سەرۆکی یەنەكە لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی دۆخی ناوچەكە بەمجۆرە هەڵوێستی خۆی خستەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: دژی شەڕ و وێرانکارین و پشتگیریی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانەوە دەدرێن.
هاوكات، بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكی یەنەكە هەردوولا جەختیان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی کاریگەریی شەڕەکە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.
جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستی٣"ـیان ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.