە.

واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکان بۆ ئەوەی کورد یەکگرتوو نەبن و ستراتیژیەکی هاوبەشیان نەبێت لە هەوڵێکی بەرفراواندان، چونکە ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی درست نەکرێت و ستراتیژێکی هاوبەش دروست نەکرێت کە هەمووان پشتی پێ ببەستن وەک چۆن گەلی کورد لە بەرنامەی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا لەدەرەوەی گۆڕانکارییەکان هێڵڕایەوە و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوەوە، ئێستاش لەجەنگی جیهانی سێیەمدا کورد لەدەرەوەی گۆڕانکارییەکان بەجێدەهێڵدرێتەوە. تایبەتمەندی جەنگی جیهانی سێیەم جیاوازە لە جەنگە جیهانیەکانی پێشوو. ئەم جەنگە بە تێپەڕبوونی کات بەرە بەرە بەبڵاو بووەتەوە. واتە لەم کاتەدا وەک کورد ئەگەر بمانەوێت خاوەن پێگە، ئیرادە و هەبوونی خۆمان بین لەناوچەکەدا پێویستە پێش هەموو شتێک ستراتیژیتێکی نەتەوەییمان هەبێت. ئێستا دەوڵەتی تورک یەکێک لەو هێزانەیە کە ئاسایی نییە. ئەم دەسەڵاتدارییە لەناو سیستمی تورکیادا زیاتر ڕاست ڕەوە تا چەپ، لەسەر بنەمای دژایەتیکردن لە گەڵ کورد دروست بووە، دەسەڵاتێکی تورانییە، مەهەپە و ئەرگەنەکۆن و قزل ئەڵما و ئاکەپە لەسەر بنەمای لەناو بردنی مافی کورد بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا نەبێتە خاوەن پێگە لەگەڵ یەک ڕێککەوتوون.

پەدەکە کە دەڵێت من پارتیەکی کوردستانیم لەگەڵ دوژمنی سەرەکەی کوردان ڕێک دەکەوێت و هاوکاریان دەکات. ئەمە کارەساتێکی گەورەیە. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە و هەڵەیەکی زۆر گەورەیە. ئەمەش بەمانای هەڵوەشاندنەوەی هەوڵەکانە بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەییە. بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئەم هەڵەیە ڕابگرین. بۆیە دەبێت گەلەکەمان هەموو وڵاتپارێزان دژی ئەم کردەوەیە هەڵوێست وەربگرن و ڕەخنەی جددی لێبگرن. واتە دەبێت واز لەو کارەیان بەردەن. ئەم سیاسەتە ئەمجارە تەنها زیان ناگەیەنێت، بەڵکوو ئەو سیاسەتەی ئێستای پەدەکە زیانێکی جدی و هەمیشەیی بە داهاتووی گەلی کورد دەگەیەنێت. ئەمە لە شوێنێک بنووسن. هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک وەک چوونە ناو هێلانەی ورچەوە وایە، ڕوون نییە کەی ورچەکە لەناویان دەبات. بۆیە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە. ئێمە دەمانەوێت ئەم سیاسەتە هەڵانەی پەدەکە ڕابگرین. چونکە دەوڵەتی تورک تەنیا دژی پەکەکە نییە؛ دەوڵەتی تورک دژی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە. شتێکی تر هەیە کە جێگەی سەرنجە؛ دەوڵەتی تورک سەرقاڵی شوێن دروست کردنە، پێگەکانی بەهێز دەکات و ئامادەکاری بۆ مانەوەی هەمیشەیی دەکات لە ناوچەکە. هەروەها پەدەکەش یارمەتیدەری ئەم سیاسەتانەی دەوڵەتی تورکیایە؛ بە هەموو شێوەیەک پشتگیریان دەکات، ڕێنماییان دەدات. هەروەها پشتگیری بۆ بەهێزکردنی پێگەکانیان دەکات، دەیانپارێزێت. چۆن و بۆ چی؟ ئەمەش بابەتێکە لێ تێناگەیت. ئەگەر لە ناوچەکە جێگیر بن هەرگیز بە نیاز نابن جێ بهێڵن. بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان ناکشێتەوە. دەڵێت 'من هاتووم مەترسییەکان لە سەر خۆم لاببەم'. مانای مەترسی چییە؟ یەکێکیان پەکەکەیە، ئەوی تریان پێگەی کوردستانە. مەگەر پێشتر تەیب ئەردۆغان ئەمەی نەگوتوە! بۆیە لێرە ناچن. وە هەمیشە فشار لەسەر گەلی کورد دروست دەکات؛ ناوچە ستراتیژەکان کۆنتڕۆڵ دەکات. بەڵام وەک وتم پەدەکە بەردەوام یارمەتی ئەم داگیرکەرانە دەدات. تەنیا یەک ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک لەو شوێنانە بچێتە دەرەوە، ئەویش بەرخۆدانی گەریلایە. بۆیە گرنگە گەلەکەمان پاڵپشتی بکات و ئەم بەرخۆدانە پیرۆزە بپارێزێت. ئێستا بەرخۆدانێکە گەریلا نیشانی داوە بەو مانایەیە کە دەکرێت بکرێت و بۆ گەریلا پێک دێت.

بۆیە بانگەوازیمان بۆ پارتە وڵاتپارێزەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران، هونەرمەند و سیاسەتمەدارانی سەربەخۆ ئەوەیە: لەم کاتەدا دەبێت یەکێتی نەتەوەیی خۆمان دابمەزرێنین ئەوانەی بەشدار نابن با نەیەن؛ ئەوانەی دێن دەبێت بە دڵنیاییەوە یەکێتی نەتەوەیی دابمەزرێنن. ئەم هەوڵە هەوڵێکی ستراتیژیکە و دەبێت دڵنیاییەوە پێک بهێندرێت. بۆیە دەبێت دەست لە پەیوەندی و سیاسەتی تاکتیکی بەردەن. ئێمە وەک کورد دەبێت بوارێک بۆ خۆمان دروست بکەین، بۆیە دەبێت پێکەوە کۆببنەوە و سیاسەتێک دابڕێژن و ستراتیژی نەتەوەیی دیاری بکەن. پێویستییەکی مێژوویی بەمە هەیە. بانگەوازی سەرەکی ئێمە ئەمەیە. ئێمەش لە هەموو شوێنێکی کوردستان بەرەنگاری داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەبینەوە و له باشوری کوردستان درێژە به بەرخۆدانمان دەدەین و لەبەر ئەوە بانگەوازی سەرەکیمان بۆ گەلی هێژای هەرێمی بادینانە. هەموو شتێک لەبەردەم چاویاندا ڕوودەدات. ئەوەی لە دژی ئەم دوژمنە دڕندە دەوەستێتەوە و لە دژی چەکی مۆدێرن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین شەڕ دەکات، گەلەکەمان دەبینێت. هیوادارین گەلەکەمان پشتیوانی لە بەرخۆدانی پیرۆزی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بکات، لە کەسایەتی گەلەکەمان لە بادینان بانگەوازی پشتیوانی لە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان و سەرتاسەری کوردستان دەکەین، بەرخۆدانی ئێمە بۆ ئایندەی گەلی کوردە بۆیە داوای پشتیوانی و هاوکاری لە هەموو هێزە وڵاتپارێزەکان دەکەین، بۆیە بانگەوازیمان بۆ گەل و سیاسەتمەدارە وڵاتپارێزەکانمان لەسەر ئەم بنەمایەیە.

وادیارە شەڕی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان تا دێت گەورەتر دەبێت. ئەم جەنگە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

دەتوانین بڵێین ئەم شەڕە بەشێکە لە شەڕی نێوان عەرەبەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل، چونکه ئامانجی سەرەکی ئێرانه شەڕێک بەدرێژایی ساڵێکە لە ناوچەکەدا بەردەوامە. لە ڕاستیدا، ئەم جەنگە دڵی مرۆڤ دەسووتێنێت. ئەم شەڕه لەدەرەوەی یاساکانی شەڕ بەڕێوە دەچێت. پێش هەموو شتێک دەڵێم؛ ئێمە دژی ئەم شەڕەین. ئەم شەڕە بەم شێوەیە، هیچ چارەسەرێک ناهێنێتە ئاراوە و تەنها دوژمنایەتی نێوان لایەنەکان قوڵتر دەکاتەوە. سەرەتا گەلانی فەلەستین، لوبنان و ئیسرائیل لەم شەڕەدا زیانیان پێدەگات و گەلانی هەرێمەکەش زیان دەبینن و ئازار دەچێژن.

ڕێبازی هێرشی حەماس کە بەناوی توفانی ئەقساوە ئەنجامیدا هەڵە بوو. هەروەها ڕێبازەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان هەڵەیە و ڕاست نییە. لەو شەڕانەدا کە بەم شێوەیە بەڕێوە دەچن هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵ و ژن دەبنە قوربانی و ئەمەش زۆر ئازاربەخشە وەک گوتم بەمشێوەیە هیچ چارەسەرێک نییە.

هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە. مرۆڤایەتی سەرەتا خۆی لەم هەرێمەدا ناسیوەتەوە و شارستانیەتی پەرەی پێداوە. هەر سێ ئایینی ئاسمانی لێرەوە سەریان هەڵداوە. گەلانی هەرێمەکە خاوەن کەلتووری کۆن و فرەرەنگن. زۆر بیروباوەڕ و ئایین و نەتەوە لەم هەرێمەدا هەن. بۆیە بە عەقڵییەت و سیاسەتی دەوڵەت نەتەوە و ئایینی کێشەکانی ئەم هەرێمە چارەسەر ناکرێت، تەنیا بەپێی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت هەموو نەتەوە و بیروباوەڕەکان یەکتر قبوڵ بکەن. نەتەوە و بیروباوەڕەکان خاوەن دەوڵەمەندییەکن لە ناوچەکە، نابێت کەس کەس بکوژێت، نابێت کەس هێرش بکاتە سەر کەس. ئەم گەلە بە هەزاران ساڵە لەم ناوچەیەدا پێکەوە ژیاون. بۆیە بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی ئازاد لەسەر بنەمای یەکسانی بنیات دەنرێت. پڕۆژەکەی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری بنەڕەتی سەرجەم کێشەکانی هەرێمەکەیە، بۆیه ئێمه دژی هەر جۆرە شەڕێکی و دەبێت ەستبەجێ ئەم شەڕه کۆتایی پێ بهێنن و چیتر منداڵان، ژنان و هاووڵاتیانی مەدەنی نەکوژرێن، بیرۆکە و مامەڵەی ئێمەیە لەگەڵ ئەو دۆخە.

سەرەتا ڕاوێژکاری ئەردۆغان، دواتر نومان کورتولموش و بەم دواییانە تەیب ئەردۆغان وتیان: "دوای لوبنان، ئیسرائیل چاوی لەسەر تورکیایە." ڕاستی و مەبەستی سەرەکی ئەم لێدوانە چییە؟

ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە سیاسەتێکی ساختە پەیڕەو دەکەن. ئامانجیان وەستاندنی خوێنڕشتن و ڕاگرتنی شەڕ نییە، بەڵکو پەرەپێدانی زیاتری شەڕەکەیە. بۆیە بەردەوام لایەنەکان هان دەدەن. ئەوان دەیانەوێت لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا شەڕ ڕووبدات و دەیانەوێت سوودی لێ وەربگرن. سیاسەتەکانی ئێستای تەیب ئەردۆغان بەم شێوەیەیە. واتە خۆی وەک لایەنگری فەلەستین و عەرەب نیشان دەدات بەڵام ڕاست نییە. بەڵکوو نیازی هاندانی جیهانی عەرەبییە.

وتەی "چاوی ئیسرائیل لەسەر تورکیایە" بەتەواوی هەڵەیە بەڵام ئارمانجێکی هەیە. بەمەش دەیهەوێت ئەجێندای خۆی بگۆڕێت و ئامانجەکانی ئەنجام بدات.

حکومەتی ئاکەپە- مەهەپە ترسێکی گەورەی سەبارەت بە دوو بابەتی سەرەکی هەیە:

یەکەم؛ ئەمەریکا و ناتۆ سەرکردایەتی پرۆسەیەک دەکەن لە ناوچەکەدا. تورکیاش دەڵێت: "بۆچی لە ڕێگەی منەوە ئەنجام نادرێت بۆچی کێشەکانی ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیل و عەرەبەکانەوە هەڵدەسەنگێنرێن؟ منیش ئەندامی ناتۆم. بۆیە ناڕەزایی لە نەتانیاهۆ و زمانە توندەکەی دژی نەتانیاهۆ لەبەر ئەوەیە واتە دەترسن لە پڕۆژەکانی هەرێمەکە بخرێنە دەرەوە.

ترسی دووەمیان لە کوردانە دەڵێن: «ئەمە لە دەرەوەی ئێمەدا پەرەی پێدراوە. ئایا لە دیزاینی نوێدا کورد جێگای هەیە؟ ئەگەر هەبێت ئەوە مەترسیە. واتە کورد بە مەترسی دەبینێت ئەوە ترسی سەرەکی ئەوانە. بۆیە لە شڵەژاوی و ترسدان.

لەلایەکی ترەوە، هەمیشە دەیەوێت ڕۆژەڤی نوێ دروست بکات. ئێستا دەیهەوێت سوود لەو هەلومەرجانە وەربگرێت و سوریا و ئێران لەهاوپەیمانێتی دژ بە کورد لەگەڵ عێراق بە هاوکایی پەدەکە بەشدار بکات بۆیە دەیەوێت لە باشوری کوردستان خۆی بپارێزێت و بەشێکی ڕۆژئاوای داگیر کردووە و دەڵێت من بەردەوام دەبم لە داگیرکاریی. دەوڵەتی تورک دەڵێت کوردستان گەشە بکات دەبێتە کۆسپ بۆ ئێمە و لاوازمان دەکات و ئەمەش لەسەر بنەمای ترسێکی وەها وا دەڵێت. ئێستا پەرلەمان دانیشتنێکی داخراو بەڕێوە دەبات، بەڵام پێم وانییە ئەمە لە پارلماندا قسەی لەسەر بکرێت. وەک دەوڵەت ئەم بابەتانە لە ئاستێکی تەسکدا تاوتوێ دەکەن. ئەمە ترسی سەرەکی ئەوانە. واتە لەم کاتە نوێیەدا دیارە کە دەیانەوێت سیاسەت لەسەر دوژمنایەتی کورد بەڕیوە ببەن.

لە لایەکەوە لە تورکیا نەرم بوونەوە هەیە. لەم دواییانەدا، باغچەلی دەستی بۆ ئەندامانی دەم پارتی درێژ کرد و سڵاوی لێکردن، بەڵام لەلایەکی ترەوە برسێتی و هەژاری هەیە و ئابووری بەرەو خراپتر دەڕوات. واتە ئەم حکومەتە کێشەی هەیە، دەیەوێت ئەجێندای خۆی بگۆڕێت. لەسەر ئە بارەیەوە چی دەڵێن؟

زۆر ئاشکرایە؛ حکومەتی ئاکەپە- مەهەپە بەهۆی شکستی لە پلانەکانیان نیگەران بووە. ١٠ساڵ لەمەوبەر کاتێک پلانی سەرەکیان سەرکەوتن بەسەر دۆزی کورد، تێکشکاندنی پەکەکە، داگیرکردنی باشووری کوردستان و لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوو، لە هەموو بوارێکەوە تێچوویەکی زۆریان کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. بۆیە کێشە ئابوورییەکان زیادیان کرد. برسێتی لە هەموو تورکیادا  پەرەی سەندووە. ئەمە کێشەی سەرەکی حکومەتی تورکیایە. لە ڕاستیدا، ئەوان دەیانویست ڕۆژەڤی خۆیان بگۆڕن، دەرفەتێک بۆ خۆیان دروست بکەن. کەواتە، نابێت مرۆڤ هێندە واتا بدات بە مەرحەبایەک کە لەگەڵ دەم پارتی کراوە. تەنانەت هەندێک کەس دەڵێن: «ئایا پرۆسەیەکی نوێ دەست پێدەکات؟» شتێکی وەها بوونی نییە نابێت کەس خەون و خەیاڵێکی وابکات، ئێستاش ڕۆژانە کورد دەکوژن و لە هەرێمەکە جێگیر دەبن. شەڕ هەیە، گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە. کەواتە، شتێکی لەو شێوە کە دەڵێن بوونی نییە. بەڵام تەیب ئەردۆغان بەنیازە ئۆپۆزسیۆن به پێی خۆی دابڕێژێت، تەنانەت دەیەوێت دەستی بۆ هەمووان درێژ بکاتەوە و پێیان یاری بکات؛ ئەو دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن بخاتە نێو دوودڵیەوە. لێدوانەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک ئاسایی بوون و هەندێک لە بۆچوونەکانی زەمینە بۆ ئەمە بەرهەم دەهێنێت. بەڵام دەسەڵاتداریی ئاستەنگ بووە، دەیەوێت خۆی لەو تەنگانەدا ڕزگار بکات. هەموو هەوڵەکانی لەم ئاراستەیەدایە، دەبێت لەم ڕاستیە تێبگەین. بە واتایەکی تر، نابێت ئۆپۆزسیۆن بەم یارییانە فریو بخۆن. ئەمە زۆر گرنگە، لە ڕاستیدا یارییە.

ئەمڕۆ له تورکیا برسێتی، بێکاری و هەژاری پەرەی سەندووە و ئەو کەسانەی پێشتر مووچەیان وەردەگرت و فەرمانبەر بوون، پێیان  دەگوترا دەوڵەمەند ئێستا ئەوە ئیتر نەماوە. ئێستا ئەوانەی کارمەندی دەوڵەتن ناچارن کاری دووەم بدۆزنەوە. کرێکارەکان هەموویان برسێتی دەکێشن. گەل گەیشتوونەتە سنووری برسێتی ئەمە ڕۆژەڤی سەرەکییە.

ئەمە لە ئەنجامی چیدا ڕوویدا؟ ماوەی ١٠ساڵە هەموو داهاتی تورکیا بۆ شەڕ خەرج دەکرێت و هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە سەیرکە، محەممەد شمشەک وەک ڕزگارکەرێک هێنرایە سەر ئابووری و کرایە وەزیری خەزێنە. ئەم کەسە ڕاست نزیک نابێتەوە، ڕاستیەکان باس ناکات. ئەم کەسە لە بنەڕەتدا کوردێکی خەڵکی کەرجەوسە بەڵام لە سروشتی خۆی دابڕاوە ئاشکرایە کە ئەوان لە منداڵیدا لە هەندێ قوتابخانەدا پەروەردەیان بینیوەو و بەم شێوەیە لە سروشت و ڕاستی خۆیان دابڕاون. کەسێک لە ڕاستینەی خۆی دابڕاوە، ناتوانێت هیچ بڵێت. سوقرات دەڵێت: «خۆت بناسە.» ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "خۆناسین بناغەی هەموو تێگەیشتنەکانە" کەواتە محەممەد شمشەک لە ڕاستی خۆی دوورکەوتووتەوە ئەگەرنا بە گوێرەی ڕاستیەکان هەڵسوکەوتی دەکرد و دەیگوت: « ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت ئابووری چارەسەر نابێت."

سەیرکەن، ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە لە ماوەی ١٠بۆ ١١ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠هەزار سەربازی بە پارە وەرگرتووە. ئێستا سوپا لە شەڕدایە، ئەم سوپایە بە پارەوە لە شەڕدایە، ئەم ١٠٠هەزار کەسە بە مووچەیەکی بەرزەوە شەڕ بەڕێوە دەبەن. سەرەڕای  ئەوەش JOH و POH هەیە. هەروەها ئەوانیش مووچەی زیادە وەردەگرن. هەموو ئەم تێچوونانە هەژمار بکەن بزانن چەند خەرج دەکرێت؟ بۆ تێگەیشتنی باشتر لە ئاستی ئەم خشتەیە، دەتوانم بەراوەردێکی بچووک ئاماژە پێبکەم. لە ماوەی ٩مانگی نێوان کانوونی دووەم و ئەیلولدا، دەوڵەتی تورک تەنها ٢٥٤١ جار هێرشی ئاسمانی بە فڕۆکەی جەنگی لەهەرێمەکانی پاراستنی میدیادا ئەنجامداوە. هەروەها ٧٧٧جار به هەلیکۆپتەر هێرشی ئەنجامداوە، واتە ٣٣١٨ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە. هەروەها ٧١ هەزار و ٢٧جار بە چەکی هاوەن، تانک و تۆپ و ئۆبیس هێرشی ئەنجامداوە. تێچووی بەکار هێنانی هەریەک لەمانە بەردەستە. هەروەها تێچووی فڕینی هەر فڕۆکەیەک و هەلیکۆپتەرێک دیارە. تەنها یەک ئۆبیس ٥٠٠٠ دۆلاری تێدەچێت. خواردن تێچووی هەیە، هێنان و بردن، بڵاوەپێکردنی هەر سەربازێک لە شوێن و ناوچەکان هەموو تێچوویەکی هەیە.

ئەم شەڕە تەنیا لە باشووری کوردستان بەڕێوە ناچێت. لە باکوور وەک بڵێی هەموو ڕۆژێک ئۆپەراسیۆنێک ڕوودەدات؛ هەموو ئەمانە بە پارە ئەنجام دەدرێن. لە ڕۆژئاواش شەڕ هەیە. هەموو ڕۆژێک لە ئیدلیبەوە تا سەرێکانی بۆردومان دەکرێت. هەموو ڕۆژێک لە عەفرین و شەهبا بۆردومان ڕوودەدات. میت چالاکیی سیخوڕیی دەکات، هەموو ئەمانە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت. تورکیا هەموو داهاتەکەی بۆ شەڕ خەرج دەکات. بۆیە تورکیا هەرچەندە وڵاتێکی دەوڵەمەند بێت، بەڵام هێشتا خەڵکی لە هەژاریدا بەسەر دەبەن لە تورکیا. کەس ئەم باسی ئەم ڕاستییە ناکات. گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن جەهەپە هیچ باسی ئەمانە ناکات. واتە بەس دەڵێت ڕۆژەڤێکی برسێتی و هەژاری هەیە، بەڵام ناڵێت بۆچی و چۆن ڕوودەدات. هەتا ئێستا بە شەڕەکان هیچ سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. بۆیە گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ گرنگە. ئێستا گەل لەم بوارەدا تێکۆشانێکی بەرز بەڕێوە دەبات. ئەگەر گۆشەگیری هەڵبگیرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت، هەموو ئەم تێچوونانە نامێنێ. ئەوکات ڕەنگە ئابوری تورکیا ببوژێتەوە.

لەوانەیە محەممەد شمشەک لە هەندێک بابەتدا شارەزا بێت، بەڵام ڕاستیەکان باس ناکات. ئەوان دەزانن که ئابووری تورکیا باش نابێت تا ئەو تێچوونەی شەڕ کۆتایی پێ نەهێندرێت، بەڵام ئاکەپە و مەهەپە هەموو ڕۆژەڤەکان دەگۆڕێت، بەردەوام مانۆڕ دەکات و دەیەوێت سەربکەوێت. ڕاستیەکە ئەوەیە. واتە شەڕ هەیە و لە ئەنجامدا تێچوویەکی مەزن  و هەژاری کۆمەڵگای لێ کەوتووتەوە.

پێشتر، بۆ جەردەوان و بەکرێگیراوان بانگەوازیتان کردبوو. پاش ئەو بانگەوازییە بەکرێگیراوان چوونیان بۆ بەشداری لە هێرشەکان ڕەتکردەوە. بارودۆخی ئێستا چۆن دەنینن، لەو بوارەوە هیچ شتێکتان هەیە باسی بکەن؟

دەوڵەتی تورک و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە لە هەوڵی پەرەپێدانی سیخوڕی لەناو کۆمەڵگای کوردیدان. شەڕی تایبەت، سیخوڕی و لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر لە کۆمەڵگادا پەرە پێدەدەن. سەرەنجام هەندێ دیاردە لە کۆمەڵگادا ڕوویداوە و شتێک لە دەرەوەی ئەخلاقی کۆمەڵگا سەری هەڵداوە بۆ نموونە، هەندێک زانیاری هەیە لە ماوەی مانگێکدا ٤٢ ژن لە تورکیا کوژراون کە گومان دەکرێت ٢٠ کەسیان لەلایەن پیاوانەوە کوژرابن. ئەمڕۆ دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان لە تورکیا پەرەی سەندووە، هێرش دەکرێتە سەر ژنان، مەترسی هەیە، دەستدرێژی سێکسی هەیە. هەروەها هێرش دەکرێتە سەر منداڵان. بۆچی نارینی بچووک کوژرا؟ نارین بەهۆی کردەوەکانی شەڕی تایبەتەوە کوژرا و بکوژەکەی ئەمڕۆ ڕوون ناکرێتەوە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە سیستەمی شەڕی تایبەت وێرانکاریەکی ئەخلاقی بەرهەم هێناوە و کۆمەڵگای بەرەو لێواری لەناوچوون دەبات، ئەمەش مەترسیەکی لێکەوتووتەوە.

هۆکاری هەموو ئەمانە کردەوەکانی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە. دەیانهەوێت هۆشمەندی و بەنرخی گەلی کورد لەناو ببەن. ئەگەر کەسێک دەست بە سیخوڕی بکات، هیچ بەهایەکی نامێنێت. لەشفرۆشیش بە هەمان شێوەیە. بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەچێتە ناو پەکەکە، لەناو کۆمەڵگادا ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکرێتەوە و لەشفرۆشی و سیخوڕی پەرە پێدەدەن. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە سیستەمی فاشیست بەرەوکۆتایی دەچێت. بۆیە سیستەمی شەڕی تایبەت گەشە پێدەدەن.

ئێمە بۆ بەکرێگیراوان بانگەوازیەکی ڕاست و دروستمان کرد. بیستمان کە هەندێک نارازایەتی هەیە. ئێمە دەیانناسین دەزانین زۆربەیان کوردن. زۆربەیان خاوەنداری لە کوردایەتی خۆیان دەکەن، لەڕاستیدا بانگەوازیمان بۆ ئەوان بوو. بانگەوازیمان بۆ ئەوانەی که بوونەتە سیخوڕ، کۆنترا و خۆیان بێ ڕێز کردووە نەبوو. بەڵام بۆ ئەوانەی بەناچاری بەکرێگیراوی دەکەن جارێکتر بانگەوازیان دەکەین. سەیرکە دەوڵەتی تورک نەک تەنیا لە باکوری کوردستان بەڵکوو بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان، ڕۆژئاوا بۆ نموونە تا ئێستا ٨٠٠ بەکرێگیراویان هێناوەتە باشوری کوردستان، لەوانەیە زیاتریش بن، هەروەها لە بەرواری باڵا چەتەکانی ئەلنوسرەیان هێناوە لە چەتەکانی سوریا و سەربازە بەکرێگیراوەکانیان هێناوە کە هێرش بکەنە سەر کوردان. کەس هیچ شتێک لەوبارەوە ناڵێت. بەڵام پێویستە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان نەبن. نابێت لەو هێرشاندا بەشدار بن واتە دەبێت هەموو بەکرێگیراوانی گوندەکان ئەوە بزانن دەنێردرێنە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بۆ ئەوەی دژی نەتەوەکەیان شەڕ بکەن و سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەسەریاندا پەیڕەو دەکەن. بۆیە نابێت هیچ کەسێک بەشداری ئەو هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بکات. بێگومان داواکاری سەرەکیمان بۆ هەموو بەکرێگیراوانی گوندەکان ئەوەیە چەکەکانیان دابنێن. پارەیەکی وەها کە لەسەر خوێنی کچ و کوڕانی کورد پێیان دەدرێت پێویستە قبووڵی نەکەن ، ئەو پارەیە وه ک ژەهره و نابێت وەریبگرن و بەشداری هیچ هێرشێک نەکەن ئەمە بانگەوازی سەرەکی ئێمەیە بۆ هەموو بەکرێگیراوانی گوندەکان.