له سه‌رده‌می ئاكه‌په ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان ٧٠٠% زیادی كرد
ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی و توندوتیژی دژی منداڵان له سه‌رده‌می ئاكه‌په‌دا ٧٠٠% زیادی كرد. زۆرینه‌ی دۆسیه‌كانیش به‌بێ لێپێچینه‌وه و سزا مانه‌وه.
ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی و توندوتیژی دژی منداڵان له سه‌رده‌می ئاكه‌په‌دا ٧٠٠% زیادی كرد. زۆرینه‌ی دۆسیه‌كانیش به‌بێ لێپێچینه‌وه و سزا مانه‌وه.
پڕۆژه‌ی پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا ده‌رباره‌ی توندوتیژی و ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی هه‌موو جارێ له لایه‌ن حكوومه‌تی ئاكه‌په ڕه‌تكرانه‌وه. له سه‌رده‌می ئاكه‌په‌دا ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی، كوشتن و به‌شوودانی منداڵان له توركیا زیادی كرد. دوایین جار، له پۆلاتی ئه‌نقه‌ره ئه‌یلوول یه‌رلیكارای ٨ ساڵه كه ٢٢ی حوزه‌یران ون بوو، دوای هه‌فته‌یه‌ك به مردوویی دۆزرایه‌وه. له ئاگری له ڕۆژی ده‌ستپێكی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا (١٥ی حوزه‌یران) له‌یلا ئایده‌میری ٤ ساڵه ون بوو و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه. ئه‌م ٢ ڕووداوه‌ی ئه‌م ماوه‌یه ده‌ریخست كه تاوان و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان له توركیا گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێك.
له وارگه‌ی سوله‌یمانیان كه نزیكی ئاكه‌په‌یه ٩ منداڵ، له وارگه‌ی وه‌قفی ئه‌نسار كه كوڕی سه‌رۆك كۆمار بیلال ئه‌ردۆغان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی ٤٥ منداڵ، له سه‌مسوور ٣٠ خوێندكار و له ئایدن-یش منداڵێكی ٣ ساڵه بوونه ئامانجی ده‌ستدرێژیی ٢٠٠ كه‌س. له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی كوچوكچه‌كمه‌جه‌ی ئیسته‌نبووڵ ١١٥ منداڵی دووگیان كوژران. ئه‌مه ته‌نیا چه‌ند ڕووداوێكی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵانه كه له كاتی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په كراون.
له ٣ منداڵ یه‌كێكیان ده‌ستدرێژی ده‌كرێته سه‌ر
توركیا له بابه‌تی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵاندا له ئاستی جیهاندا له پله‌ی سێیه‌مدایه. له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٤٨٢ هه‌زار و ٨٠٢ منداڵی كچ به ڕێگه‌پێدانی ده‌وڵه‌ت به‌شوودران. له ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠١٧دا ٢ هه‌زار و ٤٠٤ كۆرپه كه له منداڵانی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵی و ته‌مه‌ن بچووكتر هاتنه دونیا، مردن. له توركیا له ٣ منداڵ یه‌كێكیان ده‌بێته ئامانجی ده‌ستدرێژی و توندوتیژی. ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په له بری ئه‌وه‌ی ڕێ له كوشتن و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان بگرێت، هه‌موو پڕۆژه‌كانی پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كانی له‌و باره‌یه‌وه ڕه‌ت كرده‌وه و به‌رگری له ده‌ستدرێژیكاران كرد. پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په و پارتی گه‌لی كۆماری - جه‌هه‌په تا ئێستا ده‌یان پڕۆژه‌یان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه و بۆ ڕێگرتن له توندوتیژی، ده‌ستدرێژی و هێرشی زایه‌ندی دژی منداڵان. به‌ڵام هه‌موو پڕۆژه‌كان له لایه‌ن ئاكه‌په ڕه‌تكراونه‌ته‌وه.
منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ١٨ ساڵان، ٤٤٠ هەزار منداڵیان هێنایه دونیا
به‌هۆی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په بۆ ڕه‌واكردنی ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی، له ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠١٥دا توندوتیژی و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان ٣ قات زیادی كرد. له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په‌دا ڕووداوه‌كانی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵان به ڕێژه‌ی ٧٠٠% زیادی كرد. له ساڵی ٢٠٠٢ به‌دواوه منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ١٨ ساڵان، ٤٤٠ هەزار منداڵیان هێنایه دونیاوه. ژماره‌ی منداڵانی خوار ته‌مه‌ن ١٥ ساڵان كه به‌هۆی ده‌ستدرێژییه‌وه منداڵیان بوو، ١٥ هه‌زاره. ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی كه مه‌غدووری تاوانه‌كانن، ١٢٢ هه‌زاری تێپه‌ڕاند. ئه‌م ئامارانه ته‌نیا لایه‌نی ئاشكرا و به‌رچاو ده‌رده‌خه‌ن، زۆرینه‌ی ڕووداوه‌كانی توندوتیژی و ده‌ستدرێژی دژی منداڵان ده‌شاردرێنه‌وه.
حكوومه‌تی ئاكه‌په ڕه‌وایه‌تی به ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی دا
حكوومه‌تی ئاكه‌په كه ڕێگری له توندوتیژی و ده‌ستدرێژیی سه‌ر منداڵان نه‌كرد، ده‌ستدرێژیكارانی پاراست. ئایاری ٢٠١٥ دادگه‌ی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی سزای سه‌ر مه‌لا و ئه‌و كه‌سانه‌ی لابرد كه به‌بێ هاوسه‌رگیریی نافه‌رمی، هاوسه‌رگریی ئایینی ده‌كه‌ن. ئه‌و قانوونانه‌ی كه پێشتر هاوسه‌رگیرییان له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا قه‌ده‌غه ده‌كرد نه‌رمكران، به‌مه‌به‌ستی ڕێخۆشكردن بۆ ڕه‌واكردنی هاوسه‌رگیریی ئایینی.
دادگه‌ی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی به به‌تاڵكردنه‌وه‌ی قانوونێك ڕێی كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان بتوانن له ١٢ ساڵییه‌وه هاوسه‌رگیری بكه‌ن. حكوومه‌تی ئاكه‌په له تشرینی دووه‌می ٢٠١٦ پڕۆژه‌یه‌كی كرده ڕۆژه‌ڤی په‌رله‌مان و ویستی له ڕێی هاوسه‌رگیرییه‌وه ده‌ستدرێژیكاران به‌بێ سزا بهێڵێته‌وه. له دوای ناڕه‌زایی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل و گه‌ل، پڕۆژه‌كه‌یان كشانده‌وه.
وه‌زیری كاروباری خێزان: به جارێك هیچ نابێت
وه‌زیری ئه‌و كاته‌ی داد به‌كر بۆزداغ كاتێك به‌رگری له پڕۆژه قانوونی لێبووردنی ده‌ستدرێژیكاران كرد، به گوتنی «ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه ڕازی بێت» بارودۆخێكی سه‌یری خوڵقاند. وه‌زیری سیاسه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خێزان سه‌ما ڕه‌مه‌زان ئۆغلووش ده‌رباره‌ی ده‌نگۆكانی ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی به وه‌قفی ئه‌نساری گوت: «ته‌نیا جارێك ڕوویداوه، بۆیه نابێ به‌هۆی ئه‌مه‌وه ناوبانگی فه‌رمانگه‌یه‌كی ئێمه كه خزمه‌ت ده‌كات ڕه‌ش بكرێت.» سه‌رۆكایه‌تیی كاروباری ئایینی گوتی: «منداڵانی كچ ده‌توانن له ٩ ساڵییه‌وه دووگیان بن و به‌بێ ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌كانیان له‌گه‌ڵ بێت ده‌توانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی كرد.
كه‌مكردنه‌وه‌ی سزا له به‌رانبه‌ر مامه‌ڵه‌ی باش
له دۆسیه‌ی ده‌ستدرێژیكردنی زایه‌ندیی منداڵاندا، ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په ده‌رفه‌تی سزانه‌دانی به‌بنه‌ما گرت. له دادگه‌كانی ئاكه‌په‌دا سزای تاوانباران به‌رده‌وام به ناوی «مامه‌ڵه‌ی باش و ڕێزدار» كه‌مكرانه‌وه.
چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك كه به‌م هۆیه‌وه سزای تۆمه‌تباران كه‌مكرانه‌وه:
* له ئامه‌د ٢ ساڵ به‌ر له ئێستا ٢٢ تۆمه‌تباری ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵێكی ١٤ ساڵان، به بیانووی «مامه‌ڵه‌ی ڕێزدارانه له كاتی دانیشتنی دادگه‌دا»، سزاكه‌یان كه‌مكرایه‌وه بۆ ١١ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردن.
* له ئه‌سه‌نیوورتی ئیسته‌نبووڵ، سۆنه‌ر ئایدن ده‌ستدرێژی كرده سه‌ر منداڵێكی كچی ته‌مه‌ن ٣ ساڵان و ده‌ستگیر كرا. دادگه ده‌بوایه به‌رزترین سزای بۆ ببڕێته‌وه كه ١٥ ساڵ زیندانیكردنه، به‌ڵام به ناوی «مامه‌ڵه‌ی ڕێزدارانه» ته‌نیا سزای ٢ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیكردنی بۆ بڕایه‌وه.
* له ئه‌ده‌نه ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی كه ده‌ستدرێژی كرده سه‌ر منداڵێكی ١٢ ساڵان، به هه‌مان بیانوو له بری ٢٤ ساڵ، ٢٠ ساڵ سزای زیندانیكردنی بۆ بڕایه‌وه.
* له ناوچه‌ی بازیدی ئاگری تۆمه‌تبارێك كه ده‌ستدرێژیی زایه‌ندی كرده سه‌ر منداڵێك، له دادگه گوتی: «من گاڵته‌م كردبوو» و دواتر ئازاد كرا.
* له كۆجائه‌لی باوكێك به ناوی ل.ئۆ ده‌ستدرێژی كرده سه‌ر كچێكی ته‌مه‌ن ١٣ ساڵانی خۆی، به‌ڵام له لایه‌ن دادگه‌وه ئازاد كرا.
* له زۆنگولداك، قیسمه‌ت ك. كه ده‌ستدرێژی كردبوویه‌وه سه‌ر منداڵێكی ته‌مه‌ن ١٤ ساڵان، به ناوی «مامه‌ڵه‌ی باش» سزاكه‌ی بۆ ١٧ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیكردن كه‌مكرایه‌وه.
s.m