'بە ڕێپێوانی ئازادی، دەمانەوێت ئەنجام بەدەست بهێنین'

ڕێپێوانی ئازادی کە لە ١ی شوبات لە وان و قەرس دەستی پێکرد، لە ئەستەنبوڵ بە چالاکی جیاواز لە ڕۆژەڤەدایە. گۆنجا یانگۆز، هاوسەرۆکی دەم پارتی- ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند کە چالاکیی و کارەکانیان بۆ وەرگرتنی ئەنجامە.

ڕێپێوانی ئازادی کە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ١ی شوباتەوە لە وان و قەرسەوە لەدژی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوشارەکانی سەر هەموو زیندانەکان دەستیان پێکردووە بەردەوامی هەیە. ڕێپێوان و چالاکییەکان سەرەڕای هێرشی پۆلیس بەڕێوەچوو و تا ١٥ی شوبات بەردەوام دەبێت. لە لایەکی تریشەوە چالاکی جۆراوجۆر بە پلەی یەکەم لە ئەستەنبوڵ و شارەکانی تورکیا بۆ فراوانکردنی چالاکییەکان ئەنجام دەدرێن.

گۆنجا یانگۆز، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و ڕایگەیاند کە کار و چالاکییەکانیان تەنها بۆ ڕۆژەڤ نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەدەست هێنانی ئەنجامەکانە.

'ئێمە دەمانەوێت ئەم پرسە بکەینە بوارێکی هاوبەشی بەرخۆدان'

گۆنجا یانگۆز بە بیری هێنایەوە کە ڕێپێوانی ئازادی لە کوردستان لە دوو لاوە دەستی پێکرد و وتی: "لەبەرئەوەی گۆشەگیریی درێژخایەن لە ڕاستیدا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تەشەنەی کردووە، داواکاریی ئێمە بە پلەی یەکەم ئازادیی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری پرسی کوردە لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئاشتیانە و ئازادیی تورکیا. لەم چوارچێوەیەدا بەشداریمان لە ڕێپێوانی ئازادیدا کرد، دەزانین تا کێشەی کورد بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، کاریگەرییەکەی لەسەر هەموو گەلی ئەستەنبوڵیش هەیە، بۆیە دەمانەوێت ئەم پرسە بکەینە بوارێکی هاوبەشی بەرخۆدان لەگەڵ هەموو بزووتنەوە سۆسیالیست، هونەرمەندان و هەموو گروپە هەستیارەکان، ئەوەی دەمانەوێت لە ئەستەنبوڵ ئەنجامی بدەین چالاکیی ڕێپێوانی ئازادی مانگی ئازار و بە ڕۆژەڤ کردن و ئەنجام وەرگرتنە.

لێرەدا ئارمانجی یەکەم ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و جێبەجێکردنی داواکاریی هەڤاڵانی مانگرتن لە خواردنە. لەم چوارچێوەیەدا بازنەی چالاکییەکانی پەیوەست بە ئیشکگریی دادپەروەری کە لە دەرەوە بەردەوامە، لەلایەن خەڵکی مەدەنیەوە پێشوازی لێدەکرێت و دەنگی پێدەدرێت. لە بنەڕەتدا هەموو دامودەزگاکان پلانی چالاکییە جۆراوجۆرەکان لە بوارەکانی خۆیان و بەپێی سەرەنجی خۆیان دەست نیشان دەکەن.