٣٤ مانگە هیچ هەواڵێک لە عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە: داواکاری نوێ بۆ دیدار پێشکەش کرا

بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی کە ٣٤ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەیانەوە نازانرێت، داواکاری نوێ بەرزکرایەوە.

بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی ئاسایشی بەرزی جۆری ئێفی ئیمراڵی لە ناو گۆشەگیرییەکی دژواردایە و ٣٤ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت، محەمەد ئۆجالانی برای و مەزڵوم دینچی پارێزەری سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

هاوکات بە مەبەستی دیدار لەگەڵ زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی علی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵاد یەڵدرم برای حامیلی یەڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاشیش سەردانی داواکاری گستیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

مافی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و ٣ زیندانی دیکەی ئیمراڵی بە پاساوی 'سزای دیسپلین' ئاستەنگ دەکرێت. دەسەڵاتی دادوەری ژمارەی ئەو دۆسیەی بەهۆیەوە سزای دیسپلین سەپێندراوە، ئاشکرا ناکات.

هـ . ب