پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆنفرانسی برۆکسڵ
پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە:
"بۆ کۆنفرانسی سەدساڵەی سەرهەڵدانی ١٩٢٥
کۆمەڵەی ئازادی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەش
حەقیقەتێکی مێژوویی کە ئێمە لە کەسێتی شێخ سەعید دا باسی دەکەین، لە سەرهەڵدانێک یان لە سەرهەڵدێرێکی هەرێمی زیاترە. ئەم حەقیقەتە تێکۆشانێکی نەریتییە بۆ هەبوونێک کە لە یادەوەری هاوبەشی گەلی کورد دا شوێنەواری قووڵی جێهێشتووە. تێکۆشانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی کوردە کە بە باوەڕیی، نەریت و ئیرادە دژی زیهنییەتی تاکپەرستی سەپێندراو دەرکەوت.
شێخ سەعید وەک پێشەنگێک لە هەلومەرجی سەردەمی خۆییدا، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی لەئەستۆ گرت و دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی کە ئیرادەی کوردایەتی بە ئامانج دەگرت، هەڵوێستی بەهێزی نیشان داوە. ئەم سەرهەڵدانە کە لە کەسێتی ئەودا مانادار دەبێت، بە تەنها هەڵوێستێکی سیاسیی نییە، هاوکات هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتیشە. ئەم هەڵوێستە گوزارشتێکی مێژوویی دڵسۆزی کوردە بۆ حەقیقەتەکەی.
سیاسەتی ناوەندیگەرای و تاک-شووناسی کە لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا بەڕێوەبرا، ئامانجی ئەوەبوو گەلی کورد لە هەبوونی خۆی دابڕێت. شێخ سەعید گوتی 'ئێمە دادپەروەریمان دەویست، بەڵام ئێوە سزای لەسێدارەدنتان پێداین' بەم گوتنەی دژی ئەم سیاسەتە دەنگی گەلێکی بەرزکردەوە لە دژی سێدارە. ئەم قسەیە ڕوونترین و بەهێزترین نیشانەیە کە پێمان دەڵێت حەقیقەت لە دژی ستەم پاشەکشەکی نەکردووە. هەروەها ئەو قسەیەکی دیکەی کە دەڵێت، 'بەڕێز دادوەر، کوا خۆ ئێمە دەچووین پێکەوە بەرخ بخۆین' گوزارشتە لەو پیلانگێڕییەی ڕووبەرووی کرایەوە. ئەو قسەیەی دیکەی 'بێگومان نەوەکانم تۆڵەم دەکەنەوە' هیوای بەرخۆدانێکە کە ئەو بۆ نەوەکانی داهاتووی جێهێشتووە.
خاڵێکی تر هەیە کە لێرەدا دەبێت لە بنەڕەتەوە هێڵکاری بۆ بکرێت: وەک هەر بەرخۆدانێکی مێژوویی، سەرهەڵدان بە سەرکردایەتی شێخ سەعید، هەلومەرجی سەردەمەکەشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بەستنەوەی ئەو سەرهەڵدانە بە تێکۆشانی ئازادیی ئەمڕۆوە، نەک بە ڕۆمانسیزەکردنی بەڵکو بە خستنەڕووی وانە بنەڕەتییەکانی و دووبارە بونیادنانەوەی بەردەوامی مێژوویی بە درێژایی هێڵێکی ئازادیخوازانە و دیموکراسی، مومکینە.
من ئەم نەریتەم کردووەتە بنەما بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕێتی کوردانەی ئازاد. ئەو تێکۆشانەی کە من بەڕێوەی دەبەم ئامانجی ئەوەیە کە میراتی بەرخۆدانی واتاداری ڕابردوو لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی و فرەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی داهاتوودا کۆبکاتەوە. هێڵی شێخ سەعید کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت کە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ئەمڕۆدا یەکانگیر دەبێت.
کوردبوونێکی ئازاد بە دڵسۆزی بۆ مێژوو و کولتوور و بەها ئەخلاقی-سیاسییەکانی گەل مومکینە. پێویستە گەلەکەمان لەم بابەتەدا هۆشیار بێت و ئەو میراتە پیرۆزە بپارێزێت کە ڕێبەرە مێژووییەکان لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، بە ڕێزەوە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی بەبیر دەهێنمەوە و جارێکی دیکە بڕیارداریی خۆم بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی تێکۆشان لەسەر ڕێگای ئازادی و ڕاستی دەردەبڕم، بە هیوای کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو، سڵاو لە هەموو بەشداربووان دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمراڵی- حوزەیرانی ٢٠٢٥"