"بۆ چارەسەری پرسی کورد ببینە دەنگی مانگرتووانی زیندان"

سەرۆکی فەخری ئیهەدە، ئاکین بەردال گوتی: "بۆ چارەسەری پرسی کورد ببینە دەنگی ئەو کەسانەی لە مانگرتن لە خواردندان".

لقی مێرسینی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)، لە چوارچێوەی هەفتەی مافەکانی مرۆڤ بە ناونیشانی "لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ زیندان و کۆمەڵکوژی زیندانەکانی ١٩ ی کانوونی یەکەم" پانێڵێکی ڕێکخست. سەرۆکی فەخری ئیهەدە، ئاکین بەردال، هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی زیندانەکانی ئیهەدە، نورای چەڤەرمان ئایکۆل، سەرۆکی پێشووی ژووری پزیشکانی مێرسین، محەمەد ئانتمەن، سکرتێری لقی ئیهەدەی مێرسین و شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی ١٩ ی کانوونی یەکەم، بەکر سیتکی، وەک قسەکەر بەشداری بوون.

پێش قسەکان خولەکێک ڕێزگرتن بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە نیشاندرا.

شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە، بەکر سیتکی، ڕایگەیاند کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانە لە مێژووی وڵاتەکە و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە. گوتی: "لە کۆمەڵکوژییەکەدا، ٨ هەزار و ٥٠٠ جەندرمە و ٥٠٠ پۆلیسی مەدەنی بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر هەمووان. زۆرکەس ژیانیان لەدەستدا و برینداربوون، مرۆڤ بەزیندوویی سوتێنرا". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی مردووان گەیشتە هەزاران کەس.

پزیشک، محەمەد ئانتمەن، ڕایگەیاند، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ گەلێک زیندانی لە ڕۆژووی مردندا بەهۆی نەبوونی هاوکاری پزیشکی گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆکی فەخری ئیهەدە، ئاکین بەردال، ئاماژەی بەوە کرد دەسەڵاتی ئاکەپە وڵاتی کردووە بە زیندان، تیشکی خستەسەر مانگرتن لە خواردنی زیندانیان دژی گۆشەگیری و ڕایگەیاند پێویستە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی بێت، گوتی: "بۆ چارەسەری پرسی کورد ببینە دەنگی ئەو کەسانەی لە مانگرتن لە خواردندان".

هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی زیندانەکانی ئیهەدە، نورای چەڤەرمان ئایکۆل، ئاماژەی بە پێشێلکاریی نێو زیندانەکان کرد، دووپاتی کردەوە تا دێت پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن و سیستەمی ئەشکەنجە لە زیندان بەڕێوەدەچێت.