بانگەوازی بۆ هەڵمەتی 'یەک ملیۆن واژۆ بۆ ئاشتی' کرا

لە شاری ئەدەنە بۆ کەمپەینی 'یەک ملیۆن واژۆ بۆ ئاشتی' بانگەوازی کرا و ڕاگەیەندرا کە ئاشتی بەبێ چارەسەری پرسی کورد بەدی نایەت.

کەمپەینی یەک ملیۆن واژۆ بۆ ئاشتی

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'یەک ملیۆن واژۆ بۆ ئاشتی' کە لە ١٦ی کانوونی دووەم کە لەلایەن کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (هەدەکە) دەستیپێکراوە، لە شاری ئەدەنە چالاکیەک بەڕێوەچوو. چالاکییەکە لە لایەن لقی ئەدەنەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە)وە بەڕێوەچوو و نوێنەری زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێدا بەشدار بوون.

ئەندامی هەدەکە ڕەمەزان شانجی ڕایگەیاند، بە هۆی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە قەیرانی ئابووری، مرۆیی و ئیکۆلۆژیی دێتە ئاراوە. بە تایبەت سەبارەت بە پرسی کورد سیاسەتی توندوتیژی پەیڕەو دەکرێت و ئەمەش بەردەوامی چارەسەر نەبوونی پرسەکە زیاتر دوا دەخات." شانجی ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و وتی، هێرشەکان نەتەنها دژی کوردە، بەڵکوو دژی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری ئاشتی و دیموکراتیکە.

هەروەها شانجی سەبارەت بە کەمپەینی هەدەکە وتی: "بانگەوازی لە هەموو پاریزەرانی ئاشتی دەکەین و دەڵێین، با هەموومان ببنە بەشێک لەم تێکۆشانە، وەرن با یەکسانی و خوشک و برایەتی گەلان بنیات بنێین و پێکەوە ئاشتی بەدی بێنین. نەک هەر ناوچەکەمان پێویستی بە ئاشتیە، بەڵکوو هەموو مرۆڤایەتی پێویستی بە ئاشتییە. بۆیە پێویستە دەنگی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا بەرز بکەینەوە."

لە بەیاننامەکەدا نوێنەرانی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنداریان لە هەڵمەتی 'یەک ملیۆن واژۆ بۆ ئاشتی' نیشاندا و ڕایانگەیاند هەتا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت ئاشتی کۆمەڵایەتی مەحاڵە.